توێژینه‌وه‌
  زنجیرەی ئایین و بیروباوەرەکان
هامنۆ هەورامی

بەشی حەڤدەهەم:

زەردەشتیەت و کاریگەربوون و کاریگەردانان:

بیستەم/ ڕێوچەی یارسان:

یارسانەکان یەکێکن لە ڕێوچە دیار و ناسراوەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی کە بەشێوەیەکی ئاشکرا لە سەدەی سێیەمی کۆچییەوە دەرکەوتن و بە درێژایی مێژووی پاش ئەو سەدەیە بەردەوام بوون لە ڕۆڵ و چالاکییەکانیان هەتاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ.
ان شاء الله لە کاتی خۆیدا ئاوڕ لەم باسە دەدەینەوە و ئاماژە بە لایەنە جوداجوداکانی ئەم ڕێوچەیە دەدەین
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو کاریگەریانەیە کە زەردەشتیەت بەسەر یارسانەکانەوە هەیانبووە:

1. سان سەهاکی بەرزنجی (سوڵتان ئیسحاق) ڕابەری ئایینی سەرەکی یارسانەکان چەند دەورە و حەلقەیەکی پێكهێنا کە زۆرینەیان حەوت بوون، وەکو:
هەفتەن، هەفتەوانە، حەوت خەلیفە.
کە شیوەی دابەشکاری ئەم حەلقانە هەمان شێوەی ئەمشاسپەندانی زەردەشتییەکانە.
2. پەرتوکی سەرەکی پیرۆزی یارسانەکان بریتییە لە سەرەنجام، شێوازی داڕشتنەوەی ئەم پەرتوکە لێکچوونی تەواوی هەیە لەگەڵ پەرتوکی پیرۆزی زەردەشتییەکان (ئاڤێستا)، هەردووکیان لە شەش بەش پێکهاتووە، هەردووکیان بەشی یەکەمیان گرنگترین بەشیانە کە بریتین لە (یەسنا لە ئاڤێستا و بارگە بارگە لە سەرەنجامدا) جگە لەوەش ژمارەی بەندەکانیان هاوشێوەی یەکن.
هەروەها کۆتا بەشی هەردوو پەرتوکەکەش ناویان (خوردە ئاڤێستا و خوردە سەرەنجام)-ە.
٣. ئاگر و ئاتەشگا بە هەمان شێوەی زەردەشتییەکان، لەلای یارسانەکانیش پیرۆزییەکی یەجگار زۆری پێبەخشرەوە.
٤. لە چەند دەقێکی یارسانەکاندا ناوی زەردەشت هاتووە و بە گرنگییەوە ئاماژەی پێ دراوە، وەکو:

ئەو ئاتەشخانە ئەو ئاتەشخانە
بارگەی شام وستەن ئەو ئاتەشخانە
زەردەشتش کیاست پەرێ فەرمانە
بەرگوزیدەش کەرد نە ڕووی زەمانە

هەروەها لە سەرەنجام، لاپەڕە ٥٠ – ٥١ دەڵێت:

مێردان خواجام مێردان خواجام
پەرێ ئازمایی مێردان خواجام
زەردەشت پەیدا بی وە فەرمان شام
ئاوێستاش ئاوەرد پەرێ خاس و عام

کەواتە پەیوەندی یارسان بە زەردەشتییەتەوە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بۆ فراوانکردنی بیروباوەڕی ڕێوچەکەیان سوودیان لێوە وەرگرتووە و خۆشیان دانیان پێدا ناوە، وەك چۆن بابا سەرهەنگی دەودانی دەڵێت:

سەرهەنگ دەودان سەرهەنگ دەودان
ئەز کە نامێمەن سەرهەنگ دەودان
چەنی ئێرمانان مەگێڵم هەردان
مەکۆشم پەرێ ئایین کوردان








بیستو یەکەم/ سەرچاوەکان:

• نامەی سەرەنجام یان کەلامی خەزانە – دکتۆر سدیقی سەفی زادە (بۆرەکەیی)
• کاریگەری ئاڤێستا بەسەر ڕابەران و پیرانی یارسانەوە – ئەیوبی کوێخا رۆستەم
• ئازگار – بەرگی دووەم - ئەیوبی کوێخا رۆستەم
• دونیای زەردەشتییەت – بەرگی یەکەم
به‌روار: 16/11/2019
بینین: 1139
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت