توێژینه‌وه‌
  بەڵگەی_دیزاین
محمد عبدالعزیز

بەشی پێنجەم: زمانى خودا يان مەیمونە نووسەرەکە؟!

بۆماوەماددەی زیندەوەران(DNA) پێکھاتووە لە جین و جیناتەکانیش ھەمووی کۆد لەخۆ دەگرن، کە ئەم کۆدانە بەرپرسن لە دروستکردنی پڕۆتین، و نەخشەی بنیاتنەرن (کتێبی نەخشەسازین بۆ بنیاتنان و بەڕیوەبردنی کاری لاشە)، نەک لە کۆد بچن و پێبچێت زانیاری لە خۆ دەگرن و ئەم شتە لێکدانەوە و خەیاڵی ئێمە بێت! بەڵکو ھەر بەڕاستی کۆدن و زانیاری لەخۆ دەگرن و مانادارن، ھەر وەک کۆمپیوتەر کە پێکھاتووە لە کۆد کە (bit)ی پێدەگوترێت.

(101100101010110011011010) بەم شێوەیە، و ئەم کۆدانە لەڕێگەی ژمێریارییەوە بە کارەکانی کۆمپیوتەر ھەڵدەستن، کەس ناتوانێ ئینکاری لەمە بکات کە کۆمپیوتەر دیزاین نەکراوە و بەرھەمی ژیری نییە! بەڵام (DNA) کە بەھەمان کار ھەڵدەستێت و نەخشەساز و بنیاتنەرە! و کۆدەکانیشی مانادارن چونکە ھەڵدەستن بە دروستکردنی پڕۆتین بۆ بنیاتنان و گەشەکردنی لاشە، زانای جیناتی مرۆڤ (Francis Collins) کە بەڕێوەبەری پڕۆژەی جیناتی مرۆڤبووە لە ئەمریکا، لە کتێبەکەیدا ناوی لێناوە زمانى خودا (The language of God)، بۆیە ئەمە ناکرێت ناوی بنێین ھەڕەمەکی! چونکە ڕیزبەندی و ئاڵۆز و مانادارە و دوبارەش نابێتەوە، بەڵکو دیارە کە بەرھەمی ژیرییە.

یەکێکی تر لە بەرپرسانی پڕۆژەی جیناتی مروڤ و زانای بایۆلۆجی (Craig venter) توانی بە کۆمپیوتەر (DNA) دروستبکات، و بیخاتە خانەیەکی پڕۆتینی و بەمەش بەکتریایەکی تازە دروست بوو، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دروستبوونی (DNA) بە ڕێککەوت ناکرێت بەڵکو بە عەقڵ(Intelligent) ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕوویدا پڕوپاگەندەکان کە بانگەشەی ئەوەیانکرد توانراوە ژیان دروست بکرێت! لەکاتێک خودی (کریگ ڤنتەر) دەڵێت ئێمە تەنها جۆرێکی تازەی زیندەوەرمان دروستکروە (new species) نەک ژیان.

تیۆرێک هەبوو بە ناوی
the Infinite Monkey Theorem
تیۆری مەیمونی بێکۆتا، کە دەیگوت ئەگەر بێ کۆتا مەیمونمان ھەبێ و بەدرێژایی تەمەنیان لە کیبۆردێک بدەن ئەوا دەتوانن شعرەکەی شیکسپیر (Sonnet) بنووسنەوە بە ڕێککەوت، بۆیە ژیانیش بەھەمان شێوە لەسەر (DNA) ڕێککەوتووە و نوسراوەتەوە بەھەڕەمەکی چونکە گەروون تەمەنێکی گونجاوی هەیە بۆ ڕێککەوتنی ژیان.
بۆیە لە ساڵی (2003) تاقیکردنەوەیەک کرا لەسەر ئاستی زیرەکی مەیموون و زاناکان ھەڵسان بۆماوەی مانگێک شەش مەیموونیان دانا کە نووسین بکەن لەسەر کۆمپیوتەر و پێشتر فێری چۆنیەتی له کیبۆرددانی کردبوون! ئەم مەیموونانە لەم ماوەیەدا 5 لاپەڕیان نووسی! ئەنجامەکەش ئەوە بوو کە ئەو پێنج لاپەڕە پیتێکیشی ڕاست نەبوو نەک وشەیەک! واتە تەنانەت یەک پیتی A سەربەخۆ نەبوو تیایدا کە کەوتبێتە نێوان دوو بۆشاییەوە و بڵێین ئەوە پیتێکیان نووسیوە بە ڕاستی! بەڵکو ھەمووی تێکەڵ و پێکەڵ بوو بەم جۆرە:
ADHFKSH FKEJEHE KHDJEGW DHAHDKEG MCNXKQPR HZKAB
کە ئەمەش ھیچ واتا نادات، پرسیار لێرە ئەوەیە ئەگەر زیندوو نەیتوانی شتێکی مانادرا دروستبکات؟!
چۆن ماددەیەکی مردوو ئەنجامی دەدات و زیندەوەر بەدیدێنێت و (DNA) بەرھەمدێنێت کە لە 3 ملیار پیتی مانادار پێکھاتووە؟

دواتر گیرالد شرۆدەر (Gerald Schroeder)
زانای فیزیای ناووکی و فیزیای گەردووناسییە، ھەڵسا بە لێکۆڵینەوە لەسەر ھۆنراوەیەکی (شکسپیر) کە لە نزیکەی 488 پیت پێکھاتووە،
بۆی دەرکەوت کە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەم پەخشانە بەهەڕەمەکی بریتییە لە (1×10^-690)، ئەم ژمارەی خوارەوە ببینن:
1/100000000000000000000000000000
000000000000000000000000000
00000000000000000
00000000000000000

ئەو ژمارەیە بریتییە لە تەنھا یەک لەسەر (10) توان (90)، ھێشتان 600 سفری تر ماوە بۆی دابنێم! واتە ئەبێ ئەم ھەموو جارە ڕووداوەکە دووبارە ببێتەوە ئینجا دانەیەک بۆی ھەیە سەربگرێت!
ئایا ئەمە چاوەڕوانکراوە! بەڕای تۆ دەشێت ڕووبدات؟
کە ئەم ئەگەرە بەجۆرێکە کە ھەموو ڕووداوەکانی گەردوون کۆبکەینەوە و وای دابنێین ھەموو دوبارە دەبنەوە تەنھا تاوەکو ئەم پەخشانە دروستبکەن ئەوا ناتوانن ببگەن بەم ھەموو ئەگەرە، چونکە تەمەنی هەموو چرکەکانی گەردوون بریتییە لە 1×10^22 وە ژمارەی هەموو تەنۆلکەکانی گەردوون بریتییە لە 1×10^80.

ئەگەر ھەموو تەنۆلکەکانی گەردوون بکەین پیتی کیبۆرد و ھەریەکەیان مەیمونێک بێت، کە ژمارەی تەنۆلکەکانی گەردوون دەکاتە (1×10^80) واته ژمارەی مەیمونەکانمان بریتین لە:-
100000000000000000
0000000000000000000000
00000000000000000000000
000000000000000000
ئەوەندە مەیموونە.

وە ئەمانە ھەڵبستن بە نووسین لەسەر کۆمپیوتەر، و ھەریەکەیان لە چرکەیەکدا ملیۆنێک پیت بنووسن، و بەدرێژایی تەمەنی گەردوون كه 13.8 مليار ساڵ بەردەوام بن! ئەوا ژمارەی ڕووداوەکان دەکاتە تەنھا (1×10^90) ھێشتان 1×10^600 ڕووداوی تر دەمێنێ! (واتە تەنھا یەک 90 و سفر لەدواوەیدا، و ھێشتان 600 سفری تر دەمێنێ)!
واتە تەمەنی گەردوون درێژبکەینەوە بۆ ملیار ملیار ملیار ساڵی تر و کێشی گەردوون ملیار ملیار ملیار جار و چڕیەکەشی ملیار ملیار ملێار جار زیاد بکەین ئەوا ھێشتان ئەم مەیمونانە ناگەن بەوەی کە بتوانن (10^690) جار ھەوڵ بدەن و بەھەڕەمەکی بتوانن ھۆندراوەکەی شیکسپیر بنووسنەوە، بەڵکو وزە و تەمەنی گەردوون ھەرگیز بەشی ئەم ئەگەرە ناکات کە بگەن بەو ڕووداوە ئەگەر ملیاران ساڵی تریش تەمەنی گەردوون زیاد بکات.

دەی ئەگەر ھۆنراوەیەکی (شیکسپیر) کە لە نزیکەی 488 پیت پێکھاتووە بە ڕێککەوت دوبارە بوونەوەی مەحاڵ بێت! چۆن (DNA) بە ڕێککەوت دروست دەبێت؟ کە زۆر ئاڵۆزترە و لە 3 ملیار پیت پێکھاتووە، و لەچاو ھۆندراوەکە کتێبخانەیەکە!!!

بۆچی ھۆنراوەیەکی سادە دەلالەت لە ژیری دەکات و بەبێ داڕشتن و عەقڵ دروستناکرێت و داناھێندرێت! بەڵام بنیاتنەری خانە دەبێت بەھەڕەمەکی بێت و کۆدی جیناتەکان ڕێککەوت بێت؟!

لەڕاستیدا ئەمە وای کرد فەیلەسوفی بێباوەڕ (ئەنتۆنی فلۆ) دوای بانگەشەی نەبوونی خودا 80 ساڵ، لەکۆتاییدا باوەڕ بە بوونی بەدیهێنەرێک بێنێت و بڵێت خودایەک ھەیە و گەردوونی دیزاین کردووە و وتی باوەڕبوون بەم ئەگەرەی کە مەیموون ھۆنراوەیەکمان بۆ بنووسێتەوە خەیاڵاتێکی پڕوپوچه، بۆیە ڕێکخستن بەھەڕەمەکیش بەھەمان شێوە، لە ساڵی 2007 کتێبێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە بەناوی خودایەک هەیە(There is a God).

ئێستا بەڕای تۆ هەبوونی ژیان ڕێککەوت و ھەڕەمەکییە یان ژیان بەدیهێندراوە لەلایەن خودایێکەوە و بەرهەمی زیرەکییە؟!


---------------------------------------
(1) CNN reports | Scientist: We didn't create life from scratch.

(2) CBS news: The Odd Truth, May 9, 2003.
the monkey theorem proven wrong.

(3) دەتوانن لە بڕێ ئەم کتێبە (There is a God) خوێنەری کتێبی (گەشتی عەقڵ)بن کە (د.عمرو شەریف) بەشی یەکەمی کتێبەکەی لەسەر ئەنتۆنی فلۆ و کتێبەکەی دەڕووات.
به‌روار: 14/11/2019
بینین: 997
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت