مێژووی ئیسلام
  خوێندنه‌وه‌ك بۆ بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سي
ئيمداد ته‌ها

بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سي: بزوتنه‌وه‌يه‌كي ئاينييه‌ له‌توركيا له‌سه‌ر ده‌ستي به‌ديعو زه‌مان سه‌عيدي نه‌وره‌سي دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ره‌تاكاني سه‌ده‌ى بيسته‌م دا.

ئه‌م بزتنه‌وه‌يه‌ باگگراوندێكي سۆفييانه‌ى هه‌يه‌و سه‌عيدي نه‌وره‌سي هه‌ستا به‌دروست كردني له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌وژمه‌  سيكۆلاريه‌ى ڕوي له‌توركيا كردبو, شوێن كه‌وتني ئه‌م ڕێبازي سۆفيگه‌ري و بزوتنه‌وه‌ ئاينيه‌ بۆته‌ ديارده‌يه‌كو له‌زۆر وڵاتێكي ئيسلاميدا جگه‌ له‌توركيا له‌پاكستان و كوردستان و چه‌ند وڵاتێكي عه‌ره‌بي ده‌بينرێن ونزيكه‌ى مليۆنێك  شوێن كه‌وته‌يان هه‌يه‌.

سه‌عيدي نه‌وره‌سي له‌ دامه‌زراندني ئه‌م بزوتنه‌وه‌يه‌دا هه‌وڵيدا به‌ پشت به‌ستن به‌ بانگه‌شه‌ كردن بۆ گێڕا‌نه‌وه‌ي بيروباووه‌ڕي ئيسلامي و پاڵفته‌ كردني نه‌فس , ڕه‌وتێكي ئايني دروست كردو له‌به‌رامبه‌ر كه‌ماليسته‌كاني  توركياو ته‌وژمي عه‌لمانيه‌تدا ڕاوه‌ستا, كه‌له‌ پاش ڕوخاني ده‌وڵه‌تي عوسماني توركياى ته‌ني بو.

هه‌ندێك له‌شوێن كه‌تواني بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سي,  ئه‌م ڕه‌وته‌ ئاينيه‌ به‌قوتابخاني (اليوسفية)ناوده‌به‌ن و, مه‌به‌ستيان پێي ئه‌وه‌يه‌ وه‌ك پێغه‌مبه‌ر يوسف سه‌لامي خواى لێبێت ئارام ده‌گرن له‌سه‌ر ئه‌شكه‌نجه‌و زيندان و مل بۆ تاغوتو خراپه‌كاران شۆڕ ناكه‌ن.(1)

 سه‌عيدي نه‌وره‌سي له‌بنه‌ماڵه‌يه‌كي كوردي ديندار كه‌ هێماى خواناسي و چاكه‌كاري بون له‌گوندي نه‌وره‌سي سه‌ر به‌ پارێزگاى به‌دليس له‌دايك بوه‌ له‌ساڵي (1294ك /1876ز)و هه‌ر له‌منداڵيه‌وه‌سه‌رقاڵي خوێندني زانسته‌ شه‌رعيه‌كان و قورئان و فه‌رموده‌ بوه‌, له‌شه‌وي 25ي مانگي ڕه‌مه‌زاندا و له‌ساڵي 1960ز كۆچي دواى كردوه‌و له‌شاري ئورفه‌ نێژراوه‌.

به‌ڵام له‌دواى چوارمانگ له‌ناشتني كاربه‌ده‌ستان گۆره‌كه‌يان هه‌ڵته‌كاندوه‌و لاشه‌كه‌يان بردوه‌ له‌شوێنێكي ناديار ناشتويانه‌.

نه‌وره‌سي له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئيجازه‌ى مه‌لايه‌تي وه‌رگرت بو, به‌ڵام له‌هيچ دامه‌زراوه‌يه‌كي حكومي نه‌ى خوێندبو, هيچ بڕوانامه‌يه‌كي نه‌بو(2).

 سه‌عيدي نه‌وره‌سي له‌ته‌مه‌ني لاوێتيدا سه‌رقاڵي سياسه‌ت ده‌بێت و چه‌ندين جار له‌سه‌ر ‌بيرو بۆچونه‌كاني دوچاري ئه‌شكه‌نجه‌و زيندان ده‌بێت, ئه‌مه‌ش وا ده‌كات جۆرێك له‌تێكه‌ڵي و پێكه‌ڵي و ڕيوايه‌تي جياوازو پێچه‌وانه‌ ده‌رباره‌ى سه‌رقاڵ بوني بزوتنه‌وه‌كه‌ي به‌سياسه‌ته‌وه‌ دروست ببێت.

له‌ساڵي  1892ز له‌لايه‌ن والي ماردينه‌وه‌ ده‌ستگير ده‌كرێت و بۆماوه‌يه‌ك دورده‌خرێته‌وه‌, به‌هۆي وتارێكه‌وه‌ له‌يه‌كێك له‌مزگه‌ته‌كاني ماردين پێشكه‌شي كردبو كه‌تێيدا ره‌خنه‌ى له‌ده‌وڵه‌ت گرتبو, تۆمه‌تباري كردبو به‌وه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌ت خۆي زۆر به‌كه‌مي خۆي سه‌رقاڵي كاروباره‌ ئاينيه‌كان ده‌كات(3).

سه‌عيدي نه‌وره‌سي نابێته‌ هاوكارو ئه‌ندامي كۆمه‌ڵه‌ى ئيتيحادو ته‌ره‌قي و بۆچوني وابوه‌ ئه‌و دروشمانه‌ى ئيتيحاد ته‌ره‌قي هه‌ڵيان گرتوه‌ له‌ دادپه‌روه‌ري و ئازادي, له‌جه‌وهه‌ري ئيسلامدايه‌و كۆمه‌ڵه‌ى محمدي دروست ده‌كات و هه‌مان دروشمه‌كاني كۆمه‌ڵه‌ى ئيتيحادو ته‌ره‌قي ده‌كاته‌ دروشمي كۆمه‌ڵه‌كه‌ى خۆي, وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له‌به‌راميه‌ر ئيتيحادو ته‌ره‌قيدا.

له‌جه‌نگي يه‌كه‌مي جيهانيشدا به‌شداري ده‌كات و ده‌بێته‌ فه‌رمانده‌ى ئه‌وهێزه‌ى كه‌له‌ چه‌كداره‌ خۆبه‌خشه‌كان پێكهاتبون و به‌شداري جه‌نگيان ده‌كرد و هه‌ميشه‌ كتێبو په‌يامه‌كاني بڵاو ده‌كرده‌وه‌و هاني خه‌ڵكي ده‌دا بۆ به‌ره‌نگار بونه‌وه‌و جيهاد كردن له‌گه‌ڵ داگير كه‌راندا.(4)

له‌جه‌نگي يه‌كه‌مي جيهانيدا و له‌كاتي به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ىدا له‌گه‌ڵ هێزه‌كاني ڕوسيا, سه‌عيدي نه‌وره‌سي بريندار ده‌بێت و به‌برينداري ده‌ست گير ده‌كرێت و ده‌برێت بۆ وڵاتي سربيا, به‌ڵام پاش دوو ساڵ نه‌وره‌سي ده‌توانێت هه‌ڵبێت له‌زيندان و بگه‌ڕێته‌وه‌ توركيا(5).

به‌ڵام له‌ساڵي 1923- 1925ز, گۆرانكارييه‌كي گه‌وره‌ له‌ژياني سه‌عيدي نه‌وره‌سي دێته‌ كايه‌وه‌ وقۆناغي دووه‌مي ژياني ده‌ست پێده‌كات,  ئيتر لێره‌ به‌دوا نه‌وره‌سي برياري دوركه‌تنه‌وه‌ ده‌دات له‌سيايه‌ت و بريار ده‌دات ته‌نها خۆي سه‌رقالي كارو باري ديني بكات و به‌هه‌مو شێوه‌يه‌ك پشت له‌سياسه‌ت بكاتو (( أعوذ بالله من الشيطان والسياسة )) ده‌كات دروشمي ژياني خۆي.

به‌شداري شۆرشه‌كه‌ى شێخ سه‌عيدي پيرانيش ناكات و بۆچوني وابوه‌ ئه‌و شۆڕشه‌ ده‌بێته‌ هۆي كوژران و ماڵ وێراني بۆ موسوڵمانان و ئاسايشي توركيا تێكده‌دات.

به‌لام له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شيدا له‌گه‌ڵ شێخ سه‌عيد و شۆڕشگێڕه‌ هاوزمان و نه‌ته‌كه‌ى خۆي, هێشتا ده‌وڵه‌تي ئه‌تاتورك باوه‌ڕي پێ ناكات و دوري ده‌خه‌نه‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌ى ( بارلا) و, نه‌روره‌سي لێره‌وه‌ قۆناغێكي ديكه‌ى ژياني ده‌ست پێده‌كات و بۆچونه‌كاني له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بونياد ده‌نێت كه‌ ده‌بێت به‌وه‌عز و ئامۆژگاري خه‌ڵكي و گێڕانه‌وه‌يان بۆسه‌ر ئيسلام, هه‌وڵي گۆڕني ژيانيان بده‌ين و له‌ڕێگه‌ى هێزو چه‌كه‌وه‌ ناتوانين ئامانجه‌كانمان به‌دي بهێنين.

لێره‌وه‌ ناوي سه‌عيدي نوێ له‌خۆي ده‌نێت و ده‌ست ده‌كات بونوسين و بڵاو كردنه‌وه‌ى په‌يامه‌كاني نور كه‌ له‌ 130 كتێب و ناميلكه‌ پێكهاتوه‌(6).

بيرو باوه‌ڕه‌كاني بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سي :

بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سي سيمايه‌كي سۆفيگه‌رييانه‌ى پێوه‌ديار بوه‌ و له‌زۆر ڕوه‌وه‌ له‌ ڕێچكه‌يه‌كي سۆفيگه‌ري چووه‌, به‌تايبه‌ت له‌ستايلي په‌روه‌رده‌كردني تاك و پاڵفته‌كردني نه‌فس وگۆشه‌گيري و دوونيانه‌ويستي.

عه‌قيده‌شيان عه‌قيده‌ى ماتوريدي بوه‌, كه‌ هاوكات ماتوريدي عه‌قيده‌ى ده‌وڵه‌تي عوسمانيش بوه‌, له‌ڕوي مه‌زه‌بي فيقهيشه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌زهه‌بي حه‌نه‌في بوون.

بيرو باوه‌ڕه‌كاني بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سي له‌سه‌ر بيروبۆچون و تێڕوانينه‌كاني سه‌عيدي نه‌وره‌سي دامه‌زرێنه‌ري بزوتنه‌وه‌كه‌ بونياد نراوه‌ و زنجيره‌ په‌يامه‌كاني نوريان كردۆته‌ سه‌رچاوه‌ى ژيان و ڕه‌فتارو تێڕوانينان بۆ دين و ژين.(7).

 ده‌توانين له‌ئه‌نجامي لێكۆڵينه‌وه‌و به‌دواداچون له‌ژياني سه‌عيدي نه‌وره‌سي و بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سيدا بگه‌ينه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى كه‌وا سه‌عيدي نه‌وره‌سي پياوێكي ئايني بوه‌ و هه‌وڵو كۆششه‌كاني بۆ به‌دي هێناني سه‌ركه‌وتن و پاراستني ئيسلام و موسوڵمانان بوه‌ له‌هه‌مو بارودۆخه‌ دژوار و سه‌خته‌كاندا, جا له‌هه‌ر ڕۆژگاره‌و به‌جۆره‌ تێڕوانين و ئامرازێكي جياواز.

 له‌ ڕۆژگاري پێشودا ئيسلام سه‌ربخات و موسوڵمانان له‌ته‌مبه‌ڵي و ژێر ده‌سته‌ى ڕزگار بكات, ڕۆژگارێكيش به‌ تێكه‌ڵاوي كردني سياسه‌ت و شۆڕسي چه‌كداري و رۆژگارێكي ديكه‌ش شۆڕشي سپي كردوه‌ و ويستويه‌تي له‌ڕێگه‌ى چاككردني خه‌ڵك و گۆڕانگاري كردن و چاكسازي له‌تاكه‌كاني كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات و بيانكاته‌ ئه‌و گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌يه‌ى كه‌ پێويسته‌ له‌و ئاسته‌دابن و كه‌ پشتيان پێ ببه‌سترێت بۆ هه‌نگاوه‌كاني ديكه‌.

سه‌عيدي نه‌وره‌سي و بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سي بزوتنه‌وه‌يه‌كي نيشتماني نه‌بوون, به‌ومانايه‌ي كه‌ ئامانجي ئه‌وان نيشتمان و نه‌ته‌وه‌يه‌كي دياري كراو بێت , به‌ڵكو بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سي ئامانجي سه‌رخستني ئيسلام و موسوڵمانان بوه‌ به‌هه‌مو پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جياوازه‌كانه‌وه‌ و ده‌مار گيري نه‌ته‌وايه‌تيان نه‌بوه‌.

ده‌كرێت ئه‌مه‌ش به‌خاڵێكي پرشنگدار ببينين له‌بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سيدا و به‌نمونه‌ه‌ى پياوي ئازا و ده‌ست پاكي ببينين , پياوێكي كورد كه‌ خه‌مي كورد و تورك و فارسي عه‌ره‌بي بوه‌.

سه‌عيدي نه‌وره‌سي دژي ڕۆژئاوا گه‌راي و كاريگه‌ر بون بوه‌ به‌ فه‌لسه‌و تێڕۆوانيني ڕۆژئاواى و ئه‌ورپيه‌كان بوه‌, نه‌وره‌سي پێي وابوه‌ ئه‌و كاريگه‌ر بونه‌ى موسوڵمانان له‌م ڕۆژگاره‌دا به‌فه‌لسه‌ى ڕۆژئاوا كه‌ته‌نها له‌سه‌ر عاله‌مي ماديات بونياد نراوه‌ زياني زۆر به‌موسوڵمانان ده‌گه‌يه‌نێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌وره‌سي بۆچوني وه‌هابوه‌ كه‌ ده‌بێت موسوڵمانان كه‌ڵك له‌ پێشكه‌وتني ته‌كنه‌لۆجي ئێستاى ڕۆژئاوا وه‌ربگرن و زانستيان لێوه‌ فێرببن, هوكات ده‌بێت ده‌بێت ده‌ست به‌به‌ها باڵاكانيشيانه‌وه‌ بگرن و ده‌ست له‌ئيسلام به‌رنه‌ده‌ن.(8).

هه‌رچه‌نده‌ نه‌وره‌سي سيمايه‌كي سۆفيگه‌رييانه‌ى پێوه‌ديار بوه‌, به‌ڵام ئيسلام له‌چوار چێوه‌ى سۆفيگه‌ريدا كورت نه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌لاي نه‌وره‌سييه‌وه‌ و, ئه‌و زۆر دوربين ترو ژيرانه‌تر ڕوانيويه‌تيه‌ بارودۆخي ئێستاى موسوڵمانان وبۆچوني وه‌ها بوه‌ كه‌ده‌بێت له‌پال ڕێبازب سۆفيگه‌ريدا كه‌ڵك له‌ ڕێبازه‌كاني ديكه‌ش وه‌ربگيرێن و ئه‌و خۆي وه‌ك زانايه‌كي ئايني نيشانداوه‌ كه‌ بژێره‌ى بيروباوه‌ڕه‌ ئيسلاميه‌كاني كردوه‌ و شه‌نوكه‌وي كردون نه‌ك وه‌ك شێخێكي ته‌ريقه‌تي سه‌ر به‌ ڕێبازي ته‌سه‌وف.

 له‌يه‌كێك له‌وته‌كانيدا ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ ڕۆژي ئه‌وه‌نيه‌ من سۆفيگه‌راى بكه‌م, به‌ڵكوڕۆژي پته‌و كردني ئيمانه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌وژمه‌ بێ دينيه‌ى ده‌ستي پێكردوه‌ بۆ‌سه‌ر وڵاتاني ئيسلامي له‌لايه‌ن شيوعي و سه‌هيۆني و وڵاتاني داگيركه‌ره‌وه‌, بيرو باوه‌ڕه‌كاني ڕێبازي سۆفيگه‌ريش ناوانێت خۆي ڕابگرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موه‌ گومانه‌ى دروست ده‌كرێت ده‌رباره‌ى بيرو باوه‌ڕي ئيسلامي, ڕێبازي سۆفيگه‌ري له‌سه‌لماندي بيروباوه‌ڕي ئيسلاميدا و له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ى گومانه‌كاني سه‌ر عه‌قيده‌ى ئيسلاميدا پشت به‌به‌ڵگه‌ عه‌قڵي و مه‌نتيقيه‌كان نابه‌ست, كه‌ ڕه‌وته‌ فه‌لسه‌فيه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كارده‌كه‌ن.(9).

خه‌مخۆري سه‌عيدي نه‌وره‌سي بۆ سه‌رخستني ئيسلام و شێوازي تێڕوانيني نه‌وره‌سي بۆ ڕيفۆرمو چاكسازي ئايني له‌يه‌كێك له ‌وتاره‌كانيدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پێشكه‌شي كردوه‌, تێيدا باسي له‌ هۆكاري پێشكه‌وتني ئه‌وروپاو دواكه‌وتني موسوڵمانان ده‌كات و له‌م چه‌ند خاڵه‌دا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت:

- ئه‌و بێ هيواييه‌ زۆره‌ى موسوڵمانان.

- بڵاو بونه‌وه‌ى ناكۆكي و دوبه‌ره‌كي نێوان موسوڵمانان.\

- نه‌بوني هاوسۆزي و نه‌بوني گياني برايه‌تي له‌نێوان موسوڵمانان.

- پێشخستني به‌رژوه‌نديه‌ تايبه‌ته‌كان به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌نديه‌ گشتيه‌كاندا.

به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سي به‌هۆي خێرا گۆڕيني بيروبۆچونه‌كاني نه‌وره‌سييه‌وه‌ تێكه‌ڵو پێگه‌ڵييه‌كي زۆر هه‌يه‌ له‌بيروبۆچونه‌كانياندا و ئه‌مه‌ش واى كردوه‌ توێژه‌ران و لێكۆڵه‌راني ئه‌م بزوتنه‌وه‌يه‌ بۆچوني جۆراو جۆريان بۆدروست ببێت ده‌رباره‌يان.

هه‌ندێك به‌ ڕێبازێكي سۆفيگه‌ري و هه‌ندێك به‌بزتنه‌وه‌يه‌كي ئايني خاوه‌ن بانگگراوه‌ندێكي سياسي و هه‌ندێكي ديكه‌ به‌ بزوتنه‌وه‌يه‌كي نوێ گه‌راو ڕيفۆرم خوازي ئايني تێده‌گه‌ن .

بۆچونه‌جياوازاه‌كاني سه‌عيدي نه‌وره‌سي ده‌رباره‌ى سه‌رقاڵ بون به‌سياسه‌ته‌وه‌, كه‌ له‌سه‌ره‌تادا خۆي پياوێكي تێكه‌ڵاو به‌سياسه‌ت بوه‌و دواتريش په‌نا به‌خوا ده‌گرێت له‌ سياسه‌ت..!, وا ده‌كات شوێن كه‌وتواني و خاوه‌ن په‌يامه‌كاني نووريش له‌م ڕۆژگاره‌دا بۆچوني جياوازيان ده‌رباره‌ى سه‌رقاڵ بون به‌سياسه‌ته‌وه‌ هه‌بێت.

هۆشداريه‌كاني نه‌وره‌سي بۆ شوێن كه‌وتواني تاوه‌كو شوێن سياسه‌ت نه‌كه‌ون شوێنه‌وارێكي خراپي به‌سه‌ر شوێن كه‌وتوانيه‌وه‌ جێ هێشت و واى كرد كه‌ هه‌ندێكيان ته‌نها له‌ڕوه‌ په‌روه‌رده‌ي و به‌ندايه‌تيه‌كه‌وه‌ له‌بزوتنه‌وه‌كه‌ كه‌ڵك وه‌ربگرن و تێڕوانينيشان بۆ ئيسلام هه‌رئه‌وه‌نده‌ بێت و, بۆ سياسه‌ت كردن ڕو له‌ حيزبه‌ عه‌لماني و چه‌په‌كان بكه‌ن.

كه‌ ده‌توانين بڵێين له‌م ڕۆژگاره‌ى خۆشماندا دوره‌ په‌رێزيه‌كاني چه‌ند ڕه‌وتێكي ئايني له‌ جيهاني ئيسلاميدا له‌سياسه‌ت و ده‌ركردني فه‌تواى بێ شومار بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌سياسه‌ت و به‌خشيني وێنايه‌كي ناشرين و دزێو له‌لايه‌ن شێخي ئه‌و ڕه‌وته‌ ئاينيانه‌وه‌ بۆ ئه‌و موسولمانانه‌ى سياسه‌ت ده‌كه‌ن, واى كردوه‌ شوێن كه‌وتواني ئه‌و ره‌وته‌ ئاينيانه‌ش هه‌مان بارودۆخي شوێن كه‌وتواني نه‌وره‌سيان به‌سه‌رهات.

به‌شێك له‌ شوێن كه‌وتواني بزوتنه‌وه‌ى نه‌وره‌سي هاوكاري حيزبي (دادو گه‌شه‌پێدان)ده‌كه‌ن و هه‌ندێكي تريشان هاوكاري ڕه‌وتي ئايني ( سلێمانيه‌كان)ن , كه‌له‌ساڵاني شه‌سته‌كان دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستي سه‌يفه‌دين سلێمان و ڕه‌وته‌ ئاينيه‌كه‌ش به‌ناوي ئه‌وه‌وه‌ ناونراوه‌.

سلێمانيه‌كان ئامانجيان دروست كردني ده‌وڵه‌تێكي ئيسلاميه‌ له‌توركيا.

به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجو هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر كردنه‌ به‌ پيرۆز زانيني ئه‌و بزوتنه‌وه‌يه‌و به‌ بێ هه‌ڵو كه‌مو كورتي زانيني په‌يامه‌كاني نوره‌ له‌لايه‌ن هه‌ندێك له‌ شوێنكه‌وتواني بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌, به‌جۆرێك كه‌ بانگه‌شه‌ى كورت هه‌ڵهێنان ته‌نها له‌سه‌ر قورئان و په‌يامه‌كاني نور ده‌كه‌ن و به‌شێوه‌يه‌كي ئاشكرا زێده‌ رۆي له‌حه‌قي په‌يامه‌كاني نورو سه‌عيدي نه‌وره‌سيدا ده‌كه‌ن.

بۆچوني ڕه‌خنه‌ئامێزيش زۆرن له‌سه‌ر ئه‌م بزوتنه‌وه‌يه‌و, له‌لايه‌ن ره‌وته‌ ئيسلاميه‌كاني ديكه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌بيرو باوه‌ري نه‌وره‌سيه‌كان ده‌گيرێت و عه‌قيده‌ى ماتوريدي نه‌وره‌سيه‌كان به‌بيرو باوه‌ڕێكي بيدعي و دور له‌ بيرو باوه‌ڕي ئه‌هلي سوننه‌و جه‌ماعه‌و سه‌له‌ف هه‌ژمار ده‌كرێت.

به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا پێويسته‌ ئێمه‌ ره‌چاوي بارودۆخي سه‌رهه‌لدان و گه‌شه‌كردن و قۆناغه‌كان بكه‌ين كه‌ نه‌وره‌سي پێدا تێپه‌ريوه‌و, هه‌وڵو كۆششه‌كاني له‌به‌رچاو بگرين, كه‌ خه‌م و ئامانجي سه‌ره‌كي نه‌وره‌سي يه‌كخستني ماڵي موسوڵمانان و وه‌ستان بوه‌ له‌به‌رده‌م ته‌وژمي بێ باوه‌ڕي و پيلان گێڕي دژبه‌ئيسلام و نه‌هێشتني شوناس و سه‌روه‌ري موسوڵانان.

نه‌وره‌سي ئاماده‌ بوه‌ به‌هه‌مو شێوازێك به‌رگري له‌ئيسلام بكات و هه‌زار جار گياني خۆي فيدا بكات بۆ موسوڵمانان.

سه‌رچاوه‌كان

1-  الموسوعة الميسرة في الأديان والمذاهب والأحزاب المعاصرة- إشراف: د. مانع الجهني- دار الندوة: (1/324).

2-  هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشو, : (1/324)

3-    الحركة النورسيةفي تركيا المعاصره‌, د.خليل إبراهيم, مجلة علوم إنسانية العدد 32.

4-   (( بديع الزمان والحركة النورسية )) ،طالب ألب,  مكتب التربية العربي لدول الخليج ،  الرياض ، ص 407 – 422

5-  النورسي الرائد الإسلامي الكبير, محسن عبدالحميد, بغداد 1987, ص 12

6-   (( بديع الزمان والحركة النورسية )), ص 414

7-  بڕوانه‌:  (المهدية، النورسية)، مجلة الراصد , العدد السابع عشر، ذو القعدة 1425هـ.

8-  النورسي الرائد الإسلامي الكبير ، ص ص 71-73.

9-  (( بديع الزمان والحركة النورسية )) ، ص ص 417-418

به‌روار: 10/04/2016
بینین: 478