توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی:
هامنۆ هەورامی


بەشی حەڤدەهەم:

بۆیە ئەمەی کە هێنایانەوە نەك بەڵگە نییە بەدەست ئەو بەڕێزانەوە، بگرە سەد و هەشتا (١٨٠) پلە پێچەوانەی ڕەخنەی ئەوانە!
بۆیە ئەم فەرمانانە نێردراون بۆ فەرمانڕەوایانی ئەو ناوچانەی کە مەسیحییەکانی لێ بوونە، بەتایبەتی تر فەڵەستین و ئوردون!
پەرجووەکە ئا لێرەدایە، خوای پەروەردگار کورتەی دەقی نامەکەی پێ ڕاگەیاندووین و فەرموویەتی:
{ إِنَّهُمْ إِن يَظْهَرُوا عَلَيْكُمْ يَرْجُمُوكُمْ أَوْ يُعِيدُوكُمْ فِي مِلَّتِهِمْ وَلَن تُفْلِحُوا إِذًا أَبَدًا ﴿20﴾} الکهف.
واتە: چونکه‌ ئه‌وانه‌ ئه‌گه‌ر پێتان بزانن به‌ردبارانتان ده‌که‌ن، یاخود ده‌تانخه‌نه‌وه‌ ڕیزی (بتپه‌رستی) خۆیانه‌وه‌، ئه‌وسا ئیدی هه‌رگیز سه‌رفهراز نابن.

هاوڕێیان جوان سەرنجی نامەکە و ئەم ئایەتە قورئانییە بدەنەوە، سزا یاخود تەوبەپێکردن ئەو ڕێکارییە بوو کە تراجان باسی لێوە کردبوو، ئەسڵی ئایەتەکەش کە پەروەردگار لەسەر زاری تازە هەستاوانی یارانی ئەشکەوتە پاش سێ سەدە، واتە ئەوان پێش پەنا بردنیان بۆ ئەم ئەشکەوتە سزا و تەوبەپێکردنەکەیان بە چاوی خۆیان دیوە، دەی محمد (صلی الله علیه وسلم) چۆن ئاگاداری کتێبی (Epistulae)ـی پیلینی بچووك بووە؟
ئایا گەر خوایەکی بەدەسەڵات و خاوەن توانا و ئاگادار ئەم سروشە نەنێرێت، کەس ئاگاداری ئەم وردەکارییانە دەبێت؟
بێگومان نەخێر.
دەی هەر کەسێك کەمێك لەم بەشە ورد ببێتەوە، کە بەڵێ، یارانی ئەشکەوت بوونیان هەبووە، هاوسەردەمی تراجانیش بوون، بەهۆکاری ستەم و سزای ئەو ڕۆیشتوونەتە نێو ئەشکەوتەکەوە.

دەی گەر کەسێك عەوداڵی پەی بردن بووبێت بە ڕاستییەکان، ئا ئەمە بەسە بۆی.
سەبارەت بە ماوەی مانەوەی ئەم یارانە لە خەوەکەدا، تێکستە مەسیحییەکان قسە و گوفتاری فرەیان هێناوە لەم بارەیەوە، بۆ نموونە بە (١٨٧، ١٨٨، ٢٠٠، ٢٠٨، ٣٦٢، ٣٧٠، ٣٧٢) ساڵ لێکیان داوەتەوە، ئەمە و چەندین ساڵی دیکە کە ڕاهیب و نووسەرە مەسیحییەکان لەو سەردەمانەدا تۆماریان کردووە، ئەم بەڕێزانەش ویستوویانە دەقێکی چەسپاوی وەکو قورئان، پێودانگ بکەنەوە بەم سالانەوە کە تەنانەت خۆیشیان بە دڵنیاییەوە دانەیەکیان نەکردووەتە قیاس، هەر بۆیەش پەروەردگار زۆر بە سەنایی پێیان دەفەرموێت:
{ قُلِ اللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا لَبِثُوا لَهُ غَيْبُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ أَبْصِرْ بِهِ وَأَسْمِعْ مَا لَهُم مِّن دُونِهِ مِن وَلِيٍّ وَلَا يُشْرِكُ فِي حُكْمِهِ أَحَدًا ﴿۲٦﴾} الکهف.
واتە: پێیان بفەرموو: هه‌ر خوا خۆی ده‌زانێت که‌ چه‌ند (له‌ ئه‌شکه‌وته‌که‌دا) مانه‌وه‌، چونکه‌ هه‌رچی له‌ ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا هه‌یه‌ هه‌ر ئه‌و به‌ نهێنیان ده‌زانێت و (ئاگاداره‌ لێیان)، (سه‌رنجی خه‌ڵکی ڕاکێشه‌ بۆلای دروستکراوانی خوا هەتاوەکو) چاك ببینن، وه‌ چاك گوێ (بۆ په‌یام و قورئانه‌که‌ی) بگرن، هیچ که‌س نیه‌ جگه‌ له‌و زاته‌ پشت و په‌نایان ببێی، بێگومان ئه‌و خوایه‌ له‌ کار و فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌که‌یدا هیچ که‌سی نه‌کردووه‌ به‌ هاوتاو هاوبه‌شی خۆی.

کەواتە پەیامەکە بەوانیش دەگەیەنێت کە ئاگاداربن، ئەوەی هەژمارتان کردووە بە نزیکی لێکتان داوەتەوە و بە هەڵە بۆی ڕۆیشتوون، ئەوە پەروەردگارە کە ئاگادارە بە نهێنییەکان و ئاگادارە بەم وادەیەش، وادەکەش بریتییە لە { وَلَبِثُوا فِي كَهْفِهِمْ ثَلَاثَ مِائَةٍ سِنِينَ وَازْدَادُوا تِسْعًا ﴿۲٥﴾} الکهف.
واتە: (ئه‌وسا ئیدی یارانی ئه‌شکه‌وت) سێ سه‌د ساڵی ته‌واوی (هه‌تاوی) له‌ ئه‌شکه‌وته‌که‌یاندا مانه‌وه‌ (ئه‌گه‌ر به‌ساڵی مانگیی هەژماری بکه‌یت) نۆ دانه‌ ساڵی دیکەیشی له‌سه‌ره‌.

ئەمەش پەرجوویەکی دیکەی پەروەردگارە کە ئەم وردەکارییە فەلەکییە بەیان دەکات لەسەر زاری پەیامبەرەکەیشەوە کە نەخوێندەواریشە و ڕۆژێك فەلەکناسی نەخوێند!
چونکە ئەگەر بە ساڵی هەتاوی هەژمار بکرێتەوە سێ سەد (٣٠٠) ساڵی ڕەبەق دەکات، وە ئەگەر بە ساڵی هیلالی و مانگیش لێکی بدینەوە، سێسەد و نۆ (٣٠٩) ساڵ دەکات!
قەت محمد (صلی الله علیه وسلم) گەر خوا نەبوایە، نەیدەزانی هەر سەد ساڵێکی هەتاویی، سێ ساڵی مانگیی زیاد دەکات و پێش دەکەوێت، وە هەر ساڵێکی هەتاوییش یازدە (١١) ڕۆژ زیاد دەکات و دەڕوایە پێشەوە.
هەر پەرجوویەکی دیکە کە لێرەدا لە ڕووی ڕەوانبێژییەوە جێگەی تێڕامانە، ئەویش ئەوەیە کە چیرۆکی یارانی ئەشکەوت خودی چیرۆکەکە، بە وشەی {لَبِثُوا} دەست پێدەکات:

{ثُمَّ بَعَثْنَاهُمْ لِنَعْلَمَ أَيُّ الْحِزْبَيْنِ أَحْصَى لِمَا لَبِثُوا أَمَدًا ﴿۱۲﴾} الکهف.
واتە: له‌وه‌ودوا (پاش ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ) له‌ خه‌و خه‌به‌رمان کردنه‌وه‌ و له‌ نوستن هه‌ستان، هەتاوەکو بزانین کام ده‌سته‌یه‌یان ده‌زانن که‌ چه‌نده‌ خه‌ویان لێ که‌وتووه‌ (ئه‌وانه‌یان که‌ ده‌ڵێن ڕۆژێك یاخود که‌متر، یاخود ئه‌وانه‌یان که‌ ده‌ڵێن مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بزانێت چه‌نده‌ خه‌وتووین).
وە کۆتایی ئایەتی دەربارەی بەسەرهاتەکەش بە هەمان وشەیە (لَبِثُوا)!

{ وَلَبِثُوا فِي كَهْفِهِمْ ثَلَاثَ مِائَةٍ سِنِينَ وَازْدَادُوا تِسْعًا ﴿۲٥﴾} الکهف.
واتە: (ئه‌وسا ئیدی یارانی ئه‌شکه‌وت) سێ سه‌د ساڵی ته‌واوی (هه‌تاوی) له‌ ئه‌شکه‌وته‌که‌یاندا مانه‌وه‌ (ئه‌گه‌ر به‌ساڵی مانگیی هەژماری بکه‌یت) نۆ دانه‌ ساڵی دیکەیشی له‌سه‌ره‌.

باسەکە بە مانەوە (لَبِثُوا) دەست پێدەکات و هەر بەوەش بەرەو کۆتایی دەبات، گەر هەژماری نێوای هەردوو وشەکە بکەیت دەکاتە (٣٠٩) وشەی تەواو!
بەڵام لە گەیشتن بە سەرەتای ئایەتەکە دەکاتە (٣٠٠) وشە!
دەی ئایا ئەم وردەکارییە سەرنجڕاکێشە بە کەسێکی وەکو محمد (صلی الله علیه وسلم) دەکرێت قەت؟
بێگومان نەخێر!

کەواتە ئێستا بۆمان دەرکەوت کە ماوەی ڕووداوەکە بە ساڵی مانگی دەکاتە (٣٠٩) ساڵ، گوتیشمان حەوت گەنجەکە بە سەگەکەیانەوە، لە سەردەمی تراجاندا لە ناوچەی دیکاپۆلیس بە گشتی و (فیلادەلفیا) بە تایبەتی بە هۆکاری ئەو ستەمەی لەسەر مەسیحییەکان بوو، بەرەو ئەم ئەشکەوتە هەڵدێن و خۆیانی تێدا پەنا دەدەن، کە وەکو پێشتر گوتمان ئەمە لە سەردەمی تراجاندایە، بە دیاریکراوی لە وادەی ئازاردانی مەسیحییەکانەوە بۆ مردنی تراجان کە دەکاتە نێوان ساڵانی (١١٢ – ١١٧)ـی پاش مەسیح، کە ئێمە وادە زۆرەکەی وەربگرین، واتە مردنی تراجان کە ساڵی ١١٧ـە، (١١٧ + ٣٠٩ = ٤٢٦).
وە ئەگەر لایەنە کەمەکەشی هەژمار بکەین، واتە (١١٢ + ٣٠٩ = ٤٢١).

لەم سەردەمەدا، واتە چوارسەدەکانی پاش مەسیح، سەردەمی دەسەڵاتداری ئیمپڕاتۆر (ثیۆدۆسیوسی دووم)ـە کە ساڵی (٤٠١) لەدایك بووە و لە ساڵی (٤٠٨) لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بووەتە ئیمپڕاتۆر، ئەگەر لایەنە کەمەکەی وەربگرین، دەکاتە تەمەنی (٢٠) ساڵی ئیمپڕاتۆر، گەر لایەنە فرەکەیشی وەربگرین دەکاتە (٢٥) ساڵی، کە هەردوو وادەکە تەمەنێکی فرە گونجاو بووە بۆ ئەوەی ڕاست و هەڵەی ڕووداوەکان ئاگادارببێت، نەك وەک هەندێك بەڕێز بە شیکارییەکی هەڵە بیبەنەوە تەمەنێکی کەمی ژیانی.

به‌روار: 26/10/2020
بینین: 120
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت