توێژینه‌وه‌
  بەنو قوڕەیزە بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە
ئامادەکردنی:هامنۆ هەورامی
بەشی سێیەم
عوزەیر کێیە؟

پەیامبەرێك هه‌یه‌ به‌ ناوی عه‌زرا وه‌ له‌ قورئاندا به‌ (عوزه‌یر) ناوی هاتووه‌ له‌ ئایه‌تی (۳۰)ـی سوره‌تی التوبةدا، وه‌ گومانێك هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئایه‌ته‌ و ده‌ڵێن کوا له‌ ته‌وراتدا نووسراوه‌ عوزه‌یر کوڕی خودایه‌؟
فه‌رموون ئه‌وه‌ پەرتوکی پیرۆز و ئه‌و بڕگەیەمان نیشان بده‌ن، یاخود بۆمان بسه‌لمێنن چۆن یەهودییەکان ده‌ڵێن عوزەیر کوڕی خوایه‌؟
بۆیە سەرەتا عوزەیرتان پێ ده‌ناسێنین به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌کانی ته‌ورات، پاشان لەسەر بە خوا دانینی دەدوێین.
پێش سبیی بابل ئیرمیا که‌ یه‌کێکه‌ له‌ پەیامبەرانی نەتەوەی ئیسرائیل له‌ سفری ئیرمیا و سفری مراثی ئیرمیادا باسی یەهودییەکان و نەتەوەی ئیسرائیل ده‌کات که‌ گشتیان شوێن بت په‌رستی که‌وتبوون، وه‌ خه‌ڵکێکی زۆر که‌می یەهودی شوێن ته‌ورات و شه‌ریعه‌تی موسا که‌وتبوون، وه‌ ئیرمیا له‌ به‌شی (۲۷)ـدا پێیان ده‌ڵێت:
خوا ده‌تانخاته‌ ژێر ده‌ستی (نبوخذنصر)، چونکه‌ گشت نەتەوەی ئیسرائیل بوون به‌ بت په‌رست.
ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یەهودییەکان خراپەکار و لەڕێلادەر بوون و شوێن پیاوچاکه‌کانیان نه‌که‌وتوون و له‌و سەردەمەدا بتیان پەرستووە.
بۆیه‌ له‌ ساڵی (٥۸٦)ـی پێش هاتنی مەسیح (نبوخذ نصر) ئورشه‌لیم (قودس)ـی تێکدا وه‌ هه‌یکه‌لی یەهودییەکانی ڕووخاند و گشت پەرتوکەکانیانی سووتاندن و یەهودییەکانی ڕاپێچکرد به‌ره‌و بابل که‌ پێێ ده‌ڵێن (سبي بابل)، وە پاشماوەی نەتەوەی ئیسرائیلیش له‌گه‌ڵ ئیرمیادا هه‌ڵهاتن بۆ میسڕ بۆ لای فیرعه‌ونییه‌کان، که‌واته‌ نەتەوەی ئیسرائیل له‌ بت په‌رستی وهاوبەشدانان بۆ خوای تەنها چوون بۆ بت په‌رستی و هاوبەشدانانێکی دیکە له‌ بابل وه‌ هیچ په‌رستگا و پەیامبەر و پیاو چاکێکیان نه‌بوو له‌ بابلدا.

(١٠٠) ساڵیش له‌ بابل مانه‌وه‌ له‌سه‌ر بت په‌رستن، وه‌ له‌ ماوه‌ی پێش ڕاپێچییەکەی بابل و ئەو (١٠٠) ساڵه‌ی که‌ له‌ بابل بوون نەتەوەی ئیسرائیل له‌ منداڵه‌کانی ئیسرائیل ده‌رچوون وه‌ ئه‌و ناوه‌ و ئه‌و نازناوه‌یان نه‌ما، چونکه‌ له‌ ڕێگه‌ و ڕێچکه‌ی ئیبراهیم (ﷺ) ده‌رچوون، وه‌ له‌ خواپه‌رستییەوە به‌رەو بت په‌رستی چوون وه‌ شه‌ریعه‌تی ئیبراهیم و یەعقوب و موسا (سڵاوی خوایان لێبێت) ده‌ڵێت: کاتێك نەتەوەی ئیسرائیل ده‌چنه‌ سه‌ر ئایینی بت په‌رستان و خوای ئیبراهیم ناپه‌رستن و له‌ ڕێچکه‌ی ده‌رده‌چن شایه‌نی ئه‌وه‌ نین ببن به‌ ڕۆڵه‌کانی ئیسرائیل چونکه‌ دوای خوای ئیسرائیل نه‌که‌وتوون و دوای خوای بت په‌رسته‌کان که‌وتون.

پاش ئه‌وه‌ی له‌ بابل نیشته‌جێ بوون ڕۆڵه‌کانی ئیسرائیل بوون به‌م یەهودییانەی ئێستا که‌ ده‌یانناسین، چونکه‌ ڕاپێچکرابوون بۆ وڵاتی بابل و له‌ ناو بت په‌رسته‌کاندا بوون و خه‌ڵکی گاڵته‌ی پێ ده‌کردن به‌ دابونەریت و جل و به‌رگ و هه‌موو شتێکیان، بۆیه‌ ده‌بینین یەهودییەکان دوور له‌ خه‌ڵك و دوور له‌ شاره‌کان و شوێنه‌ گشتییه‌کان ده‌ژیان، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزراوبن له‌ سوکایه‌تیی خه‌ڵکی، وه‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراویان بۆ خۆیان دروست کرد، وه‌ تاکو ئێستاش به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ژین له‌ جیهاندا، وه‌ کۆمه‌ڵگای یەهودی ئایینی له‌ بابله‌وه‌ دروستکرا، وه‌ هه‌ستیان کرد که‌ ئه‌و ڕاپێچکردنه‌ سزای خودایه‌ بۆیان.

که‌واته‌ یەهودییەکان (١٠٠) ساڵ له‌ بابل ژیان له‌ناو بت په‌رسته‌کاندا وه‌ پێش ئه‌وه‌ش بت په‌رست بوون، وه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی موسا (ﷺ) ده‌رچووبوون, وه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا عوزه‌یر یاخود عه‌زرا وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن په‌یدا بووه‌ له‌ دۆخێکی بت په‌رستیدا، وه‌ هیچ ده‌قێك نییه‌ له‌ ته‌وراتدا بڵێت: عه‌زرا پەیامبەر بووه‌، به‌ڵکو ده‌ڵێن کاهین بووه‌، ئه‌گه‌ر کاهین بووه‌ له‌ کوێ کاهین بووه‌؟
خۆ بابلیه‌کان ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ به‌ یەهودییەکان که‌نیشت دروست بکه‌ن و ڕێوڕه‌سمی ئایینه‌که‌یان به‌ڕێوه‌به‌رن.

وه‌ له‌ پاش ڕووخاندنی شانشینی کلدانییەکان لە بابل له‌ لایه‌ن کۆرشی مه‌زنه‌وه‌، پاش (١٠٠) ساڵ له‌ ڕاپێچی یەهودییەکان کۆرشی پاشای هەخامەنشییە فارسەکان فه‌رمانی ده‌رکرد ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئورشلیم، وه‌ یه‌که‌م وه‌فدیان که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ (٤۲.۳٦۰) که‌س بوون، وه‌ په‌یمانیاندا به‌ فارس که‌ گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی هەخامەنشییەکان ببن وه‌ سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌تی هەخامەنشی بن و باجبده‌ن به‌ ئیمپڕاتۆرییەتەکەیان.
وه‌ عەزرا یاخود عوزه‌یر نووسەر بوو له‌ کۆشکی (ارتحتشستا)ـی هەخامەنشی.

وه‌ (ارتحشتا) فه‌رمانی کرد عوزه‌یر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئورشەلیم و له‌وێ په‌رستگای خوا بنیات بنێته‌وه‌ و پەرتوکی خوا بنووسێته‌وه‌ .. عوزه‌یریش گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئورشەلیم و به‌ گوێره‌ی فه‌رمانی پادشای هەخامەنشی جارێکی دیکە په‌رستگای بۆ یەهودییەکان دروست کرد و ته‌وراتی بۆ نووسینه‌وه‌، که‌واته‌ نووسینه‌وه‌ی ته‌ورات له‌ لایه‌ن خواوه‌ نه‌بووه‌ به‌ڵکو به‌ فه‌رمانی پادشای هەخامەنشی بووه‌، وه‌ عوزه‌یر پەیامبەر نه‌بووه‌ به‌ڵکو نووسەری پادشای هەخامەنشی بووه‌.

خۆشتان ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سفری عه‌زرا به‌شی ۷ له‌ بڕگەی ۱ هه‌تا ۱۰ باسی عه‌زرا ده‌کات كه کێيه‌؟
وه‌ کاتێك ده‌یخوێنیته‌وه‌ تێده‌گه‌یت ئه‌م سفره‌ عه‌زرا خۆی نه‌ینووسیوه‌ و یه‌کێکی دیکە نووسیوییەتی، چونکه‌ ده‌ڵێت: ئه‌م عه‌زرایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌!
ئه‌گه‌ر خۆی بینووسیبایه‌ ده‌نووسرا من عه‌زرای کوڕی فڵان کوڕی فڵان هاتم به‌مشێوه‌یه‌م کرد، ئەمەش دەقەکە:
۱
پاش ئه‌م شتانه‌ و له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشای فارس، عه‌زرا كه‌ كوڕی سه‌رایا كوڕی عه‌زه‌ریا كوڕی حیلقیا
۲
كوڕی شه‌لوم كوڕی سادۆق كوڕی ئه‌حیتوڤ
۳
كوڕی ئه‌مه‌ریا كوڕی عه‌زه‌ریا كوڕی مه‌رایۆت
٤
كوڕی زه‌ره‌حیا كوڕی عوزی كوڕی بوقی
٥
كوڕی ئه‌بیشوه‌ع كوڕی فینه‌حاس كوڕی ئه‌لعازاری كوڕی هارونی سه‌رۆك كاهین بوو،
٦
ئه‌م عه‌زرایه‌ له‌ بابله‌وه‌ سه‌ركه‌وت. مامۆستایه‌كی به‌ توانا بوو له‌ ته‌وراتی موسا، یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل پێیدابوو. پاشاش هه‌موو ئه‌وه‌ی داوای كردبوو پێیدابوو، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆی له‌گه‌ڵی بوو.
۷
هه‌ندێك له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل و له‌ كاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و پاسه‌وان و كۆیله‌ ته‌رخانكراوه‌كان له‌گه‌ڵی به‌ره‌و ئۆرشه‌لیم سه‌ركه‌وتن، له‌ ساڵی حه‌وته‌می ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشا.
۸
عه‌زرا له‌ مانگی پێنج له‌ ساڵی حه‌وته‌می پاشادا گه‌یشته‌ ئۆرشه‌لیم.
۹
له‌ مانگی یه‌كه‌وه‌ ده‌ستی پێكردبوو له‌ بابله‌وه‌ سه‌ربكه‌وێت و له‌ یه‌كی مانگی پێنجدا گه‌یشته‌ ئۆرشه‌لیم، به‌پێی ئه‌وه‌ی ده‌ستی چاكه‌ی خوداكه‌ی له‌سه‌ری بوو،
۱۰
چونكه‌ عه‌زرا خۆی ته‌رخان كردبوو بۆ خوێندنی ته‌وراتی یه‌زدان و كاركردن پێی، بۆ ئه‌وه‌ی ئیسرائیل فێری فه‌رز و دادوه‌ری بكات.


وه‌ له‌ بڕگەی ۱۱ بۆ ۲۸ دا نووسراوه‌ چۆن جارێکی دیکە ته‌وراتی نووسیوه‌ته‌وه‌ و به‌ فه‌رمانی پادشای هەخامەنشی نووسراوه‌ نه‌ك به سروشی خوايى!؟ (٦)
ئەمەش خودی دەقەکە:

۱۱
ئه‌مه‌ش وێنه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشا دایه‌ عه‌زرای كاهین و مامۆستا، مامۆستای بابه‌ته‌كانی فه‌رمان و فه‌رزه‌كانی یه‌زدان بۆ ئیسرائیل:
۱۲
له‌ ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشای پاشایانه‌وه‌،
بۆ عه‌زرای كاهین و مامۆستای ته‌وراتی خودای ئاسمان.
پاش سڵاو.
۱۳
له‌لایه‌ن منه‌وه‌ فه‌رمانێك ده‌رچووه‌ كه‌ هه‌ركه‌سێك له‌ناو پاشایه‌تییه‌كه‌ی من له‌ گه‌لی ئیسرائیل و كاهین و لێڤییه‌كان بیه‌وێت له‌گه‌ڵ تۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئۆرشه‌لیم با بگه‌ڕێته‌وه‌.
۱٤
تۆ له‌لایه‌ن پاشا و حه‌وت ڕاوێژكاره‌كه‌یه‌وه‌ نێردراویت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم بكۆڵیته‌وه‌، به‌گوێره‌ی ته‌وراتی خوداكه‌ت كه‌ به‌ ده‌ستته‌وه‌یه‌،
۱٥
هه‌روه‌ها بۆ باركردنی ئه‌و زێڕ و زیوانه‌ی كه‌ پاشا و ڕاوێژكاره‌كانی به‌ ئازادی به‌خشیویانه‌ به‌ خودای ئیسرائیل، ئه‌وه‌ی نشینگه‌كه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیمه‌.
۱٦
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و زێڕ و زیوه‌ش كه‌ له‌ هه‌رێمی بابل به‌ ده‌ستت ده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵ به‌خشینه‌ ئازاده‌كانی گه‌ل و كاهینه‌كان كه‌ ده‌یبه‌خشن به‌ په‌رستگای خودای خۆیان، كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌.
۱۷
دڵنیابه‌ له‌وه‌ی به‌م زیوه‌ گا و به‌ران و به‌رخی نێری له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ و شه‌راب بكڕیت و له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ی په‌رستگای خوداتان كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌ پێشكه‌شیان بكه‌یت.
۱۸
هه‌رچی خۆت و برا جوله‌كه‌كانت پێتان باش بوو به‌ پاشماوه‌ی زێڕ و زیوه‌كه‌ بیكه‌ن، به‌پێی خواستی خودای خۆتان بكه‌ن.
۱۹
ئه‌و قاپوقاچاغه‌ش كه‌ بۆ خزمه‌تی په‌رستگای خوداكه‌ت پێت ده‌درێت، له‌به‌رده‌م خودای ئۆرشه‌لیم دایبنێ.
۲۰
پاشماوه‌ی پێویستییه‌كانی په‌رستگای خوداكه‌ت كه‌ بۆت ڕێك ده‌كه‌وێت بیده‌یت، ئه‌وا له‌ گه‌نجینه‌كانی پاشاوه‌ بیده‌.
۲۱
له‌ من، له‌ ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشاوه‌، فه‌رمان ده‌رچووه‌ بۆ هه‌موو گه‌نجینه‌كانی هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فورات كه‌ هه‌رچی عه‌زرای كاهین و مامۆستای ته‌وراتی خودای ئاسمان داواتان لێ ده‌كات، با به‌ وردی جێبه‌جێ بكرێت،
۲۲
هه‌تا سه‌د تالنت زیو و سه‌د كۆڕ گه‌نم و سه‌د به‌ت شه‌راب و سه‌د به‌ت زه‌یت و خوێش به‌بێ سنوور.
۲۳
هه‌رچی خودای ئاسمان فه‌رمانی پێداوه‌ به‌ وردی بۆ په‌رستگای خودای ئاسمان جێبه‌جێ بكرێت، چونكه‌ بۆچی تووڕه‌یی له‌سه‌ر شانشینی پاشا و كوڕه‌كانی بێت؟
۲٤
هه‌روه‌ها پێتان ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ هه‌موو كاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و ده‌رگاوان و كۆیله‌ ته‌رخانكراوه‌كان و خزمه‌تكارانی ئه‌م ماڵه‌ی خودا، ڕێ نادرێت سه‌رانه‌ و باج و گومرگیان له‌سه‌ر بێت.
۲٥
تۆش ئه‌ی عه‌زرا، به‌پێی دانایی خوداكه‌ت كه‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، قازی و دادوه‌ر دابنێ بۆ ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری بكه‌ن بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ی هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فورات، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی فێركردنه‌كانی خودات ده‌زانن، ئه‌وانه‌ش كه‌ نایزانن، فێریان بكه‌ن.
۲٦
هه‌ركه‌سێكیش كار به‌ فێركردنه‌كانی خوداكه‌ت و فێركردنه‌كانی پاشا نه‌كات، با به‌ دڵنیاییه‌وه‌ حوكمی به‌سه‌ردا بدرێت، به‌ سزای مردن یان دوورخستنه‌وه‌ یان سزای دارایی یان زیندانی.
۲۷
ستایش بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانمان كه‌ ئه‌م شته‌ی خسته‌ دڵی پاشاوه‌ بۆ شكۆداركردنی ماڵی یه‌زدان، ئه‌وه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیمه‌.
۲۸
له‌به‌رده‌م پاشا و ڕاوێژكاره‌كانی و له‌به‌رده‌م هه‌موو كاربه‌ده‌سته‌ تواناداره‌كانی پاشا به‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی دایپۆشیم، منیش به‌هۆی ئه‌و پشتگیرییه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارم به‌هێز بووم، جا له‌ ئیسرائیل ڕابه‌ره‌كانم كۆكرده‌وه‌ تاوه‌كو له‌گه‌ڵم سه‌ربكه‌ون.
کاتێكيش ده‌ڵێن کوا له‌ پەرتوکی پیرۆزدا نووسراوه‌ عوزه‌یر کوڕی خودایه‌, به‌ڵگه‌ زۆره‌ ئه‌و گومانه‌ پوچه‌ڵ ده‌کاته‌وه‌،
له‌ سوره‌تی التوبة ئایەتی (۳۰)ـدا نووسراوه‌ یەهودی ده‌ڵێن: عوزه‌یر کوڕی خودایه‌ وه‌ نەسڕانییەکانیش (۷) ده‌ڵێن:
مه‌سیح کوڕی خوایه‌ به‌ زار وەها ده‌ڵێن:
{ذلك قولهم بأفواههم}, واتە: له‌ پەرتوکەکانیاندا نه‌نووسراوه‌, به‌ڵکو به‌ زاريى وەها ده‌ڵێن, وه‌ گشت ته‌ورات بگه‌ڕێین تێیدا نه‌نوسراوه‌ عوزه‌یر کوڕی خودایه‌, هه‌روه‌ها له‌ ئینجیلیشدا نه‌نوسراوه‌ عیسا کوڕی خوایه‌, به‌ڵام گشت مەسیحییەکان ده‌ڵێن عیسا کوڕی خودایه‌.

که‌چی هیچ کام له‌ ئینجیله‌کان ده‌قێکی تێدا نییه‌ بڵێت:
عیسا کوڕی خودایه‌, ته‌وراتیش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ تێیدا نه‌ نووسراوه‌ عوزه‌یر کوڕی خودایه‌, وه‌ لێره‌دا به‌ جوانی قورئان باسی ده‌کات و ده‌ڵێت ئه‌وان به‌ زاريى وەها ده‌ڵێن نه‌ك به‌ نووسراو، ئایه‌ته‌که‌ش زۆر ڕوونه‌ كه ده‌فه‌رموێت {ذلك قولهم بافواههم}, چونکە ئایه‌ته‌که‌ نافەرموێت:
ذلك مکتوب یاخود موجود في کتبهم, واته: ئه‌و شته‌ له‌ پەرتوکەکانیانداهه‌یه‌ یان نووسراوه‌!

پاشان پەیامبەر (ﷺ) له‌ مه‌دینه‌ ده‌ژیا و مه‌دینه‌ش پڕ بوو له‌ یەهودی, کاتێك ئه‌و ئایه‌ته‌ دابه‌زی که‌ ده‌فەرموێت: یەهودی ده‌ڵێن عوزه‌یر کوڕی خودایه, بۆچی یەهودیيه‌کان به‌ درۆیان نه‌خسته‌وه‌؟
خۆ ئه‌وه‌ باشترین به‌ڵگه‌ بوو بۆ یەهودی و هاوبەشدانەرانی قوره‌یش بۆ ئه‌وه‌ی قورئان و پەیامبەرییەتی محمد (ﷺ)ـى پێ به‌ درۆ بخه‌نه‌وه‌ و له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵی بکه‌نن, ئایا ئاوەزیان پێى نه‌ده‌شکا؟
به‌ مەرجێك له‌ مه‌دینه‌ نه‌ك به‌س یەهودی به‌ڵکو دووڕووشی لێ بوو, ئه‌ی بۆچی دووڕووەکان ئه‌و هه‌له‌یان نه‌قۆسته‌وه‌ و بچن بۆ لای یەهودییەکان و بپرسن:
ئایا ئه‌وان ده‌ڵێن عوزه‌یر کوڕی خودایه‌ یاخود نا؟
ته‌نانه‌ت پەیامبەر (ﷺ) کاتێك کۆچی دوایی کرد قه‌ڵغانه‌که‌ی ڕەهن بوو لەلای یەهودییەك, پاشان بۆچی یەهودییەكان نه‌ده‌چوون بۆ لای موسوڵمانه‌کان و گومانیان لەلا دروست بکه‌ن و بڵێن ئه‌م پەرتوکەی ئێوه‌ شتێك ده‌ڵێت ئێمه‌ باوه‌ڕمان پێی نییه‌؟

ده‌قی ئایه‌ته‌که‌ی قورئان زۆر ڕوون و ئاشکرایه‌ و ده‌فەرموێت: ئه‌وان به‌ زاريى وەها ده‌ڵێن نەوە‌ك به‌ ده‌ق له‌ پەرتوکەکانیاندا.
لە کاتێکدا هیچ دەقێك نییە لە ئینجیلدا کە بە ڕاشکاوی مەسیح فەرمووبێتی من کوڕی خوام, مەسیحییەکان ناتوانن ئه‌و ده‌قه‌ بهێنن چونکه‌ به‌ نووسراو نییانه‌, یەهودیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ناتوانن هیچ ده‌قێکمان بۆ بهێنن, چونکه‌ ئه‌وانیش به‌ زاريى ده‌ڵێن عوزه‌یر کوڕی خوایه‌ نه‌ك به‌ ده‌ق.

وه‌ کوڕایه‌تیی عوزه‌یریش بۆ خوا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عوزه‌یر توانیی جارێکی ديكه ته‌وراتیان بۆ بنووسێته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی یەهودییەکانی لە پاش ڕاپێچییەکەی بابل گه‌ڕانده‌وه‌ و توانیی شکۆی ئایينیان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ وه‌ك له‌ پێشتردا ئاماژەمان پێدا.
به‌روار: 26/11/2019
بینین: 500