توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی:
هامنۆ هەورامی
بەشی دەیەم:

ئەم ناوچەیە نەك لەو سەردەمەدا، بگرە لە زۆر پێشتریشدا خاوەنی گرنگی خۆی بووە، لێرەشدا چەند نموونەیەك باس دەکەین بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەران:

وەسف کردنی بە بەهەشتی خوا:
لە سفری پێکهاتن (التکوین): ئیسحاحی ١٣: بڕگەی ١٠ – ١١ دەڵێت:
"ئینجا ئەبرام (ئیبراهیم) بە ڵوت (لوط)ـی فەرموو:
«با هیچ ناكۆكییه‌ك له ‌نێوان من و تۆ و له ‌نێوان شوانه‌كانم و شوانه‌كانی تۆ نه‌بێت، چونكه‌ ئێمه‌ مام و برازاین, ئه‌وه‌ نییه‌ گشت خاكه‌كه‌ له‌به‌رده‌مته‌؟
كه‌واته‌ له‌ من جودا ببه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌لای چه‌پدا بڕۆیت، من به‌لای ڕاستدا ده‌ڕۆم، وە ئه‌گه‌ر به‌لای ڕاستدا بڕۆیت، من به‌لای چه‌پدا ده‌ڕۆم.»
ڵوت چاوی هه‌ڵبڕی و بینی گشت ده‌وروبه‌ری ڕووباری ئوردون ئاوداره‌، وه‌ك به‌هه‌شتی یه‌زدانه‌، وه‌ك خاكی میسر كه‌ به‌ره‌و زۆعه‌ر ده‌ڕۆیت. ئه‌مه‌ پێش ئه‌وه‌ی یه‌زدان سه‌دۆم و عه‌مۆرا وێران بكات.
ڵوت گشت ده‌وروبه‌ری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هه‌ڵبژارد و به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات كۆچی كرد، ئیدی هه‌ردووكیان له‌ یه‌كدی جودا بوونه‌وه‌".

شوێنی ئاشتبوونەوەی یاقوب و عیسۆی برایەتی:
لە پێکهاتن: ئیسحاحی ٣٢ دەڵێت:

"یاقوبیش به‌ ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و فریشته‌كانی خودا به‌ره‌و پیری هاتن.
كاتێك یاقوب ئه‌وانی بینی، گوتی: «ئه‌مه‌ له‌شكری خودایه‌.» ئیتر ئه‌و شوێنه‌ی ناونا مه‌حه‌نه‌یم.
یاقوب له‌پێش خۆیه‌وه‌ نێردراوی نارده‌ لای عیسۆی برای بۆ خاكی سێعیر له‌ وڵاتی ئه‌دۆم.
فه‌رمانی پێدان و گوتی: «ئاوا به‌ عیسۆی مەزنم ڕاده‌گه‌یه‌نن، كه‌ یاقوبی خزمه‌تكارت وەها ده‌ڵێت: ”له‌لای لابان ئاواره‌ بووم و هه‌تا ئێستاش له‌لای ئه‌وم.
بووشم به‌ خاوه‌نی گا و گوێدرێژ، مه‌ڕ و بزن، خزمه‌تكار و كه‌نیزه‌. ئه‌وا ناردیشمه‌ لای مەزنی‌ خۆم هه‌تا پێی ڕابگه‌یه‌نم، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی تۆ په‌سه‌ند بم.“»
نێردراوه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ لای یاقوب و گوتیان: «چووینه‌ لای عیسۆی برات، وا ئه‌ویش به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ دیداریت، چوار سه‌د پیاویشی له‌گه‌ڵدایه‌.
به‌مه‌ یاقوب ترسێكی گه‌وره‌ی لێ نیشت و په‌رێشان بوو. ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون له‌گه‌ڵ مه‌ڕ و مانگا و وشتره‌كان دابه‌شی كردن بۆ دوو له‌شكر.
گوتی: «ئه‌گه‌ر عیسۆ هاته‌ سه‌ر له‌شكرێكیان و لێیدا، ئه‌وا له‌شكره‌كه‌ی دیكه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ده‌ربازبوون.»
ئینجا یاقوب له‌ خوا پاڕایه‌وه‌ و گوتی: «ئه‌ی خوای ئیبراهیمی باوكم و خودای ئیسحاقی باوكم، ئه‌و یه‌زدانه‌ی كه‌ پێی فه‌رمووم: ”بگه‌ڕێوه‌ خاكی خۆت و بۆ لای كه‌سوكاره‌كه‌ت، باش ده‌بم له‌گه‌ڵت.“
من شایسته‌ی گشت ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌ و دڵسۆزییانه‌ نیم كه‌ له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاری خۆتت كردووه‌، چونكه‌ به‌ خۆم و گۆچانه‌كه‌مه‌وه‌ له‌م ڕووباری ئوردونه‌ په‌ڕیمه‌وه‌، به‌ڵام ئێستاش بووم به‌ دوو له‌شكر.
له‌ چنگی عیسۆی برام فریام بكه‌وه‌، چونكه‌ من لێی ده‌ترسم نه‌وه‌ك بێت و لێم بدات، له‌ دایكان و منداڵه‌كانیان". (بڕگەی ١ – ١١).

پاشان دەڵێت:
لە ئیسحاحی ٣٣ـدا دەڵێت:
"یاقوب چاوی هه‌ڵبڕی و سه‌یری كرد وا عیسۆ و چوار سه‌د پیاوه‌ دێن، ئیتر منداڵه‌كانی به‌سه‌ر لێئه‌ و ڕاحێل و هه‌ردوو كه‌نیزه‌كه‌یدا دابه‌ش كرد.
هه‌ردوو كه‌نیزه‌كه‌ی و منداڵه‌كانیانی خسته‌ پێشه‌وه‌، ئینجا لێئه‌ و منداڵه‌كانی له‌ پشتیانه‌وه‌، ڕاحێل و یوسفیشی خسته‌ دواوه‌.
خۆشی پێشیان كه‌وت، هه‌تا له‌ براكه‌ی نزیك بووه‌وه‌ حه‌وت جار كڕنۆشی برد.
به‌ڵام عیسۆ به‌ ڕاكردن به‌ره‌و ڕووی یاقوب هات و باوه‌شی پێداكرد، ماچی كرد و پێكه‌وه‌ گریان.
ئینجا عیسۆ سه‌ری هه‌ڵبڕی و چاوی به‌ ژن و منداڵه‌كان كه‌وت، پرسی: «ئه‌مانه‌ چی تۆن؟»
یاقوبیش گوتی: «ئه‌و منداڵانه‌ن كه‌ نیعمه‌تی خودان بۆ خزمه‌تكاره‌كه‌ت.»
ئیتر هه‌ردوو كه‌نیزه‌كه‌ و منداڵه‌كانیان هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و كڕنۆشیان برد،
دوای ئه‌وان لێئه‌ و منداڵه‌كانی هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و كڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و كڕنۆشیان برد.
عیسۆ له‌ یاقوبی پرسی: «ئه‌و هه‌مووه‌ی پێم گه‌یشتن بۆ چیت بوو؟
ئه‌ویش گوتی: بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوت په‌سه‌ند بم، مەزنم‌.
به‌ڵام عیسۆ گوتی: برام من زۆرم هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ته‌ بۆ خۆت هه‌ڵیبگره‌.
یاقوب گوتی: «نا، ئه‌گه‌ر جێی ڕه‌زامه‌ندیتم، ئه‌وا دیارییه‌كه‌م له‌ ده‌ست وه‌رده‌گریت، كه‌ ڕووی تۆم بینی وه‌ك ڕووی خودام بینی بێت وابوو، لێشم ڕازی بوویت.
دیارییه‌كه‌شم وه‌ربگره‌ كه‌ بۆت هێنراوه‌، خودا له‌گه‌ڵم میهره‌بان بووه‌ و هه‌موو شتێكم هه‌یه‌. ئیتر یاقوب زۆری لێكرد، عیسۆش لێی وه‌رگرت.
ئینجا عیسۆ گوتی: با بكه‌وینه‌ ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت ده‌كه‌وم.»
به‌ڵام یاقوب پێی گوت: «گه‌وره‌ی خۆم ده‌زانێت كه‌ منداڵه‌كان ناسكن، ئه‌و مه‌ڕ و مانگایانه‌شم كه‌ پێیه‌ شیر ده‌ده‌نه‌ به‌چكه‌كانیان. ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك ڕۆژیش ماندوو بكرێن به‌ لێخوڕین ئه‌وا هه‌موو ئاژه‌ڵه‌كان ده‌مرن.
با گه‌وره‌م پێش خزمه‌تكاره‌كه‌ی بپه‌ڕێته‌وه‌، منیش له‌سه‌ر خۆ ده‌كه‌ومه‌ ڕێ، به‌پێی ئه‌و ماڵه‌ی پێش خۆم و به‌پێی منداڵه‌كان، هه‌تا ده‌گه‌مه‌ لای مەزنم له‌ سێعیر.
عیسۆش گوتی: «كه‌وابێت هه‌ندێك له‌و خه‌ڵكه‌ی له‌گه‌ڵمن له‌لات به‌جێده‌هێڵم.»
یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست ده‌كات؟ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م به‌سه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی مەزنم بم.»
ئیتر هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ عیسۆ به‌ ڕێی خۆیدا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سێعیر.
یاقوبیش كه‌وته‌ ڕێ بۆ سوكۆت و خانووێكی بۆ خۆی بنیاد نا، سایه‌بانیشی بۆ مه‌ڕوماڵات دروستكرد. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و شوێنه‌ ناونرا سوكۆت.
دوای هاتنی له‌ په‌دان ئارامه‌وه‌، یاقوب به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشته‌ شاری شه‌خه‌م كه‌ له‌ خاكی كه‌نعانه‌. ئیتر له‌به‌رده‌م شاره‌كه‌ چادری هه‌ڵدا.
ئه‌و پارچه‌ زه‌وییه‌شی كه‌ چادره‌كه‌ی تێدا هه‌ڵدا، به‌ سه‌د پارچه‌ زیو له‌ كوڕانی حه‌مۆری باوكی شه‌خه‌می كڕی.
هه‌ر له‌وێش قوربانگایه‌كی بنیاد نا و ناوی لێنا «ئێل ئێلۆهی ئیسرائیل»".
لەسەر ڕووباری ئوردون سەرژمێری ئیسرائیل کراوە:
لە سفری سەرژمێری (العدد): ئیسحاحی٢٦: بڕگەی ١ – ٤ دەڵێت:
"له‌دوای ده‌رده‌كه‌، یه‌زدان به‌ موسا و ئه‌لعازاری كوڕی هارونی كاهینی فه‌رموو:
«ژماره‌ی هه‌موو كۆمه‌ڵی نه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌ربگره‌، له‌ گه‌نجی بیست ساڵ به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌، به‌گوێره‌ی بنه‌ماڵه‌كانیان، گشت ئه‌وانه‌ی له‌ ئیسرائیلدا ده‌توانن بجه‌نگن.»
ئینجا موسا و ئه‌لعازاری كاهین له‌ ده‌شتی مۆئاب له‌سه‌ر ڕووباری ئوردون به‌رامبه‌ر ئه‌ریحا له‌گه‌ڵیاندا دوان و گوتیان:
«سه‌رژمێری له‌ گه‌نجی بیست ساڵ به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ بكه‌ن، وه‌ك چۆن یه‌زدان فه‌رمانی به‌ موسا كرد.»
نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش ئه‌وانه‌ی له‌ خاكی میسر هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌مانه‌ن".

لەم ناوچەیەدا موسا پەیامی خوای بە ئیسرائیلییەکان گەیاندووە:

لە سفری دواوتار (التثنیة): ئیسحاحی ١: بڕگەی ١ – ٨ دەڵێت:

"ئه‌مه‌ ئه‌و گوتانه‌یه‌ كه‌ موسا به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی گوت، له‌ به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون، له‌ ده‌شتوده‌ر له‌ عه‌راڤا، به‌رامبه‌ر به‌ سوف له‌نێوان پاران و تۆفه‌ل و لاڤان و حه‌چێرۆت و دی زاهاڤ.
له‌ حۆرێڤه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕێگای كێوی سێعیر بۆ قادێش به‌رنێعه‌ گه‌شتێكی یازده‌ ڕۆژه‌.
له‌ یه‌كی مانگی یازده‌ی ساڵی چله‌مین، موسا وه‌ك گشت ئه‌وه‌ی یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردبوو له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا دوا.
ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ بوو كه‌ سیحۆنی پاشای ئه‌مورییه‌كانی به‌زاند كه‌ له‌ حه‌شبۆن فه‌رمانڕه‌وا بوو، عۆگی پاشای باشانی شكاند كه‌ له‌ عه‌شتارۆت فه‌رمانڕه‌وا بوو له‌ ئه‌دره‌عی.
موسا له‌ به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون له‌ خاكی مۆئابدا ده‌ستی به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م فێركردنه‌ كرد و گوتی:
یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان له‌ حۆرێڤ پێی فه‌رمووین: «ئیتر به‌سه‌! ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌م كێوه‌ دانیشتوون،
ڕووتان وه‌ربگێڕن و كۆچ بكه‌ن و بڕۆن بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌مورییه‌كان و ده‌رودراوسێكانی له‌ عه‌راڤا و چیا و زوورگه‌كانی خۆرئاوا و نه‌قه‌ب و كه‌ناری ده‌ریای خاكی كه‌نعان و لوبنان هه‌تا ڕووباری گه‌وره‌، واته‌ ڕووباری فورات.
بڕوانن ئه‌وا خاكه‌كه‌م له‌پێش داناون، بڕۆنه‌ ناوی و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌دا بگرن كه‌ یه‌زدان سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد بیانداتێ و بۆ نه‌وه‌كانیشیان له‌دوای خۆیان.»".

هەتاوەکو کۆچی دوایی موسا (ﷺ) یەهودییەکان هەر لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون ماونەتەوە:
لە سفری یەشوع: ئیسحاحی ١: بڕگەی ١ – ٢ دەڵێت:
"ئه‌وه‌ بوو پاش مردنی موسای به‌نده‌ی یه‌زدان، یه‌زدان به‌ یه‌شوعی كوڕی نونی خزمه‌تكاری موسای فه‌رموو:
«موسای به‌نده‌م مرد، ئێستا هه‌سته‌، خۆت و گشت ئه‌م گه‌له‌ له‌ ڕووباری ئوردونه‌وه‌ بپه‌ڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌و خاكه‌ی پێیان ده‌ده‌م، واته‌ به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل".

هەرچەندە ئەمە تەنها چەند نموونەیەکە لە بە گرنگ سەیرکردنی ئەم ناوچەیە لە پەرتوکی پیرۆزی یەهودی و مەسیحییەکاندا، ئەگینا گەر کەسێك بگەڕێتەوە بۆ گشت بڕگەکان پەرتوکێکی تەواوی دەوێت، بۆیە من لێرەدا دەیوەستێنم و دەڵێم:
"بەڵێ ناوچەی دە شارەکە و خۆرهەڵاتی ڕووباری ئوردون و دەریاچەی تەبەڕیە ناوچەیەکی پیرۆز بووە و لە سەرەتایی ترینی ئەو جێیانەیە کە شوێنکەوتوانی مەسیحی لێ بووە، هەر بۆیە گەلێك ئاسایی بووە کە (یارانی ئەشکەوت لێرەوە سەریان هەلدابێت)".

سەیرەکەش ئەوەیە کەسانێك ویستوویانە بڵێن ئەم چیرۆکە لە سوریانی و گریکییەوە نزیکترە، دەی ئەو کەسانە گەر کەمێك شارەزا بوونایە دەیانزانی ئەم ناوچەیە خۆی لە باوەشی سوریانی و گریکیدایە، هەر بۆیە گەر لێشیانەوە نزیك ببێت گەلێك ئاسایی بووە، نەك ئاوا بە هەڵە تێی بکەون!

به‌روار: 10/10/2020
بینین: 941
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت