توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی:
هامنۆ هورامی


بەشی یازدەیەم:

ڕەقیم چییە؟

ئەم شوێنەی کە زۆرترین گومانی بۆ دەچێت بریتییە لە شاری فیلادلفیا کە ئەمڕۆی عەممانی پێتەختی شانشینی ئوردونی هاشمی دەگرێتەوە، ڕەخنەکەی ئەو بەڕێزانە زیاتر دەربارەی ئەوە بووە کە بە وێناکردنی دراماکە لە ڕاستی ڕووداوەكەش بڕوانێت، واتە ئیللا خودی ئیمپڕاتۆر هاتبێتە شارەکەوە ئەوجا دەبێت مەبەستی لەو شارە بێت، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەودەم ئیمپڕاتۆری ڕۆمی فەرمانڕەوای تایبەتی هەبووە بۆ هەر ناوچەیەك، هەروەکو چۆن هیرۆدۆسی مەزن و هیرۆدۆسی ئەنتیباس و هیرۆدۆس ئەغریبای یەکەم فەنڕەوایی ناوچە جوداکانی فەڵەستین بوون بە فەرمانڕەوایی ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی، هەر بۆیە پێویست ناکات ئیمپڕاتۆر بە ناوچەکەدا تێپەڕیبێت ئەوجا ئیمە بڵێین ئەو شارەیە، نەخێر!
ئازاردانی باوەڕداران فەرمانڕەواکانی ئیمپڕاتۆرییەت پێی هەڵساون، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ فەرمانی خودی ئیمپڕاتۆری کە بە یاسا دیاری کراوە.

پاشان گریمان فیلادەلفیا نەبوو گەدەرین بوو، چی لە بابەتەکە گۆڕا؟
هەر ئوردون نییە؟
هەر دیکاپۆلیس نییە؟
هەر شوێنێکی گرینگی یەهودی و مەسیحی نییە؟
هەر ئوردون نییە؟
هەر ناوچەی ڕۆمانی نییە؟

بێگومان هیچ لە ڕاستییەکە ناگۆڕێت و گشتی ئەو ناوچەیە پەیوەست بوون بە یەکەوە بە دانپێدانانی گشت سەرچاوەکان.
بەڵام ئەوە هەیە فیلادەلفیا لە گشت ڕووەکانەوە نزیکترە لەگەڵ بارودۆخەکەدا، بە تایبەت ئەو ئەشکەوتەی کە دڵنیامان دەکاتەوە لەوەی هەمان ئەو ئەشکەوتە بێت کە ئەم کۆمەڵە گەنجەی تێدا ماوەتەوە، ئەویش ئەشکەوتی (الرقیب – الرقیم)ـە و دەکەوێتە سی (٣٠) کیلۆمەتر لە دووری عەممان (فیلادەلفیا)، ئەمەش هەر لە دیکاپۆلیسە واتە دە شارەکە و لە سنوورەکە ناچێتە دەرەوە.

هەتاوەکو ڕادەیەکی دیار و ئاشکرا هەوڵی ئەوە دراوە کە واتای ئەم نێوە بەرەو شاراوەیی و سەرلێتێکدەری ببات و وەهای وێنا کردووە کە لەلای عەرەب نەزاندراو بووبیت، تەنانەت هێندە دووریان خستووەتەوە کە وەهایان لێکداوەتەوە کە ئەم نێوە ببەنەوە سەر فەرمانڕەوا (دەکیوس)، کە گوایا وشەکەیان بە خێرایی و سەقەتی وەرگێڕاوە و پیتەکانیان لێ تێکچووە لە کاتێکدا کە بەراوردی نزیکی پیتەکانی (د – ر) هەروەها (س – م) دەکات لە عەرەبی و سوریانی و عیبریدا!
لە کاتێکدا پێمان ناڵێن بۆچی ئەمانە بە هاوەڵان و یارانی دەکیوس لێکبدرێنەوە لە کاتێکدا هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکدییەوە نییە!
پاشان پێمان ناڵێن محمد (ﷺ) لە مەککەدا لە ماوەی پازدە ڕۆژدا چۆن توانی بەدواداگەڕانێکی بەپێزی شوێنەواری دەکات و چۆن دەستی گەیشتووەتە تێکست و زمانی سوریانی و عیبری و گریکی و چۆن توانیوییەتی ئەم بیرۆکە لە یەهودییەکان و مەسیحییەکان وەربگرێت!

پاشان بە قسەی ئەو بەڕێزە بێت دەبوایە خودی وشەکە وەك خۆی وەرگێڕانی بۆ بکرایە نەك بەو جۆرە لێیان تێك بچێت، چونکە هەرکەسێك تەنها (ئەلیف بێت -אָלֶף בֵּית‬)ـی عیبری شارەزا ببێت دەزانێت جیاوازی بکات لە نێوان پیتەکانی (ד – דָּלֶ – دەللت – دال و ר – רֵישׁ – ڕێش – راء) لەگەڵ (ס – סָמֶךְ –
سەمێخ – سین و מ, ם – מֵם – میم – میم).

چونکە ئەلیف بێتی عیبری یەکێکە لە ئاسانترین زمانەکان و پێکهاتووی ٢٢ پیتە و هەرکەسێکیش کەمێك لە پیتەکانی بخوێنێتەوە فرە بە ئاسانی دەتوانێت شارەزای ببێت، بەتایبەت بۆ کەسێکی عەرەبی زمان، کە فرە نزیکن لە عەرەبییەوە و هەردووکیان لە پۆلێنی زمانی سامین، ئیدی لێرەدا دووباری هەڵەیەکی زەق دەبێتەوە، چونکە گەر بە گوتەی ئەو بەڕێزە بێت، یاخود دەبێت نەیانتوانیبێت نێوەکە بخویننەوە، یاخود کە بشیخوێننەوە وەك خۆی بیخوێننەوە نەك وەکو ئەو هەڵە زەقەی کە ئەو بەڕێزە کردوویەتی!
سەیرەکە لەوەدایە بەڕێزیان ڕێ دەگرێت لە گشت بۆچوون و لێکدانەوەیەکمان، کەچی خۆیشیان بچووکترین لێکچوون دەکەنە بەڵگە بۆ شێواندنی وشەیەك!

کەواتە بۆچوونەکانی ئەوان هەڵەی زەقی تێدایە، دەی کەوایە با لێرەدا بپرسین کە بە ڕاستی ڕەقیم واتای چییە؟
وە ئایا ڕاستە کە تەنانەت عەرەبیش ئاگاداری ئەم وشەیە نەبوونە و نەیانزانیوە واتای چییە؟

بێگومان وشەی (الرقیم) لە ڕووە زمانەوانییەکەوە زاندراوە و بەکارێندراویش بووە لە زمانی عەرەبیدا، کە واتای نووسین و شتێك دێت کە لەسەری نووسرابێت، یاخود نووسین لەسەر پێستە و تاتە.
هەروەها واتای نیشانە دەگەیەنێت، واتا دیاری کردنی شتێك، کە ئەمەش دووبارە پەیوەست کراوەتەوە بە نووسین.
بە کورتی (الرقیم) پەیوەستە بە نووسین و نیشانە کردنەوە، بۆ نموونە پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت:
{ كِتَابٌ مَّرْقُومٌ ﴿۹﴾} المطففين.
نامه‌یه‌کی (دیاری و ئاشکرایه‌ هه‌ر به‌ ڕواڵه‌تیدا دیاره‌ که‌ خێری تیا نیه‌)، مۆر کراوو لۆك کراویشه‌.

کاتێکیش دەگەڕێینەوە بۆ ئایەتەکە { أَمْ حَسِبْتَ أَنَّ أَصْحَابَ الْكَهْفِ وَالرَّقِيمِ كَانُوا مِنْ آيَاتِنَا عَجَبًا ﴿۹﴾}، لێرەدا پێویستمان بە شیکردنەوەی دەبێت هەتاوەکو تێبکەین ئەرك و ڕۆڵی (الرقیم) لەوێدا چییە؟

أَمْ: عاطفەی منقطعە و واتا (بل) یاخود بەڵکو یاخود بەڵام دەگەیەنێت (أم هنا فهي بمعنى بل).
حَسِبْ: کرداری ڕابردووە و مەبنی کراوە بۆ سەر سکون.
تَ: بکەرە، ضمیرە، مەبنیشە لەسەر فەتحە.
هەروەها پێکەوە واتای گومانبردن دەگەیەنێت (و (حسبت) بمعنى ظننت).
أَنَّ: پیتی توکید و تنصیبە.
وە ئەو نێوەی بە دوایدا دێت هەم لە کردار و هەم لە نێوە، نێوەکەی دەکاتە منصوب، کردارەکەیشی دەکاتە مرفوع.
أَصْحَابَ: نێوی (أَنَّ)ـیە و منصوبە بە فەتحە.
الْكَهْفِ: مضاف الیه، مجرورە بە کەسرە.
وَ: پیتی عطفە.
الرَّقِيمِ: معطوف مجرورە.

کەواتە شیکردنەوە و ئیعرابی الرقیم بە الکهف کراوە نەوەك بە اصحاب، ئەگەر بگەڕایاتەوە بۆ سەر اصحاب و وەك کۆمەڵێکی جودا نێوی (الرقیم)ـیش ببردرایە دەوایە ئەودەم منصوب بوایە و بنووسرایە، واتە لە بری ئەوەی کەسرەی لە ژیر بوایە فەتحەی لەسەر دەبوو، بەڵام لێرەدا عەتف کراوەتەوە سەر کەهف نەك اصحاب!

کەواتە بەم پێیە بێت تێدەگەین کە (الرقیم) جیاوازی لەگەڵ یارانی ئەشکەوتدا بە سیفاتەکەیەتی کە نووسراوە، واتە جنسی جیاوازە لەگەڵیان.
کەواتە ئەمە هەمان ئەو واتایە دەگەیەنێت کە بەڵێ لەسەر شتێك ئیدی دەگوترێت بەردێکی تاتە بووە، یاخود شتێکی لەو جۆرە نێوی ئەم هاوەڵانە نووسراوە لەگەڵ باسەکەیاندا.
هەرچەندە کەسانێکی دیکە لە ڕاڤەکاران قسەیان لەسەر کردووە، بەڵام ئەم دەربڕیە لەگەڵ زمانی عەرەبی و بنەڕەتی شیکردنەوە و سیاقی ئایاتەکەش گونجاوترە و زۆرینەی زانایان لەم بارەیەوە دواون دەربارەی

ئەم ڕایەش نزیکە لەوەوەی کە هەندێک فەرموویانە نێوی ئەو گوند و ناوچەیەشە کە ئەشکەوتەکەی لێیە، ئێمەیش دەزانین ئەو گوندەی ئەم ئەشکەوتەی لێوە نزیکە نێوی گوندی (الرجیب)ـە، وەك ڕوونە لە فرە ناوچەی عەرەبیدا بەتایبەت میسڕ و شام، کە وشەکانی (ق، ج) بە (گ) دەربڕین دەکەن، هەروەها هەردوو پیتی (ب، م) لە زماندا مەخرەج و دەرچوونیان لە یەکەوە نزیکە، ئەویش بریتییە لە لێکدانەوەی هەردوو بەشی لێو لە یەکدی، لێرەشددا کرمێك توندی و غوننە و مینگە لەگەڵ هەردووکیاندا دێتە کایەوە، تەنانەت هەرکەس تەجوید و جوانخوێندنی قورئانی خویندبێت، دەزانێت کە کاتێك لە یاساکانی نونی سکوندار و تەنوین (احکام النون الساکنة والتنوین)ـدا لە لقی وەرگەڕان (القلب)ـدا هەرکات لە پاش نوونی سکوندار یاخود تەنوین پیتی (ب) هات جا لە یەك وشەدا بوو یاخود لە دوانەوە، نوونە سکوندارەکە یاخود تەنوینەکە دەکرێت بە پیپێکی شاراوە لەگەڵ مینگەدا.

دەی ئەوە شتێکی نکوڵی لێ نەکراوە کە بە بێگومان بنەڕەتی نێوی گوندەکەش (الرقیم) بووە، پاشان بە پێی گۆڕانکارییە سەردەمییەکان بووەتە (الرجیب)، ئەم گۆڕانکارییە سەردەمیانەش لە فرە ناوچەی کوردستان و گێتیشدا ڕوو دەدەن، بۆ نموونە هەولێر (ئەربائیلۆ – ئەربێل) بووە ئەوجا شێوەی هەولێری وەرگرتووە، یاخود هەورامان لە (ئورومون)ـەوە هاتووە، یاخود (ئەلباتان – هەنگمادان – هەمەدان)، ئەمنە شتێکی ئاسایین و هەرکەس شارەزای مێژوویی و سێوازە دەربڕینەکانی هەبێت نایکاتە کێشە، کەواتە بە بێ گومانییەوە دەڵیین، هەم نێوەکەیش هەم ئایەتە قورئانییەکەش پشتڕاست کردنەوەی ئەم لایەنە مێژووییەن.
به‌روار: 11/10/2020
بینین: 82
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت