توێژینه‌وه‌
  زنجیرەی ئایین بیروباوەڕەکان
هامنۆ هەورامی

بەشی پازدەهەم:

سیازدەهەم/ زەردەشتیەت و کاریگەربوون و کاریگەردانان:

وەک لە پێشتردا ڕوونمام کردەوە زەردەشتییەت لە بنەڕەتدا پەیامێکی پەروەردەیی و ئاکاری بووە لە بنەڕەتدا وەک لە شەریعەتی بوون، هەر بۆیە بەپێی گۆڕانکاریە سەردەمییەکان تێکەڵاوییەکی زۆری ئایینە پێشینەکان بووە و کاریگەر بووە پێیانەوە، جگە لەوەش کاریگەری لەسەر باوەڕ و ڕێچکەکانی پاش خۆی داناوە، لەم بەشەدا بە کورتی ئاماژە بەم کاریگەریانە دەدەین:

‌‌چواردەهەم/ میترائی:
وەەک ڕوونە لە سەرەتای دەستپێکردن بەم زنجیرەیە بە تێروتەسەلی تیشکمان خستە سەر ئایینی میترائی، بۆیە بە پێویستی نازانم لێرەدا دووبارە درێژە بەم باسە بدەینەوە، ئەوەی گرنگە لێرەدا تیشکی بخەینە سەر ئەو کاریگەریانەیە کە میترائییەکان لەسەر زەردەشتییەکان بەجێیان هێشتووە:

1. باوەڕی میترائیتەکان وەهایە کە میهر خوای گەورەیە، خواکانی دیکە لەو بچووکترن، کە ئەمە هەمان بیروباوەڕی زەردەشتییەکانە بۆ خوا کە دەڵێن:
ئاهورامەزدا خوای گەورەیە و لە ئێزدەکانی گەورەترە کە دەتوانین بڵێین هەمان هزی ئەمشاسپەندانە.
2. میترائیزم لەسەر بنچینەی پەرستنی ئاگر و هێزەکانی سروشت، وەکو (با، لافاو، ئاسمان، چیا، جەنگەڵ، شەو .....) دامەزراوە، بە هەمان شێوە زەردەشتییەکانیش ئاگر لەلایان پیرۆزە و بە کوڕی ئاهورامەزدای دەزانن وەك چۆن ل یەسنا: هاتی ٦٢: بەندی ٢ دا دەڵێت:
ئەی ئاگرەکان کوڕی ئاهورامەزدا.
وە ئارتور کریستەنسن دەڵێت: هەموو دەقەکانی ئاڤێستا ئەوە دەسەلمینن کە پەرستنی توخم و ماکەکانی سروشتی یەکێك لە بنەماکانی ئایینی زەردەشتی بووە.
کەواتە پیرۆی ئاگر و توخمە سروشتییەکانیش کە لە زەردەشتییەتدا پێگەیەکی فراوانی داگیرکردبوو هەڵقوڵاوی میترائیزم بووە و کاریگەری بەسەرییەوە هەبووە.
٣. لە هەردوو ئاییندا (گا) ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و پیرۆزییەکی مەزنی پێ بەخشراوە.
٤. پیرۆزی ژمارە حەوت کە لەلای میترائیزم پلە ئایینییەکان دابەشکرابوون بۆ حەوت پلە، بە هەمان شێوەش زەردەشتییەکانیش ژمارە حەوتیان لەلا پیرۆز بووە و ئەمشاسپەندانیش بە ئاهورامەزداوە ڕیزبەندێکی حەوتی پێکدەهێنن.
٥. بوونی پلەی پیر لە هەردوو ئایینەکەدا وەك پلەیەکی بەرزی ئایینی.
٦. شەرابی هوم لە زەردەشتییەت و هیندۆسیشدا پیرۆزی هەبووە و پێوێست بووە لە میترائیزدا ئەو کەسانەی دەگەنە پلەی کلاغ (قەلەباچکە) لێی بخۆنەوە.
٧. بوونی ڕۆحی پاك و پیس لەلای میترائییەکان کە لە فەرهەنگی زەردەشتییەتدا بووەتە سپەنتامینو و ئەنگرەمینو.
٨. میترائییەکان بروایان بە نەمری گیان (ڕۆح) هەبووە، بۆیە لەسەریان پێویست بووە چاک بن و چاک بژین و کرداری چاکە بکەن هەتاوەکو گیانیان بە نەمری بمێنێتەوە (بەڵام باوەڕیان بە بەهەشت و دۆزەخ نەبووە)، ئەمەش هەمان تێڕوانینی زەردەشتییەتە سەبارەت بە گیان.
٩. میهر لە زەردەشتییەتدا یەکێکە لە ئێزدەکانی ئاهورامەزدا (بە هەمان ناو).
١٠. لە سرودە کۆنەکانی ئاڤێستادا سرودێك هەیە پێی دەگوترێت (میهر یەشت)، لەم سرودەدا هەموو سیفەتەکانی میهر وئەو کارانەی ئەنجامی داون باسیان لێوە کراوە، هاوکات پەیوەندی میهر بە خۆرەوە خراوەتە ڕوو، بۆ نموونە ئەمانەی خوارەوە چەند سیفەتێکن لە سیفەتەکانی میهر کە لە سرودی میهر یەشتدا خراونەتە ڕوو:

• لە ستایش و پەرستندا پایەی ئاهورامەزدای هەیە.
• بەخشندەی گەورەیە.
• هەزار گوێ و دە هەزار چاوی هەیە.
• چاودێری هەموو سەر زەوی ئارییەکانە.
• ئاشتەوایی و جەنگی کیشوەرەکانی بەدەستە.
• بەخشندەی بەرەکەتە.

١١. میترائییەکان پەرستگاکانیان لە نێو ئەشکەوت و ژێرزەمینەکاندا بووە بە شێوەیەکی بەرچاو، بە هەمان شێوە دەخمەی زەردەشتییەکان و ئاتەشگاکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو دوورە دەست بووە، بە نموونە وەکو ئاتەشگاکانی پاوە و بیر و سێمارەوار و چەندانی دیکە.
١٢. پیرۆزی ڕووناکی لە ئایینی میترائیزمەوە گواستراوەتەوە بۆ ئایینەکانی دیکە و سەرەتا لە ئێرانەوە برەوی سەندووە.
١٣. یەڵدا کە کاتی لەدایکبوونی میترا بووە هاوکات بووە لەگەڵ یەکێك لە جەژنە دیارەکانی زەردەشتییەتەوە.

پازدەهەم/ هندۆسی (ساناتا دارمایی):
لایەنە کاریگەربوونەکانی هندۆسی بۆ سەر زەردەشتییەت بریتین لەمانە:

1. لە ئاڤێستادا چوار باسی هیند کراوە، ئارۆنا خوای گشتی ئاسمانی پڕ ئەستێرە، خوای خاوەن ئیشەکانی ویدائی لە ئاڤێستادا گۆڕاوە بە هورمەزدا، دوا( Dewa) لە ویدادا هاتووە و لە ئاڤێستادا دەی وا Daewae)) بە واتەی شەیتان و پیس.
کەواتە لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ئێزدەکانی زەردەشتییەکان و سپەنتامینو و ئەنگرەمینو یاخود ئاهورامەزدا و ئەهریمەنیان لەگەڵ باوەڕی هندۆسەکانەوە هاوئاست بوون، بەڵام بە کەمێك دەستکاری و گۆڕاکاری تێیدا.
2. وشەی ئاهورا کە لە ئاڤێستادا وەرگیراوە هەمان ئەسووری ڤێداکانە کە هەردووکیان لە وشەی ئەسوو وەرگیراون کە بە واتای سەروەر و دۆست دەگەیەنێت.
مەزداش لە سانسکریتیدا مێزەسی پێ دەگوترێت بە واتای هۆش و هزر و زانست هاتووە و بە گشتی ئاهورامەزدا کە خوا دەگەیەنێت بە پێی فەرهەنگی زەردەشتییەت واتای دۆستی هۆشمەند، سەروەری زانا، ئەمیری ئاگا، یاوەری ژیر دێتە دێتە دەست.
لێرەشدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ناوی خوا لە فەرهەنگی زەردەشتییەتدا هەڵقووڵاوی ڤێداکانە.
٣. ئاریی ئێرانی لە سەدەکانی پێش مێژوودا لەگەڵ ئیندییەکاندا لە یەك مەنزڵگادا پێکەوە ژیاون و هەردوولا یەك بیروباوەڕ و ئایینیان هەبووە، بۆیا زۆر ئاسایی بووە کە بە شێوەیەکی سانا ڤێداکان کاریگەری بخەنە سەر ڕەگەکانی زەردەشتییەت.
٤. زەردەشت بە ڕاستکەرەوەی بڕیار و یاساکانی ویدائی ناسراوە، کەواتە ئەمە ئەوە دەردەخات لەسەر ڕێبازی ڤێدا ڕۆییشتووە، بەڵام بووەتە نوێکەرەوەك و پشتگیرێك بۆی.
٥. ئاکنی و ئانزا لە هەردوو ئایینەکەدا پارێزەری ئاگر بوون.
٦. سۆما لەلای هندۆسییەکان و هۆما لەلای زەردەشتییەکان کە خواردنەوەیەکی پیرۆزی ئارییەکان بووە و بە خواردنەوەی خواوەند دانراوە.
٧. بە پیرۆز ڕاگرتنی ئاگر لەلای هەردوو ئایین.
٨. ڕێوڕەسمی مردوو سپاردن بە شاخ لای زەردەشتییەکان پێی دەگوترێت دەخمە، ڕێوڕەسمی مردوو سوتاندنیش لەلای هندۆسەکان پێی دەگوترێت شمشانە.
٩. دابەشکردنی جیهان بۆ دوو بەرەی هێزی چاکە و خراپە.
١٠. چاوەڕوانیکردنی هندۆسەکان بۆ کەسایەتییەك کە دەتوانین بە دوایین پەیامبەری هندۆسی دابنێین کە پێی دەگوترێت (نەراشەنگسا) کە لە زەردەشتییەتیشدا هەمان شتمان هەیە بە نێوی (سۆشیانس)-ەوە.




شازدەهەم/ سەرچاوەکان:

۱. ئاڤێستا لە مێژینەترین سرودی کورد – بەرگی یەکەم – جەلیلی عەبباسی
۲. کورد لە سەرچاوە مێژووییەکاندا – عەبدوڵڵا قەرەداغی
۳. هەورامان – بەرگی یەکەم و دووەم – ئەیوبی کوێخا رۆستەم
٤. اڤستا كتاب مقدس للديانة الزردشتية – د. خليل عبدالرحمن
٥. هەندێك سەرچاوەی دیکە .....











به‌روار: 07/11/2019
بینین: 1041
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت