توێژینه‌وه‌
  بەنو قوڕەیزە بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە
ئامادەکردنی:هامنۆ هەورامی
بەشی یەکەم

بەڕێزان وەك دەزانن ڕووداوی بەنو قورەیزە زۆرترین قسە و قسەڵۆکی لەسەر کراوە و لەم بارەشەوە ئیسلام بە تیرۆریست و بکوژ و کۆکوژ لە قەڵەم دراوە, کێشەکانیش لەوەدایە موسوڵمان و یەهودی و نا موسوڵمانیش هەتاوەکو ئێستا نازانن (بنو قریضة) کێن و کەیی و چۆن هاتوون بۆ نیمچە دورگەی عەرەبی، وە هەتاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی مەنهەجی نەکراوە بۆ ئەم یەهودییانە و تەنانەت یەهودییەکانی مەدینە لەلای خودی یەهودییەکانیش بزرن و نە ناسراون و لە تۆمارەکانیاندا بوونیان نییە.

لەوانەیە کەسێك بپرسێت: باشە خۆ تازە ڕووداوەکە ڕوویداوە و ناسین و نە ناسینی ئەو یەهودییانە چی سوودێکی دەبێت ؟
وەڵام : بە بەهرەوەردی خوایی من هەستاوم بەم لێکۆڵینەوەیە و یەکەم کەسم کە مێژووی پێش هاتنی یەهود باسدەکەم و هۆکاری هاتنیان بۆ ئەو ناوچەیە و هۆکاری دژایەتییان بۆ ئاینی ئيسلام و چۆنیەتیى ژیانیان و تێکەڵاوییان لەگەڵ عەرەبی ناوچەکەدا وە زۆر خاڵی ديكەشم وروژاندووە کە ئەم ڕاستییانەمان زانی ئەو کات دەزانین ئەو کوشتارە بەو شێوەیە نەبووە کە دەماودەم بۆمان باسکراوە و مێژوونووسەکان تۆماریان کردووە .
با سەرەتا بزانین ئەم یەهودييانه ناويان بنو قریضة بووە یاخود بنو قریظة ؟
ئايا بزانین ( قریضة ) مانای چییە ؟


قریضة:
یەهودييەکان لە من باشتر دەزانن کە ئەو ناوە عیبری نییە, وە ئەو ناوە لەناو جوودا نەك نامۆیە بەڵکو بوونی نییه, له زمانی عيربیدا ( بنو یان بني ) بە مانای نەوە دێت, وە (بنو قریضة) واتاى نەوەی قریضة دەگەیەنێت، بنەڕەتی قریضة لە ( قرض ) هاتووە کە خۆمان پێی دەڵێین قەرز, قرض واتا بڕین وە بە مقەستیش دەڵێن (مقراض), کاتێك ئێمە قەرز دەکەین دەبێت مانگانە شتێك لە داهاتمان ببڕین و لایدەین بۆ ئەوەی بیدەینەوە بە خاوەن قەرز.

مشکیش کە شت دەخوات پێی دەڵێن: (یقرض) چونکە پارچەی ورد دەبڕێت و لەو خواردنه پاشماوە دەمێنێتەوە کە خواردوویەتى.
بەرگدروویش هەمان شتە لە زمانی عەرەبدا, چونکە قوماشەکە دەبڕێت و پاشان ڕێکی دەخات بۆیە لە زمانی عەرەبیدا و لە وێژە و هۆنراوەکانیاندا دەڵێن :
إِنَّ فُلَانًا وَفُلَانًا يَتَقَارَضَانِ الثَّنَاءَ

کاتێک دووان هۆنراوە بەرانبەر یەکدى دەخوێنن دەبێت هەریەکەیان قەرزی بەرامبەر بداتەوە و وەك خۆی وەڵامی بداتەوە, ئەگەر باشی گوت بەرامبەریش قەرزارە و دەبێت باش بيڵێت ئەگەر خراپیشى گوت ئەویش بە خراپ وەڵامی دەداتەوە.
ئەوە پێی دەڵێن قَرْضَ الشِّعْر.
لە قورئانیشدا باسی یارانی ئەشکەوت دەکات و دەفەرموێت:

{إذا غربت تقرضهم ذات الشمال}
واته: کاتێك خۆرئاوا دەبوو لەلای ڕاستی لێ دەبڕین و لەلای چەپی گەرمیی دەدانێ.

کەواته (بنو قریضة) واتاى نەوەی بڕدراوەکان یاخود دابڕاوەکان یاخود لێک بڕدراوەکان وە ئەمانە لە بنو اسرائیل بڕدراون یاخود دابڕاون, عەرەب ئەو ناوەی لێ ناون چونکە (قریضة) ناو نییە لەلای عەرەب و وەك سیفەت داویانەتە پاڵ ئەو کەسانەى کە دابڕدراون لە نەتەوەی خۆیان و کۆچیان کردووە بۆ نیمچە دوورگەی عەرەبی و بە دابڕدراوەکان ناسراون.
بۆ زانیاریشتان (قریضة) لەسەر کێشی ( فعیلة )-يه و دەبێت بە (صفة) واته ناو نییە وەك چۆن دەڵێن ذبیحة, نطیحة, سمیكة ۰۰۰ هتد.

با ئێستا بێین بزانین ( قریظ یان قریظة ) چ واتایەك دەبەخشێت؟

قریظة:
زمانی عەرەبی بە زمانی (الضاد) ناسراوە و ئەم ناونانەش هیچ بنچینەیەکی نییە و فەرموودەیەك هەیە باس لە زمانی (ضاد) دەکات ئەو فەرموودەیە هيچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و دەتوانن لێرە زانیاریی زیاتر وەر بگرن

http://www.alukah.net/literature_language/0/40000/ (1)

عەرەبیش جاران زمانی قسەکردنیان هەبووە نەک نوسین, بۆیە ( ض و ظ ) شێوازی دەربڕینی دەنگەکانە بە گوێرەی دەرچوونیان لە لێوەوە, بۆیە ئەگەری ناوی (بنو قریضة) بە (بنو قریظة )-ش وەردەگرین, چونکە لە پەرتوك و سەرچاوەکاندا بە ( قریظة ) نووسراوە نەك به (قریضة ).

لە زمانی عەرەبیدا (القَرَظَ) هەیە، Acacia)) دارێکە جۆری زۆرە و بۆ زۆر چارەسەر بەکاردێت وە شیلەکەی بۆ کەتیرە و خۆشەکردنی پێستە بەکار دێت.
هەرکەس کاری کۆکردنەوەی ئەو شیلەیە بکات پێی دەڵێن القارظُ لە ناو عەرەبیشدا پەندێك هەیە دەڵێن :
(لا يكون ذلك حتى يَؤوبَ القارِظان).
دەڵێن دوو کەس هەبوون چوون ئەو شیلەیە کۆبکەنەوە و مردوون و نەگەڕاونەتەوە, بۆیە هەرکەس دیار نەبێت ئەو پەنده دەڵێن بۆ کەسی بزر هەتا دەگەڕێتەوه.

ئەگەر یەکێکیش ستايشى کەسێك بکات پێی دەڵێن (التقْرِيظُ) وە زۆر کەس ناویان (القَرَظِ ) بووە وەك بانگبێژی پەیامبەر (ﷺ) "سَعْدُ القَرَظِ" هەروەها هاوەڵی بەڕێز (قَرَظَةُ بنُ كَعْبٍ), هەروەها کاتێك دەڵێن (قَرَظِيٌّ یان قُرَظِي) مەبەستیان لە ناوچەیەکە لە یەمەن, گەر ئەگەری ئەوە وەربگرین ئەم یەهودیانەی (بنو قریظة) لە یەمەنەوە هاتبێتن و لە مەدینە نیشتەجێ بووبێتن دەبووايه ناویان (بنو قرظ) بووایە نەك (بنو قریظة), پاشان هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی باوەڕپێکراو نیيە بیسەلمێنێت کەیى و چۆن یەهودی چوون بۆ یەمەن کە ناسراون بە یەهودی (תֵּימָנִים تيمانيم).

سەرچاوەیەك هەیە دەڵێن پاش ڕووخانی یەکەمی هەیکەلی سولەیمان ساڵی (585)-ی پێش هاتنی مەسیح ئەم یەهودیانە چوون بۆ یەمەن بۆ زێڕ کۆکردنەوە هەتاوەکو بتوانن جارێکی ديكه هەیکەل دروست بکەنەوه.
بەڵام ئەمە تەنها قسەیە و هیچ بەڵگەیەك نییە پشتڕاستی بکاتەوە.

کەواتا تا ئێستا بنەڕەتی (بنو قریضة یاخود بنو قریظة) نەزانراوە و نەناسراوە لەلای یەهودی و لەلای موسوڵمانیش ئەمانە خەڵکی کوێ بوون ؟
کەیى و چۆن چوون بۆ (یثرب) وە بۆچی چوون بۆ مەدینە؟
ئایا (بنو قریظة)-ن یان قریضةن ؟
بە هەردووك واتاكه لەلای یەهودی و له زمانی عیبریدا بوونیان نییە.
هەروەها ئەم یەهودیيانه بەوە نەناسراون کە کاریان کۆکردنەوە یان کارکردن و فرۆشتنی ئەو جۆرە شیلەیە بێت.
بۆیە هەموو ئەگەرەکان دەڵێن ئەمانە (بنو قریضة)-ن, وە یەهودی یەمەن نین, چونکە بەڵگەی بەهێز نییە بۆ ئەوەی بزاندرێت کەی یەهودییەکان چوون بۆ یەمەن؟
به‌روار: 24/11/2019
بینین: 494