توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی:
هامنۆ هەورامی
بەشی شازدەهەم:

لێرەدا کەسێکی گرنگ دەسەڵات وەردەگرێت، کە بۆ ئێمە فرە جێگای سەرنجە، ئەویش بریتییە لە تراجان (ترایانوس)!
تراجان لە (١٨/ ٩/ ٥٣)ـی پاش مەسبیح لەدایك بووە، لە ساڵی (٩٨)ـیشدا دەسەڵات وەردەگرێت و دەبێتە ئیمپڕاتۆر، لە سەردەمی ئەمدا چەند گۆڕانکاری و کردارێکی گرنگ ڕوودەدەن، گرنگترینیان داگیرکردنی شاری پەترا (بطرا)ـی پایتەختی نەبەتییەکان و لەنێو بردنی (رب أيل الثاني) و کۆتایی هێنان بوو بە دەوڵەتەکیان کە لە باکووری خۆرئاوای سعودییە و ئوردون و باشووری فەڵەستین و سینا دەسەڵاتدار بوون، ئەمەش ڕۆمانییەکانی بەرەو فراوانخوازییەکی زۆرتر بردبوو.
ئەم ئیمپڕاتۆرە بە یەکەم ئیمپڕاتۆە دادەنرێت کە فەرمانی بە قەدەغەکردنی ئایینی مەسیحییەت دابوو و هەرکەسێك بزاندرایە بووەتە مەسیحی تەوبەی پێ دەکرا و دەیانگێڕایەوە بۆ ئایینی ڕۆمانی، پەرجوویەکی فرە سەرنجڕاکێشی قورئان لەم تراجانەوە دەردەکەوێت، کاتێك نامەی ئاڵوگۆڕیان هەیە لەگەڵ پیلینی بچووکدا، لە کاتی ڕەخنەکاندا نامەی یەکەم ناهێندرێت چونکە دەزاندرێت ئەوە لە بەرژەوەندی ئێمەدا، بەڵام نامەی دووەم دەهێندرێت، منیش ڕێك لەسەر نامەی دووەم دەدوێـ کە هەرچەند بەکاردەهێندرێتەوە، بەڵام ئەم زیاتر بە زیانی خۆیانە وەك لەوەی سوودی لێ ببینن!

"ئەو میتۆدەی پەیڕەوت کردووە، پیلینی ئازیزم، بۆ تەتەڵەکردنی حاڵەتەکانی ئەوانەی لات تۆمەتبار دەکرێن بەوەی کە مەسیحین، فرە دروستە.
ناتواندرێت ڕێسایەکی گشتی بخرێتە ڕوو کە وەکو پیوەرێکی جێگیر جێبەجێ بکرێت لە گشت بارەکانی لەم جۆرەدا. نابێت بگەڕێین بە دوایاندا، کاتێك تۆمەتبار دەکرێن و بە تاوانبار دەرچوون ئەوا دەبێت سزا بدرێن، لەگەڵ چاودێری و دەستبەسەرکردندا، لەگەڵ ئەوەیشدا کاتێك لایەنی تۆمەتبار نکوڵی دەکات لەوەی مەسیحییە و دەیسەلمێنێت کە مەسیحی نییە، ئەوەیش بە پەرستنی خواوەندەکانمان دەبێت، ئەوا چاوپۆشیی لێ دەکرێت لەسەر بنەمای تەوبە و پەشیمانی، ئەگەرچی لە ڕابردووشدا گومانلێکراو بێت. ئەو زانیارییانەی کە نێوی تۆمەتسازیان لەگەڵدا نییە نابێت پشتیان پێ ببەسترێت وەکو بەڵگە دژی هیچ کەسێك، چونکە ئەوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێشخەرییەکی فرە ترسناك و بە هیچ شێوەیەکیش ناگونجێت لەگەڵ گیانی سەردەمدا".

لەم نامەیەوە چەندین ڕاستی گرینگمان بۆ دەردەکەوێت، سەرەتا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەڵێ ئایینی مەسیحی ئەودەم ئایینێکی قەدەغەکراو و دژ بە ئایینی باوی ڕۆمانییەکان بووە، تراجانیش وەهای داناوە کە شوێنکەوتنی ئەم ئایینە تاوانە و گەر کەسێك بیسترا کەوتووەتە نێو ئەم ئایینەوە پێویستە چاودێری لەسەر بکرێت و پاش دەرکەوتنی ڕاستییەکە پێویستە دەستبەسەر بکرێت.

لێرەدا قەت تراجان نەرمی نەنواندووە وەکو ئەوەی ئەو بەڕێزانە وێنایان کردووە، بەڵکو زیرەکی ئیمپڕاتۆر دەردەخات لە خاڵێکدا، کە ئەویش ئەوەیە ئەگەری هەیە کەسانێك لەگەڵ کەسانی دیکەدا کێشەی تایبەتیان هەبووبێت و ئەوەیان بەکارهێنابێت هەتاوەکو تۆمەتی مەسیحی بوونیان بۆ دروست بکەن، بۆیە تراجان ویستوویەتی لێرەدا وریایی نوێندرێت و هەتاوەکو دڵنیا نەبن لە کەسێك کە بەڕاستی تۆمەتەکەی لەسەر سەلمێندرابێت سزای نەدەن، واتا ئاگاداری دەکاتەوە هەتاوەکو کەسێك ئەم تاوانە بەکارنەهێنێت بە مەبەست و بەرەوندی تایبەت، ئەمەش لە کۆتایی نامەکەدا گەلێك بە ڕوونی دیارە " چونکە ئەوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێشخەرییەکی فرە ترسناك و بە هیچ شێوەیەکیش ناگونجێت لەگەڵ گیانی سەردەمدا" کەوایە تراجان ترساوە کردارەکە بەرەو پشێوی کۆمەلایەتی هەنگاوبنێت، هەر بۆیە گەلێك بە وریاییەوە فەرمانی بە جێبەجێ کردنی فرمانەکانی داوە، بۆیە مەسیحییەکانی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی دەروونی ترسناك، کە ئایا تەوبە دەکەن و پەرستش و ستایش بۆ خواوەندە دروست کراوەکانی ڕۆما دەکەن، دەی دیارە بۆ تاکێکی مەسیحی بڕوادار بووەتە کێشەیەکی ناخۆش، چونکە ئەو پێشتر پەرستشی بۆ بت ڕەت کردووەتەوە، چونکەوە ئەمان لەسەر دە ڕاسپاردەکەوە وەریانگرتووە:
"من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسڕەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
هیچ کەسێکتان خوای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
پەیکەر بۆ خۆتان دروست مەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لە نێو ئاون لە ژێر زەوییەوە. کڕنووشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن" (دواوتار: ٥: ٦ – ٩).

دەی لێرەدا دەکەونە نێو دوو ڕیانێکی پڕ ئازارەوە، یاخود پێشێلی فەرمانی خوا دەکات و مردن بەرەو پیریەتی، یاخود پەرستش بۆ بتەکان دەکات و بێفەرمانی خوا دەکات لە پێناو ژینیدا.
تەنانەت (پ. د. جڤری برۆن) دانی بەوەدا ناوە کە چۆن لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ئەو کوشتار لە مەسیحییەکان دەکات و بەم جۆرە بۆمان دەدوێت:
"لە دێرینترین ئەو بەڵگەنامانەش کە سەرەتای سەردەمی چەوساندنەوەی مەسیحییەکان نیشان دەدەن، ئەو نامەیەیە ک پیلینی بچووکی فەرمانڕەوای بیتنیا ناردی بۆ ئیمپڕاتۆر تراجان (٩٨ – ١١٧ ل) کە تیایدا ئەوە نیشان دەدات لە گشت ئەوانەی گومانیان لەسەرە خۆشبووە، پاش ئەوەی کە قوربانیان بۆ پەیکەری ئیمپڕاتۆر کردووە، لە کاتێکدا ئەوانەی لەسێدارە داوە کە ئەو کارەیان نەکردووە.
ئیمپڕاتۆر تراجانیش بە نامەیەكی دەستخۆشی کردن لەو کارەی وەڵامی داوەتەوە.
وەها دیارە ئەو چەوساندنەوەیەش ئەنجامێکی ڕەنگدانەوەیی و پێچەوانەیی لێکەوتەوە، چونکە گیانی دلێری و خۆڕاگری و باوەڕێك کە شەهیدا مەسیحییەکان پێی بەرەو ڕووی سەرئەنجامیان دەبوونەوە، بوویە جێگەی سەرسوڕمانی فرەیی ئەوانەی ئامادەی وەرگرتنی ئایینی نوی بوون".

سەرنج بدەن چۆن پەروەردگاریش ئەم ڕاستییەی پێ گەیاندووین:
{ وَرَبَطْنَا عَلَى قُلُوبِهِمْ إِذْ قَامُوا فَقَالُوا رَبُّنَا رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ لَن نَّدْعُوَ مِن دُونِهِ إِلَهًا لَقَدْ قُلْنَا إِذًا شَطَطًا ﴿١٤﴾
هَؤُلَاء قَوْمُنَا اتَّخَذُوا مِن دُونِهِ آلِهَةً لَّوْلَا يَأْتُونَ عَلَيْهِم بِسُلْطَانٍ بَيِّنٍ فَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا ﴿١٥﴾} الکهف.واتە: ئێمه‌ دڵه‌کانیانمان دامه‌زراو کرد و پێکوەمان بەستن (بڕیاریاندا کۆمه‌ڵگه‌ی نه‌فامی به‌جێ بهێڵن) هه‌ستان و فەرموویان: په‌روه‌ردگاری ئێمه‌ په‌روه‌ردگاری ئاسمانه‌کان و زه‌ویه‌، هه‌رگیز هانا و هاوار بۆ هیچ پەرستراوێکی دیکە نابه‌ین جگه‌ له‌و، (ئه‌گه‌ر له‌و ڕاستیه‌ لاده‌ین) ئه‌وه‌ بێگومان ئێمه‌ قسه‌ی نابه‌جێ و نادروستمان کردووه‌.
ئا ئه‌وانه‌ نەتەوە و هۆزی خۆمانن (له‌ ڕێبازی ڕاست لایان داوه‌ له ‌جیاتی خواناسی) شتی دیکەیان کردووه‌ به‌ پەرستراوی خۆیان، خۆزگه‌ به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکراشیان هه‌بوایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و (کۆلکه‌ بتانه‌)، کێ له‌وه‌ سته‌مکارتره‌ که‌ درۆ بۆ خوا هه‌ڵده‌به‌ستێت، وه‌ (ئه‌و بت و شتانه‌ش به‌ ده‌سه‌ڵاتدار و لێهاتوو ده‌زانێت).

بە ئاوەز ئەو دەقە بخوێننەوە، سەرنج بدەن چۆن پەرستراوەکانی ڕۆمان، پەیکەری ئیمپڕاتۆر و تراجان ڕەت دەکەنەوە، بە عیززەت و باوەڕەوە گشتیان ڕەت دەکەنەوە، ئا ئەمە نیشانەیە بۆ ئەوەی کە حەوت کەسە چاودێریان کەوتووەتە سەر لەلایەن پیاوانی فەرمانڕەواوە، ئەمانیش نایانەوێت بیانبەنە دادگا و بیانخەنە بەردەم یاسای (یان تەوبەکردن و قوربانی کردن بۆ ئیمپڕاتۆر و پەرستراوانی ڕۆم یان مردن).

هەربۆیە دوورکەوتنەوە هەڵدەبژێرن هەتاوەکو نەکەونە نێو ئەو ستەمەوە { وَإِذِ اعْتَزَلْتُمُوهُمْ وَمَا يَعْبُدُونَ إِلَّا اللَّهَ} ئەوجا هەندێکیان فەرمویان:
کە بڕیارە ئێوە کەنار بگرن و دوورەپەرێز ببن، لەو خاوەن باوەڕانە و وە لە پەرستراوەکانیشیان کە لە بری خوا دەپەرسترێن، ئیدی تراجان بێت یاخود میترا یاخود پەرستراوانی دی، {فَأْوُوا إِلَى الْكَهْفِ} ده‌بچنه‌ ئه‌شکه‌وته‌که‌وه‌، کەواتە دیارە پێش وەختە ئاگاداری ئەشکەوتەکە بوون و سەردانیان کردووە، ئەگینا ئاوا بە ناسراوی نێویان نەدەهێنا، وە فرە بە باشیش لە ڕێگاکەی شارەزان!
{ يَنشُرْ لَكُمْ رَبُّكُم مِّن رَّحمته ويُهَيِّئْ لَكُم مِّنْ أَمْرِكُم مِّرْفَقًا ﴿١٦﴾ } الکهف.
واتە: هەتاوەکو له‌وێدا په‌روه‌ردگارتان ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانیی خۆیتان به‌سه‌ردا په‌خش بکاته‌وه‌، وه‌ هۆکاری حه‌وانه‌وه‌تان بۆ دابین بکات.

به‌روار: 25/10/2020
بینین: 988
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت