توێژینه‌وه‌
  بەنو قورەیزە بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە
ئامادەکردنی : هامنۆ هەورامی


بەشی چوارەم :عوزەیر، وەك سەرەداوی سەرەکی

بۆ ناسینی (بنو قریظة) دەبێت لە ڕێگای قورئانەوە بیانناسین, چونکە لە قورئاندا سورة التوبة  ئایەتی ۳۰ دا دەفەرموێت : قالت اليهود عزير ابن الله. 

ئەگەر سەیری ڕەچەڵەکی عوزەیر بکەین ناسراوە لە سفری عزرا بەشی ۷ بڕگەی ۱ بۆ ۷ باسی عزرا دەکات و باوکی عزرا بوونی نییە و عزرا کوڕی سرایایە و نووسراوە: 

{عزرا بن سرايا بن عزريا بن حلقيا بن شلوم بن صادوق بن اخيطوب}

لە سفر اخبار الایام الاول بەشی٦  بڕگەی ٤ هەتا ۱٦ک دا باسی هارونمان کرد کە کۆتا کەس (يهو صاداق)ـه کە کاهينی هەیکەل بووە و ڕاپیچکراوە, دەبووایە عزرا کوڕی يهوصاداق بێت, بەڵام سفری عزرا دەڵێت کوڕی سرایایە! بە گوێرەی سفر اخبار الایام الاول بەشی ٦ دەقی ۱٤ سرایا باوکی يهوصاداقە نەك عەزرا وە باوکی عزرا نەناسراوە.

چونکە نووسراوە سرایا يهوصاداقی بووە, ئەگەر وەهای دابنێین عزراشی بووبێت وە منداڵ بووبێت سەد ساڵ لە بابل ژیاوە ئینجا گەڕاوەتەوە كه ئەو ئەگەرەش زۆر دوورە, چونکە تا ئەو کاتە عزرا یان عوزەیر مردووە, وە ئەگەر سرایا دوو کوڕی هەبووایه دەیاننووسی سرایا يهوصاداق وعزرای هەبوو نەك بە تەنها يهوصادقی بووە!؟


سفری اخبار الایام  بەشی ٦ لە بڕگەی ۱۲ هەتا ۱٥ هەتا دەگاتە هارونی کوڕی عمران بخوێننەوه.

پاشان سفری عەزرا بەشی ۷ لە بڕگەی یەکەوە بیخوێننەوە دەبینن باوکی عزرا بزرە و باوکی عزرا باوکی يهوصاداقە لە کاتێکدا عزرا لە بابل لە دایک بووە و کاتێك یەهود ڕاپێچکراون باوکی يهوصاداق مردووە و يهوصاداق لە جێی باوکی کاهین بووە.


کەواتە یەهودییەکان بە هیچ شێوەیەک ناڵێن عوزەیر کوڕی خوایە, چونکە عوزەیر دەناسن لە نەوەی هارونە, هەروەها بە گوێرەی سەرچاوەکانی خۆیان وەك لە سەرەوە دامناوە باوکی عوزەیر ونە و دیار نییە!

 پاشان یەهودییەکان یەکخواپەرستن، وە سەدا سەد لەگەڵ موسوڵماناندا کۆکن لەگەڵ سورەتی الاخلاصدا, وە پێڕی

(لا الە الا اللە)-ن بەڵام (محمد رسول اللە) ڕەتدەکەنەوه. 

بۆیە ئێمە وەك موسوڵمان سەدا پەنجا نزیك و هاوڕایين لەگەڵ یەهودییەکان بۆ یەکخواپەرستن, وە ئەوانیش {ملة ابیكم ابراهیم هو سماكم المسلمین}ـن, هەرکەس شارەزابێت لە پەیمانی کۆن ئەو یەکخواپەرستییەی یەهود دەزانێت, کەواتا چۆن دەڵێن عوزەیر کوڕی خوایە؟ 

لە پەرتوکەکانیاندا نەنووسراوە و لە وێژەشیاندا شتی وەها ناڵێن!


خۆشیان دەزانن عوزەیر لە بابل لە دایکبووە, لێرەدا قورئان وەڵام دەداتەوە چونکە لە ئایەتی (۳۰)ـی التوبة دا دەفەرموێت: یەهودییەکان دەڵێن: عزیر کوڕی خودایە, نصاری دەڵێن مسیح کوڕی خودایە ( ذلك قولهم بافواههم )!

واته: ئەم کوڕایەتییە لە پەرتوك و سەرچاوەکانیاندا نییە و بە زاريى ئەم بابەتەیان وروژاندووە، تاكو ئێستاش یەك بڕگە  نییە لە ئينجیلەکاندا نووسرابێت مەسیح فەرمووبێتی: 

من کوڕی خوام بەڵام مەسیحییەکان دەڵێن کوڕی خودایە.

یەهودیش کاتی خۆی لە مەدینە هەمان شێوەبوون, وەك ئەم مەسیحيیانەی ئێستا بە هەمانجۆر ئاماژەیان بەوە داوە کە گوتوویانە عوزەیر کوڕی خودایە و هیچ سەرچاوەیەکیان لەلا نەبووە وەك تەورات تێیدا نووسرابێت عوزەیر کوڕی خودایە.


کەواته ئەم یەهودییە یەکخواپەرستانە چۆن دەڵێن عزرا کوڕی خوایە؟

لێرەدا ئایەتی (۲٥۹)ـی البقرة وەڵام دەداتەوە و باسی  عوزەیر دەکات لە دەرەوەی بیت المقدس بووە, کاتێك گەڕاوەتەوە دەبینێت بیت المقدس وێران بووە و کەسی تێدا نەماوە, بێ ئاگایە لەوەی ڕاپێچکراون بۆ بابل و لەلای سەیر دەبێت!

ئەو خەڵکە چیی لێهات و چۆن جارێکی ديكه خوا ئەو شارە دروست دەکاتەوە و خەڵکەکەی چییان لێهات و چی دەگوزەرێت؟ 

خوای بەتوانا عوزەیرى سەد ساڵ مراند و پاشان زیندوو بووەوە بینیی خەڵکەکە گەڕاونەتەوە و خەریکی ئاوەدانین وە باسیشمان کرد ڕاپێچی یەهودی سەد ساڵ بوو بە گوێرەی پەرتوکەکانی خۆیان.


قورئانیش دەفەرموێت: عوزەیر سەد ساڵ مردووە و زیندوو بووەتەوە و چووەتەوە ناو خەڵکەکە و پرسیاری لێ کردوون چیى ڕوویداوە و باسی خۆیی کردووە خەڵکەکەش ناسیویانەتەوە, لێرە بۆمان دەردەکەوێت عوزەیر پیاوچاك بووە.

یەکێك بووە لە خزمەتکارەکانی پەرتوکی خوا, وە عزرای بابل پیاوی ئاینی نەبووە, بەلکو نووسەری دیوانی پادشایەتی هەخامەنشییەکان بووە و پادشای هەخامەنشییەکان فەرمانی دەرکردووە پەرتوکی خوا بنووسنەوە, خوا چۆن ڕێگا دەدات خەڵکی نەشارەزا پەیامەکەی بنووسنەوە!


کەواته ئەوەی كه تەوراتی نووسیوەتەوە پاش ڕاپێچییەکەی بابل عزرای نووسەری پادشای هەخامەنشییەکان نییە وەك تەورات باسی دەکات!؟ 

بەڵکو ئەو عوزەیرەیە کە قورئان باسی دەکات وە خۆشتان سەیری دەقەکان بکەن باوکی عزرا دیارنییە!

بە گشت پێوەرێك گێڕانەوەکەی قورئان ڕاستە و خوا بە پیاوچاکی خۆی پەیامی ئاسمانی دەپارێزێت, نەك بە فەرمانی پادشای هەخامەنشییەکان تەورات بنووسرێتەوە!


زیندووبوونەوەی عوزەیر پەرجووییەکی (٨) مەزنە بۆ نەتەوەی ئيسرائیل, پاش گەڕانەوەیان لە بابل و دڵنیادەبن کە خوا لە پشتیانه, هەروەها لە پاش ڕاپێچ خوا پەیامبەری دیکەی بۆ ناردوون هەتا گەیشتووەتە مەسیح (علیە السلام) بۆیە یەهودییەکان هەر یەکخواپەرست بوون و بیرۆکەی کوڕی خوا لە لایان شتێکی نامۆ و کفر بووە.


یەهودییەکان لە سەردەمی پەیامبەرانیاندا, زۆر هاوەڵیان بۆ خوا داناوە (شرك) و خوایى دیکەیان پەرستووە, لە بەرزاییەکاندا پەرستگایان بۆ دروست کردوون, وە زۆربەی بتەکانیان ناوی ( بعل ) بووە, تەنانەت لە سورەتی صافات ئایەتی ۱۲٥ دا  باسی گەلی ئيلیاس دەکات كه بعلیان دەپەرست, وە زۆر ناوچە تا ئێستا بە ناوی بعلەوەیە, وەك  (بعلبک) لە لوبنان کە دیارترین کەسایەتی ئایینییان و سەرچاوەی یەزیدییەکان (ئێزدییەکان)ـی کوردستان هەمان ناوچەیە.


وە هەمیشە خوا پەیامبەری ناردووە بۆ نەتەوەی ئیسرائیل و ئەو بعل و پەرستگایانەیان تێکشکاندووە, بەڵام قەت بیرۆکەی کوڕی خوا لەناوياندا نەبووە هەتا داگیر کردنی فەڵەستین لەلایەن ڕۆمانییەکانەوە لە ساڵی (٦۳)ـی بەر لە مەسیح، واتا سی ساڵ پاش ئەوەی مەسیح (علیە السلام) هەڵکێشرا بەرەو ئاسمان و هاتنی ڕۆمانییەکان بۆ ناوچەکە ئەودەم بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی هزريى وەسەنیی ڕۆمانی, واته  بیرۆکەی کوڕییەتیی خوا لە مەسیح کەوتە سەر زاری یەهودییەکان.
به‌روار: 28/11/2019
بینین: 250