توێژینه‌وه‌
  بەڵگە فەلسەفیەکانی بوونی خوا
محمد عبدلعزیز
سێیەم: بەڵگەی ڕەوشت Morality argument

یەکێک لە بەڵگەکانی بوونی خودا، بریتییە لە بوونی بەھا ڕەوشتییەکان، ئەم بەڵگەیە پێمان دەڵێت: بەھای ڕەوشتی بوونی ھەیە، باش و خراپ بوونێکی سەربەخۆن و داھێنانراوی مرۆڤ نیین.
ھەموومان لێکی جیا دەکەینەوە دەیناسینەوە، بۆیە ڕەوشت بەھایەکی ھەیە و سەرچاوەیەکی بۆ داندراوە کە خراپ و باشمان بۆ جیا دەکاتەوە.
بۆنموونە؛ دزی کردن ھەموومان دەزانین کارێکی خراپ و ھەڵەیە، تەنانەت ئەگەر لە دەوڵەمەندێک یان لە نەبوونیشا بیکەیت ھەر بە ھەڵە ھەژمار دەکرێت و کەس نییە بڵێ دزی کارێکی ڕاستە، ھەروەھا کوشتنی مرۆڤ ئەویش بەھەمان شێوە ھەڵەیە و بە ھەموو پێوەرێک، ھیچ کەسێک نییە بڵێت: مرۆڤ کوشتن کارێکی ڕاستە، تەنانەت ھەموو مرۆڤایەتی بڵێن: کوشتن تاوان نییە، کاتێک ڕەوشت بەھای ھەبوو کەوابێ کوشتن ھەر تاوانە. 

ئێستا پرسیار ئەوەیە چی پێوەرێک دیاریدەکات مرۆڤ کوشتن و دزی ھەڵەبێت و کارێکی بێ ڕەوشتی بێت؟

ئەگەر ئەم ڕەوشتە تەنھا کلتورێک بێت و بەھایەکی بنچینەیی نەبێت، ئەوا ھیچ پێوەرێک نییە بۆ ڕاست و ھەڵە [ئەوەی ئێمە بەلامانەوە ڕاستە لە شوێنێکی تر و لای کەسێکی تر لەوانەیە ھەڵە بێت و بەپێچەوانەوە دەکرێ شتێک لێرە ھەڵە بێت لە شوێنێکی تر ڕاست بێ].
واتە؛ کلتور و بیروڕاکانی ئێمە بڕیار دەدات چی باشە و چی خراپە، بەمەش ئێمە بۆ کلتوری ناوچەیەکی تر نابێتن بەپێوەر و ناتوانین ڕاست و ھەڵەیان دیاری بکەین و کەس ڕاستتر نابێت لە کەس.

بۆنموونە؛ لە ھیندستان، ھەندێک ناوچە ھەبوون کاتێک پیاوێک بمردایە ئەوا دەبووا خێزانەکەشی لەگەڵ بنێژرێت، بەزیندووی، کە ئەگەر ڕەوشت کلتور بڕیاری لەسەر بدات ئەوکات کەس ناتوانێ بەمە بڵێت ھەڵە، یان سوکڕات چونکە خوداکانی ئەو سەردەمی خۆی ڕەت کردەوە، بۆیە ژەھر خوارد کرا، کێ ھەیە بڵێت ئەمە کارێکی ئاسایی و ڕاستە؟ 

ھەروەھا مرۆڤانێک ھەن کە گروپی مافیا یان تیرۆرستین و خەڵک دەکوژن، بەتێگەشتنی خۆیان ھەڵەنین و خەڵک ھەڵەیە، چی وا دەکات کارەکانیان ھەڵەبێت، ئەگەر ڕەوشت بەھای نەبێ و سەرچاوەیەکی نەبێ کە باش و خراپ دیاریبکات؟ 

ھەموومان دەزانین و دڵنیاین لە ھەڵەبوونی کوشتنی مرۆڤ، کەس نییە بڵێت کوشتن کارێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر ڕەوشت بەھایەکی بنچینەیی و سەرچاوەیەکی نەگۆڕی نەبێت، ئەوكات ئەو کوشتنەی کە کۆمەڵێک لەگەڵی دان و ئەنجامی دەدەن و بە ڕاستی دابنێن نابێت بە کارێکی ھەڵە و پێوەرێک نییە پێمان بڵێت کە ئەوان ھەڵەن.

بەڵام چونکە ڕەوشت (کاری باش و خراپ) بەھایەکی ھەیە و نەگۆڕە، بۆیە کوشتن ئەگەر کەسیش بەھەڵەی نەزانێ ھەر کارێکی ھەڵەیە، چونکە بەھایەکی ڕەوشتی بوونی ھەیە کە کوشتنی بە خراپ داناوە لە بنەڕەتەوە و چاک و خراپمان بۆ دەپێوێت، ئەم بەھایەش پێویستە سەرچاوەیەکی ھەبێت کە سیفەتە باش و جوانەکانی لێوە سەرچاوە بگرێت، ئەم بەھایانەش ناکرێت کلتور بێت، چونکە بەپێی کات دەگۆڕێت، ھیچ کلتورێکیش نابێ بە بەڵگە بەسەر کلتورێکی ترەوە، ناشکرێت عەقڵ و بیرۆکەکانی خۆمان بێت، چونکە بیرکردنەوە و تێڕوانینی کەس لەیەکتر ناچێ ئەگەر یاسایەک نەبێ کۆمان بکاتەوە. 

بەڵکو بەھاکان چەسپاون و ھەڵقوڵاوی سیفەتی خودایین [بۆیە خودا فرمانی پێدەکات چی باشە و چی خراپە و تەنھا ئەو دەبێتە پێوەری ڕەوشت]، چونکە باشە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەو: (دادوەرە، بەبەزەییە، باشە) و ھەموو سیفاتێکی جوانی لێوە سەرچاوە دەگرێت) نەک عەقڵ و کلتور پێوەری ڕەوشت بێت، کە دەکرێت ھەر کەسێک و بە شێوەیەک بێت و بەڵگەیەکی تایبەت بخاتە ڕوو لەسەر ئەم بابەتانە.

بەھەمان شێوە ئەگەر لێپرسینەوە و ڕۆژی دوایی بوونی نەبێ، دیسان باش و خراپی ئێمە ھیچ جیاوازی نابێ، ھەموومان بەیەکسانی دەمرین و کارە باش و خراپەکانمان ھیچ بەھایەکیان نابێ [کە ئەوکات جیاوازی مرۆڤ دۆستێک نییە لەگەڵ بکوژێک] بۆیە تاوەکو بەھا ڕەوشتیەکان بوونیان ھەبێ و باش و خراپ بوونی ھەبێ، پێویستە خودا بوونی ھەبێ، بەھەمان شێوە ڕۆژی دواییش دەبێ ھەبێ.
بۆیە کە بەھا ڕەوشتییەکان بوونیان ھەیە خوداش بوونی ھەبێ. 

[ئەمە مانای وا نییە بێباوەڕ ڕەوشتی نییە، مانای واش نییە کە تەنھا باوەڕدار بەڕەوشتە، یان مانای وابێ بۆئەوەی بە ڕەوشت بیت پێویستە باوەڕدار بێت] نەخێر بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە: بوونی ڕەوشت، مانای بوونی خودا دەدات، بەبێ خودا باش و خراپ ھیچ واتایەکی بۆ نامێنێتەوە و ھەمووی بێبەھایە، بۆیە دەکرێت (بەبێ بڕوابوون بەخودا) بەڕەوشت بین، بەڵام (بەبێ بوونی خودا) ناکرێت بەڕەوشت بین و ڕەوشت ھیچ مانا و بەھایەکی نییە، واتە؛ ئەگەر خودا بوونی نەبێ، ئەوکاتە ڕەوشتیش بوونی نییە، بەڵام ڕەوشت بوونی ھەیە کەواتە خوداش بوونی ھەیە. 

بەم جۆرە دەگەین بەوەی کە باشرین وەڵام بۆ ھەبوونی بەھا ڕەوشتییکان بریتییە لە بوونی خودایەک.
دەتوانین بابەتەکە کورت بکەینەوە لەم سێ خاڵەدا:-

1- بەھا ڕەوشتیەکان بوونیان ھەیە.
2- خودا باشترین وەڵامە بۆ ھەبوونی بەھا ڕەوشتیەکان.
3- کەوایە خودا بوونی ھەیە.

-------------------------------------
تێبینی: ئەم بەڵگەیە، ھەر کەسێک ڕەتی بکاتەوە، دەبێ بیسەلمێنێت کە بەھای ئەخلاقی بوونی نییە؟
یانیش دەبێت بیسەلمێنی ھۆکاری تر و ڕوونکردنەوەی باشتر بوونیان ھەیە بۆ ھەبوونی بەھا ئەخلاقییەکان.
ئەگەر سەلمێندرا بەھاکان بوونیان نییە، مانای وایە مرۆڤ و ئاژەڵ ھیج جیاوازییەکی نییە و شتێک بوونی نییە بەناوی باش و خراپ و دادگەری و تاوان، ئەوکاتە ھەرکەسێک پێی وایە ئیسلام ئاینێکە ھەڵەی تیایە و لەمێژوودا تاوانی ئەنجام داوە، ئەوە چیتر بۆی نییە ڕەخنە بگرێ و بڵێ ئیسلام ھەڵەی ھەیە، ھەروەھا ناشبێ بڵێ بۆیە بڕوام بە خودا نییە، لەبەر ئەوەی خراپە بوونی ھەیە و چۆن دەبێ خودا خراپەی دانابێ؟
چونکە کە دەڵێ خراپە بوونی ھەیە، کە دەڵێ تاوان بوونی ھەیە مانای وایە؛ دانی ناوە بەبوونی بەھای ئاخلاقی و بەھای ئەخڵاقیش مانای بوونی باشە دەدات و باش و خراپیش تەنھا خودا سەرچاوەکەیەتی، بۆیە وتنی خراپە بوونی ھەیە، مانای وایە خوداش بوونی ھەیە.
به‌روار: 30/06/2019
بینین: 972
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت