توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی:
هامنۆ هەورامی


بەشی دوازدەهەم:

ئەشکەوتەکە:

پاشان بەستنەوەی ئەم چیرۆکە بە ئێفیسۆس و تەڕسۆسەوە پاڵنەری ئایینی و ڕامیاری لە پشتەوەیە زیاتر وەك لە ڕاستی!
چونکە گشتمان دەزانین ئەم ناوچەیە لە نێو ڕۆم و لە ناوچەیەکی گریکی ڕەسەندایە، ئەمەش دەبیتە هۆی ڕاکێشانی سۆزی ئیمڕاتۆری تازە مەسیحی بووی ڕۆمی بکەن بە تایبەت لە بەشی خۆرهەڵاتەوە!
ئەوەیش کە بۆچوونەکەمان بەهێزتر دەکات ئەوەیە کە ثیۆدۆسیوسی ئیمپڕاتۆر هەوڵی زۆری بۆ مەسیحییەت داوە، هەر ئەمەش وەهای کردووە پلەی لە نێوان خەڵکەکەدا تایبەت بێت، هەر لەم پێناوەشدا بووە مەنزڵگای شوێنەکە نزیکترین ئەشکەوتی جێ دەسەڵاتەکەیەوە لە ڕۆمی خۆرهەڵاتدائەمەش کارێکی ئاسان بووە بۆ قەشە و پیاوە ئایینییە مەسیحییەکان هەروەکو چۆن ئەو ستەمەیان لە ئاریۆس کرد و گشت ژیانیان شێواند و ئەوەیشی مابووەوە لە خەڵکیان شاردەوە، بۆ ئەمانیش بە هەمان جۆرە.
ئێستا کەمترین زانیاری هەیە دەربارەی ئاریۆس و زۆربەی ژینی شێوێندراوە لە بەرژەوەندی مەسیحییەکان و کڵێسا سێلانە و ثالوپییەکاندا، دەی ئەم ڕووداوەی یارانی ئەشکەوتیش بە جۆرێك لەلایەن مەسیحییەکانەوە یاری پێ کرا کە لە بەرژەوەندی خۆیان و شەرعییەتدان بێت بە دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتە تازە بووە بە مەسیحییەکەیان ببێت، نەك وەك ئەوەی کە خۆی هەبێت.

هەر بۆیە وەك دەبیندرێت لە سەرەتادا بایەخیان بەم ئەشکەوتەی ئوردون داوە و کەنیسەیەکیشیان لەسەری دروست کردووە و دەستکردی ئەوانیشی پێوە ماوەتەوە، بەڵام لە دواتردا کە گرنگییەکەیان بە مەبەست گواستەوە بۆ باکوور و نزیکی کۆستانتینۆپۆلیس (ئیسانبولی ئێستا).
بەڵام موسڵمانان باش ئاگاداری ئەم ڕاستییە بوون، هەر بۆیە دەبینین چەندین سەرکردەی موسڵمانی وەکو (صلاح الدینی ئەیوبی) ئەشکەوتەکەیان نۆژەن کردووەتەوە، هەروەها لە جێی کڵێسا دێرینەکەش هەریەك لە فەرمانڕەوایانی ئومەوی (هیشامی کوڕی عبدالملیك و عبدالملیکی کوڕی مەڕوان)ـی باوکیدا لە ساڵی (١١٧)ـی کۆچی بەرامبەر بە (٦٩٦)ـی لەدایك بوونی مەسیح مزگەوتێکیان تێدا دروست کردووەتەوە.

دەی دیارە ئەگەر شوێنەکە هێندە گرنگ نەبووێت، بۆچی ئەو سەرکردە ئیسلامیانە بەم چەشن و جۆرە بایەخی پێ بدەن؟
هەر بەمەشەوە نەوەستاوە، بگرە لە سەردەمی دەسەڵاتداری تۆڵۆنی و مەمالیکەکانیشدا بە هەمان جۆر بۆ جارێکی دیکە نۆژەن کراوەتەوە و بایەخێکی یەجگار فرەی پێ دراوە، دەی بێگومان ئەگەر موسڵمانان نەیانزانیبێت ئەم شوێنە هەمان شوێنە ئەوەندە نۆژەن نەدەکرایەوە کە کڵێساشی لەسەر بوولە کاتێکدا فرەیی ئەم دەسەڵاتدارانەش شارەزای ناوچەی شام بوون و لەوێش ژیانیان بەڕێ کردووە!
ئەو بەڕێزە خۆیشی باس لەوە دەکات شێوازی بیناکاری ئەم ئەشکەوتە لە گەلیك لە ئەشکەوتەکانی دیکەی ناوچەکەدا دووبارە بووەتەوە!
کەواتە من پرسیارێك ئاڕاستەی بەڕێزیان دەکەمەوە:
بۆچی لە نێو کۆی گشتی ئەشکەوتەکانی ئەم ناوچەی شامە تەنها ئەم ئەشکەوتە هەڵبژێردرا کە ئەگەر گشتیان هاوشێوەی یەکن و بگرە لەم ئەشکەوتەش بیناسازییەکەیان جوانتر و باشتریش بوو؟

من وەڵامەکە بۆ بەڕێزیان بەجێ دەهێڵم!

خاڵێکی دیکە کە بەڕێزیان کردوویانەتە کێشەیەکی مەزن و چەندین جار جەختی لێوە دەکاتەوە بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی لاوەکیش دروست بکات نەوەك سەرەکی، ئەوە بووە کە بۆچی گەر ئەمانە حەوت کەسن هەشت گۆڕیان هەیە لە نێو ئەشکەوتەکەدا؟
وە بۆچی باسی سەگ لە تێکستە ئیسلامییەکەدا کراوە کەچی لە چیرۆکە مەسیحییەکاندا هیچ شوێنەوارێکی نییە؟
وە بۆچی لە ئەشکەوتەکەدا سەگەکەی تێدا نەبووە و تەنها شەویلگەکەی لەبەردەم دەرگای ئەشکەوتەکەدا دۆزراوەتەوە؟

بەڕاستی ئەم گوتانە گەلێك سادە و سەنان و پێویستی بەم هەموو سەنگین کردنە نەدەکرد، خوای پەروەردگار خۆی لە قورئاندا ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە تەنانەت لە ژمارەیشیاندا خۆیان ناکۆکیان تێدایە، چ بگات بە وردەکارییەکانی دیکە!
چونکە ڕاستە لەلایەن یەهودییەکانی دەرەوەوە هەواڵەکەیان پێ گەیشتووە، بەڵام گومانی تێدا نییە بە فلتەرێکی ڕۆمیشدا تێپەڕیوە!
ئێمە لە ئەشکەوتەکەی ئێفیسوسی ئێستادا گۆڕستانێکی فرە جەنجاڵ و شلۆق دەبینین، کەچی لەم ئەشکەوتەی ئوردوندا حەوت تەرمەکە ماونەتەوە، پرسیارەکە لێرەدا دووپات دەکرێتەوە، ئەدی بۆچی هەشت گۆڕن؟
خودیئەم ڕەخنە گرە بەبێ ئەوەی ئاگادار بێت وەڵامی پرسیارەکەی خۆیشی داوەتەوە!
با بزانین چۆن؟
خۆی بۆمان باس دەکات کە سەگ لە کەلتووری دیکەدا بەتایبەت لە ئەوروپای دێرین پیرۆزییەکی مەزنی هەبووە و تەنانەت لە کەلتووری گریکیدا سەگێك بە نێوی (کێربێروس) پێشوازی لەوانە دەکات کە دەچنە نێو دونیای مردوان و ناهێڵێت کەس لەو گێتییە دەربچێت، لەم بوارەشدا چەندین نموونەی دیکەمان بۆ دەهێنێتەوە، کەواتە ئەمە گەلێك ڕوونە بۆمان کە لەلای ڕۆمو گریکەکان بە تایبەت سەگ فرە پیرۆز بووە، هەر بۆیەش لەگەڵ گۆڕەکاندا گۆڕێکیان بۆ ئەم سەگە دروست کردووە، بەڵام ئێمە دەزانین ئەم پیرۆزییە لە ئیسلامدا بۆ سەگ نییە!
لە ئیسلامدا ڕق بەرامبەر سەگ نییە، بەڵام ئاگاداری لێ دەکرێت، ناشبێت بە بێ هۆکار دابندرێت لە ماڵ و شوێنی گرنگدا، بەڵام وەك گوتمان بۆ باری تایبەت جودایە!
وەك پێشتریش باسمان کرد کە چەندین جار لەلایەن موسڵمانەکانەوە ئەم جێیە نۆژەن کراوەتەوە، تێڕوانینی موسڵمان بۆ سەگ جودایە لە تێڕوانینی ڕۆمانی و گریکی، هەر بۆیە کاتێك ئەشکەوتەکە کاری تێدا کراوە، ئێسکی سەگەکەش دیتراوەتەوە، ئەوان وەکو بیروباوەڕی ئیسلامی پێیان خۆش نەبووە لەگەڵ حەوت لاشەی وەهادا نێژرابێت، هەر بۆیە بە ڕێزەوە بردراوەتە دەرەوەی ئەشکەوتەکە.
ئا ئەمەیە شیکاری دروست بۆ بابەتەکە، نەوەك هەرچی بەدڵمان بوو وەریگرین، هەرچیش بەدڵمان نەبوو ڕەتی بکەینەوە.
گەر دەگوترێت بۆچی تەنها شەویلگەی ماوەتەوە ئێستا، ئەمەش هەر زۆر بە ڕوونی دیارە لە کاتی هێنانی بۆ دەرەوەی ئەشکەوتەکە، گەلێك ئاساییە بە پێی تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە ئەم ئەم سەدەیەی ڕابردوو گەلێك لە ئێسکەکانی بفەوتێن بە هۆکارە سروشتی و مرۆییەکان، چونکە لە دەرەوەی گۆڕی بەردیندایە!
کەچی ئێسکی حەوت گۆڕەکەی دیکە وەك خۆیانن، چونکە گۆڕەکان لە کاتی نۆژەنکردنەوەدا هەروەك خۆیان بوونە!

ئا ئەمەیە بنەڕەتی بابەتەکە، نە زیاتر نە کەمتر، گشت کەسێك دەزانێت هۆکارە سروشتی و مرۆییەکان چ کاریگەریەکی شوێنەواریان لەسەر شوێنەوارە بەردینەکان هەبووە، ئیدی چ بگات بە ئێسك لە لمدا!
هەر سەرنجێك لە هەڕەم و پەیکەرەکانی میسڕ بدەن، سەرنجێك لە قەڵا و تابلۆ و کێلە دێرینەکانی کوردستان بدەن کە گەشتوونەتە چ گۆڕانکارییەك!
دەی گەر گۆڕێکیش بەو جۆرە دابندرێت دەبێت هاوشێوەی گۆڕەکەی وەفایی ڕەحمەتی بێت کە لە بیاباندا ناشتبوویان و ئێستاش ناتواندرێت گۆڕەکەی بدۆزرێتەوە، ئەمەش تەنها نموونەیە، نەك بمەوێت لە مەقامی ئەو هۆنەرە مەزنە بهێنمە خوارەوە.

دەی کەوایە ئەم ڕەخنەیی بەڕێزیشیان گەر لە ڕوانگەیەکی شوێنەوارناسانەوە لێی بڕوانین کەموکورتی گەلێکی تیدا کۆدەبێتەوە.
به‌روار: 12/10/2020
بینین: 1226
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت