توێژینه‌وه‌
  بەڵگە فەلسەفیەکانی بوونی خوا
محمد عبدلعزیز

چوارەم: بەڵگەی بوون Ontological Argument

ئەم بابەتە تۆزێک وردە و پێویستی بە خوێندنەوەی ورد ھەیە، بەڵام بەڵگەیەکی عەقڵی سادەیە و پێویستی بە ھیچ زانست و تووێژینەوەیەک نییە، تەنھا تێگەیشتنی بەسە.

ئەم بەڵگەیە لەلایەن فەیلەسوفی ئیتاڵی (ئانسلیم)، ھەروەھا فەیلەسوفی فەڕەنسی (دیکارت)یش پەرەی پێدراوە، کە دەڵێت: عەقڵی مرۆڤ درک بە بوونی گەورەترین ھێزدەکات لە گەردووندا، کەوایە ھەبوونی ڕێی تێدەچێت و نالۆژیکی نییە، کاتێکیش بوونی لۆژیکی بوو و عەقڵ درکی پێی کرد، کەواتە دەبێت بوونی ھەبێ، ئەگەر بوونی نەبێ، نابێت بە گەورەترین ھێز. 

فەیلەسوفی گەورەی ئەمریکی ئەلڤین پلانتینگا (Alvin platinga) کە یەکێکە لە بەرگریکارانی ئەم بەڵگەیە، بەشێوازێکی تازە و وردتر باسی لێوەکردووە و دەڵێت:

1- بوونی خودا لۆژیکییە [خودایەک کە تەواو زانا و بە توانا و باشبێت، ئەم وەسفەی کە ھەیە لەگەڵ لۆژیکدا یەک دەگرێتەوە واتا ھێزێک بەم سیفاتانە نالۆژیکی و دژ بە عەقڵ نییە و ڕەخنە ھەڵناگرێت تاوەکو بوونی ڕەت بکەینەوە].

2- کەواتە ئەگەر بوونی لۆژیکی بێت، ئەوا دەشێ خودا لە یەکێک لە جیھانەکاندا بوونی ھەبێ [واتە چۆن ئێمە بیر دەکەینەوە لە دیاردەیەک کە ڕێی تێدەچێت ڕووبدات و دەڵێین لەوانەیە لە شوێنێک ڕووی دابێ یاخود ڕووبدات، چونکە دیاردەکە لۆژیکییە، بەھەمان شێوەش بوونی خودا لۆژیکییە و ڕێی تێدەچێت].

3- ئەگەر لە یەکێک لە جیھانەکان بوونی ھەبێ، کەواتە لە ھەموو جیھانەکاندا بوونی ھەیە.
[کاتێک لۆژیکی بوو ھێزێکی بێ کۆتا (زیرەک، بەتوانا، باش) بوونی ھەبێ، کەوایە بوونی پێویست و واجب دەبێت، ئەگەر نا مانای وایە ئەم ھێزە بێ کۆتا نییە و کەم و کووڕی ھەیە] بۆیە کاتێک بوونی لۆژیکی بوو، کەوایە دەبێ ھەبێ، تاوەکو ببێ بە ھێزی ڕەھا. 

4- کە لە ھەموو جیھانەکانیشدا بوونی ھەبوو، ئەوکات لە جیھانە ڕاستەقینەکەی ئێمەشدا بوونی ھەیە [چونکە ھێزی ڕەھایە و لۆژیکییە، کەواتە لە ھەموو شوێنێک دەبێ بوونی ھەبێ]. 

5- کەواتە خودا بوونی ھەیە.

بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم خاڵانە، سەرەتا ئەوە ڕوون دەکەینەوە کە چەند جۆر بوون ھەن:
1- بوونی مەحاڵ.
2- بوونی ئەگەری. 
3- بوونێک کە پێویستە ھەبێت(واجب الوجود).

ھەر بوونێک (مەحاڵ) بوو ھەبوونی یان (ئەگەری) بوو ھەبوونی بوو ئەوا مانای وایە ئەو بوونە ھێزی بێ کۆتا نییە، چونکە ئەگەری ھەیە نەبێ، کاتێکیش کەوتە ژێر ئەگەرەوە کەواتە ھێزەکەی ڕەھا نییە و خاڵی لاوازی ھەیە، بەڵام کە ئێمە توانیمان بیسەلمێنین کە بوونی ھێزێکی ڕەھا لە گەردوون لۆژیکیە، ئەوە ڕاستەوخۆ مانای وایە ئەم ھێزە بوونی ھەیە.
چونکە یەکێک لە مەرجەکانی ھێزی ڕەھا ئەوەیە کە دەبێت بوونی پێویست و واجب بێت، جا کاتێک بوونی ھێزێکی ڕەھا لۆژیکی بوو، ئەوە مانای وایە بوونی ھەیە، چونکە ئەگەر بوونی مەحاڵ بووایە یان بوونێکی ئەگەری بووایە، نەدەبوو بە ھێزی ڕەھا، بەڵکو ھێزی ڕەھا بوونی پێویستە(واجبە)، بۆیە لۆژیکی بوونی ھێزێکی ڕەھا مانای ھەبوون و واجببوونیشی دەدات، کەواتە:

1- بوونی خودا لۆژیکییە(ھێزی ڕەھا).
2- کاتێک بوونی لۆژیکی بوو پێویستە بوونی ھەبێ.
3- کەواتە خودا بوونی ھەیە.

-------------------------------------

چۆنیەتی ڕەتکردنەوەی ئەم بەڵگەیە ئەوەیە کە تۆ بیسەلمێنی ھێزی ڕەھا (زانا و بەتوانا و باش) بوونی لۆژیکی نییە، ئەمەش بە کورتی باسی لێوە دەکەم:

1- یەکێک لە ڕێگاکان بۆنموونە دەڵێن: ئایا دەکرێت خودا بەردێک دروست بکات، کە خۆی توانای ھەڵگرتنی نەبێ؟ ئەم پرسیارەش نالۆژیکیە و دەچێتە ژێر (بوونی مەحاڵ)، چونکە لە ھێزی بێ کۆتا گەورەترمان نییە ئەم قسەیە وەک ئەوە وایە بڵێی ژمارەیەکم پێ بڵێ لە بێکۆتا گەورەتربێت کە ئەمەش بوونی نییە و مەحاڵە، ھەروەھا بوونە مەحاڵەکانیش نابن بە بەڵگە بۆ نەبوونی خودا.

2- شەڕ و ناخۆشی بوونی ھەیە، کەواتە خودا تەواو باش نییە! لۆژیکییە، کە خودایەکی تەواو باش بوونی ھەبێ، لەبەرامبەریشدا ڕێگە بە بوونی شەڕ بدات، چونکە باش و خراپ تەواوکارین لە گەردووندا، بەبێ ھەبوونی خراپ، نەماندەتوانی لە مانای باش بگەین،  ھەروەھا ئەوکات سیفەتی (تەواو باش) کە سیفەتی خودایە بوونی نەدەبوو و لێی تێنەدەگەیشتین، وە ئازادی مرۆڤ نەدەبوو و تەنھا کاری باش بوونی دەبوو بەمەش ھەڵبژاردن بۆ مرۆڤ نەدەمایەوە، بۆیە بوونی خراپە بووار دەدات بە بوونی چاکە و ماناکانی، ڕەوشتی باش و خراپ، ئازادی مرۆڤ. 

3- یەکێک لە ڕەخنەکانی تر ئەوەیە کە دەڵێن: دەکرێ خودا ھەبێت و نەبێت لە یەک کاتدا؟ 
کە ئەمەش پرسیارێکی لۆژیکی نییە دوو سیفەتی دژ کۆنابنەوە لە یەک کاتدا و دەچێتە ژێر بوونی مەحاڵەوە، ڕەخنەگر خۆی ناتوانێ ئەم پرسیارە و چۆنیەتیەکەی وێنا بکات لە ھزریدا، چۆن دێت دەیکاتە بەڵگەی نەبوونی خودا؟ 

4- دەڵێن: خودا دەتوانێت کاری ھەڵە بکات؟ ئەمەش لۆژیکی نییە، چونکە باشی ڕەھا نابێ ھەڵە بکات، کاتێک وتمان باشی ڕەھا واتە خراپە بوونی نییە، ئێستا تۆ وێنای بکە چۆن دەکرێ کەسێک تەواو باش بێ و ھەڵەش ئەنجام بدات، ئەم پرسیارەش بەھەمان شێوە مەحاڵە و لۆژیکی نییە.

به‌روار: 30/06/2019
بینین: 884
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت