توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی
هامنۆ هەورامی
بەشی سیازدەهەم:

توێژینەوەکان:

دەبێت ئەوەش لە بیر نەکەم کە بەڕێزیان لەسەر دوو کەسایەتی هەستەوەرییەکی فرەیان پێوە دیارە، چونکە هەردووکیان گەلێك بە جوانی ڕوونکردنەوەیان لەسەر لایەنە جوداکانی ئەم بابەتە داوە، ئەوانیش بریتیین لە بەرێزان (کمال السید و رفیق وفا الدجاني)، کەمال السید بە لێکۆڵینەوەکەی الدجانیش بە توێژینەوە شوێنەوارییەکەی.
بێگومان الدجاني توێژینەوەکەی هێندە ورد بووە کە کەسانێکی وەکو (Charles Clermont – Ganneau) چارلز کلێرمۆن گانۆ (١٨٤٦ – ١٩٢٣) لە سثردانکردنی بۆ شوێنەکە بۆی دەرکەوتووە کە ئەمە هەمان ئەو شوێنەیە کە قورئانی پیرۆز باسی لێوە کردووە.
هەروەها ((Hugh Winder Nibley هیو ویندەر نیبلی (١٩١٠ – ٢٠٠٥) ئەمیش هەر هەمان ڕای بە دروست زانیوە.

دەی خۆ ئەمان پێشتر ئەمەیان بە ڕاست داناوە و هیچ بەرژەوەندییەکیشیان تێیدا نییە گەر بە ڕاستی دابنێن یاخود نا، ئیدی بۆچی دێن باسی دەکەن؟
سەیرەکە ئەوەیە کە ڕەخنەگرەکەمان دەچێت تانە لە گوتە و لێکۆڵینەوەکەی الدجاني دەگرێت، تاکە ڕەخنەش کە توانیویەتی لەو دوو کەسەی دیکەی بگرێت، لە نیبلی گرتووە و بە ناڕاستەوخۆ بەوە تاوانباری کردووە کە مۆرمۆنییە و لایەنگری ئایینی هەیە لە بابەتەکاندا، بەڵام من دەپرسم مۆرمۆنییەك چ کارێکی بەوەیە کە بێت پەردەپۆش بۆ موسڵمان بکات؟
بۆچی پشتگیری ئایینی مەسیحی ناکات کە ئەو مەزهەبێکی مەسیحییە؟
بۆچی لە بری ئەوەی پشتگیری لە مەسیحییەکان بکات بڕوای موسڵمانەکان پشتڕاست دەکاتەوە؟
بێگومان ڕاستی لەوەی دڵنیا کردووەتەوە نەك لایەنگری، بۆ زانیاریشتان بەو مەرجەی کە شارەزای زمانە دێرینەکانی (قیبتی و عیبری و گریکی و لاتینی)ـش بووە!

سەبارەت بە الدجاني ڕوونە کە لە ساڵی (١٩٦٣) کارەکەی بە ئەنجام گەیاند، کارێکی مەزنی دەست داوەتێ بۆیە هەم شوێنەوار هەم ئەوقاف پێکەوە لەگەڵیدا بوون، بێگومانبن گەر پاشا و حکومەت بیانزانیبواتە وەزارەت ئەوقاف نیازێکی خراپی هەیە ڕێگەیان نەدەدایە بەردەوام بێت لەگەڵیاندا، ئیدی ئەمەش بیانوو نییە بۆ شکاندنی لێکۆڵینەوە بە پێزەکەی.
پاشان دواتر بانگەشەی ئەوە دەکات ئوردونییەکان بۆیان گرنگ نییە ئەگەر شوێنەکە خۆی بێت یاخود نا، بەڵکو گرنگ ئەوەیە سوودی گەشتیاری لێ وەربگرن!
کە ئەمەش خۆی گومانێکی سادەیە!
چونکە وڵاتی ئوردون خۆی هەر وڵاتێکی گەشتیاری و ئاسودەیە، هەروەها ناوچە گەلێکی گرنگی شوێنەواری دیکەش لەم وڵاتە هەن لە پاشماوەی دیکاپۆلیس و ڕۆمانییەکان و نەبەتییەکان و ...هتد.
بۆیە من گومان لەوە نییە کە الدجاني فێڵی کردبێت لە لێکۆڵینەوەکەیدا.

به‌روار: 14/10/2020
بینین: 923
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت