توێژینه‌وه‌
  بەنو قوڕەیزە بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە
ئامادەکردنی:هامنۆ هەورامی

بەشی هەشتەم:

دەروازەیەك بەرەو دووبەرەکیی موسڵمانان و یەهودییەکان:

بۆیە گشت ئەگەرەکان دەڵێن لە پاش مەسیحەوە واتا لە ساڵی (۳۳) پاش لەدایکبوونی مەسیحەوە ئەم یەهودییانە کۆچیان کردووە بەرەو مەدینە.
وە چاوەڕوانیان ئەوەیان کردووە کە ئەحمەد لە نەوەی ئەمان ببێت, خۆشتان دەزانن نێوان مەسیح و ئەحمەد (علیهما السلام) "٦۰۰" ساڵ بووە, واتا هەشت بۆ نۆ نەوەی یەهود لە مەدینە چاوەڕوانیان کردووە ئەحمەد دەربکەوێت بەڵام دەرنەکەوتووە لەو ماوەیەدا.

هەر بۆیە کاتێك پەیامبەر دەرکەوت بەرەنگاری نەبوونەوە لە مەکكە وە بە هیچ شێوەیەکيش دژایەتییان نەدەکرد, چونکە ئەوان بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ هاوبەشدانەرانی قوڕەیش دەستیان تێکەڵاو نەکردووە بۆ لێدان و لاوازکردنی پەیامبەر (ﷺ) چونکە ئەوان هەر چاوەڕوانیان کردووە ئەو پەیامبەره لە مەدینە سەرهەڵبدات و دەربچێت.

وە لە ماوەی ئەو شەش سەد ساڵەدا نەوەی یەهودییەکان وەك باپیرانیان نەماون و باوەڕیان کەم و لاواز بووە و بێ ئومێد بوون لە مزگێنیيەکەی مەسیح (ﷺ), هەروەها تێکەڵاوی و نزیکی و ژن و ژنخوازییان لەگەڵ عەرەب و هاوبەشدانەرانی مەدینە زیاتر لایەنی بڕوادارییانی لاوازتر کردووە و زیاتريش سەرقاڵی ئیش و کار و کشتوکاڵ بوون.
(بنو النضير) بە کشتوكاڵەوە سەر قاڵ بوون و(بنو قینقاع)ـیش بە زێڕنگەریی بەناوبانگ بوون و (بنو قريضة)ـش خەریکی ئاژەڵ بەخێوکردن بوون.
یەهودییەکانیش پێش ئەوەی بێن بۆ عەرەبستان لە وڵاتی فەڵەستین لە نێوان خۆیاندا و تەنانەت هەر یەکێکیان تەوراتی تایبەتیی خۆیان هەبووە.

پاش ڕاپێچییەکەی بابل و داگیرکردنی فەڵەستین لەلایەن ڕۆمەوە یەهودییەکان شەڕی زۆریان کردووە لە نێوان خۆیان و لەگەڵ ڕۆمیشدا, وە زۆر بە دڕندەیى کوشتاریان کردووە, تەنانەت یەکەم گروپی تیرۆرست لە جیهاندا
(Sicari – سیکاری)ـييه ناوى, بۆ ئەوەی نەکەونە دەست ڕۆمەکان خۆیان ژن و منداڵ و خۆیانیان کوشتووە, وەك ئەوەیی مێژوونووسی ناسراویى یەهودیی یويسفۆس باسی کردووە. (۱٤)
هەر هەمان مێژوونووس لە پەرتوکەکەیدا (كتاب-تاريخ-اليهود) ئاماژە بە شەڕ و کوشتاریی یەهودییەکان دەکات هەم لە نێوان خۆیاندا، هەم لەگەڵ نا یەهودییەکاندا.
لەوانەیە بپرسن بۆچی باسی شەڕەکان و ئاستی شەڕی یەهودیی دەکەیت و پەیوەندیی چییە بەم باسەوە؟
وەڵام : هۆکاری باسکردنی شەڕەکانی یەهود پەیوەندیی بەم باسەوە هەیە, وەك باسمان کرد پاش شەش سەد ساڵ و تێکەڵاویی یەهود لەگەڵ عەرەب و هاوبەشدانەرەکانیی مەدینە, بنەماکانی ئايینەکەیان و ڕەسەنی و کەلتووری خۆشیان دۆڕاند و کاڵ بووبوونەوە, وەك ئاماژەشمان پێدا سەردەمی مەککە یەهود دژایەتیی محمد (ﷺ) و ئايینەکەیان نەکردووە, دژایەتی لە کۆچیى پەیامبەرەوە (ﷺ) بۆ مەدینە دەستی پێکرد, یەهودییەکان زۆر بەهێز نەبوون وە یەکگرتوو نەبوون و لایەنی ئايینیان وەك جاران نەبووە کە شەڕ بکەن.

لەسەر ئایينەکەیان خۆیان بدەن بە کوشت, چونکە بەهۆی ژن و ژنخوازییەوە لەگەڵ هاوبەشدانەرەکاندا لایەنی ئايینییان کاڵ ببووەوە, وە ئەگەر یەهودییەکانى (خەیبەر و بنو قریضة و النضیر و قینقاع) یەکیان بگرتایە سەرەتای کۆچی موسوڵمانان و پەیامبەر (ﷺ) بۆ مەدینە
بە ئاسانی و بە یارمەتیی قوڕەیش دەیانتوانی موسوڵمان و ئاینی ئيسلام لەناوببەن و قەڵاچۆی بکەن, بەڵام ئەو شەش سەد ساڵە وەهایکرد یەهودییەکان بنەڕەتی ئایین و کەلتوور و نەتەوەی خۆیان بزر بکەن و لەگەڵ عەرەب و هاوبەشدانەرەکان ئاوێتە ببن.

بۆیە کاتێك خۆشەویستمان (ﷺ) هاتە ناو مەدینەوە و یەهود زانییان ئەوە ئەو پەیامبەريه کە ئەوان چاوەڕوانیان دەکرد, بەڵام لە نەوەی ئەوان نییە و لە نەوەیى ئيسماعیلە!
بۆیە پشتیان تێکرد و دژایەتییان کرد.
یەهودییەکان کاتێك شەڕیان دەبوو لەگەڵ هاوبەشدانەرەکاندا پێش هاتنی پەیامبەر (ﷺ) نزايان دەکرد و پێیان دەگوتن:
ئەو پەیامبەرە دێت و مافى ئێمەتان لێوەردەگرێتەوە و سەردەکەوین بە سەرتاندا, وەك لە ئایەتی (۸۹)ـى البقرة دا نووسراوە:

{وَكَانُوا مِنْ قَبْلُ يَسْتَفْتِحُونَ عَلَى الَّذِينَ كَفَرُوا فَلَمَّا جَاءَهُمْ مَا عَرَفُوا كَفَرُوا بِهِ}.

سەرەتای سەرهەڵدان و هاتنی موسوڵمانان بۆ مەدینە ژمارەیان گەلێك کەمتربوو لەچاو یەهوديیەکاندا، هەروەها هاوبەشدانەرەکانیش لە مەدینە بوونیان هەبوو، یەهودیيەکان دەیانتوانی بە یارمەتی هاوبەشدانەرەکانی مەکكە و مەدینە موسوڵمانەکانیان لەناوببردایە, بەڵام نەیانتوانی ئەو کارە بکەن و ئەمەش دوو نیشانەی هەیە:

یەکەم: خوای باڵادەست کەس ناتوانێت ڕێگری لێبکات لە پەیام و دەسەڵاتی {يريدون ليطفئوا نور الله بأفواههم والله متم نوره ولو كره الكافرون}.

دووهەم: وەك لە سەرەوە باسمان لێوە کرد, لە پاش ئەو شەش سەد ساڵە یەهودییەکان وەك باپیرانیان نەبوون, بە هۆی ژن و ژنخوازی و تێکەڵاوییان لەگەڵ عەرەبدا و چاوەڕوانيکردنی بێهودەیان بۆ هاتنی ئەحمەد، ئایينەکەیان کاڵبووەوە و خەڵکانى پابەند بە ئايین و تەوراتەوە زۆر کەمببوون, بەڵگەشمان ئەمەیە:

کاتێك موسوڵمانان هاتنە ناو مەدینە لە ماوەیەکی کەمدا کە دوو ساڵ پاش کۆچ شەڕی (بنو قینقاع) ڕوویدا و (عبداللە ـی کوڕی سلول) کەوتە ناوەند و (بنو قینفاع) کۆچیان کرد و ڕۆشيتن, ئەگەر بیروباوەڕی یەهودییەکان وەك سەرەتای هاتنیان بووایە بۆ مەدینە دەیانتوانی یەك بگرن و پشتی براکانیان بگرن و شەڕبکەن و نەهێڵن دەربکرێن, نەك عەرەبێکی وەك "ابن سلول" پارێزگارییان لێ بکات!
ئەمەش بەڵگەیە بۆ گووتەکانی سەرەوەمان.

پاشان لە ساڵی چواری کۆچیدا شەڕی (بنو النضیر) ڕوویدا و بەهەمانشێوە ئەم هۆزەش مەدینەیان جێهێشت و ڕۆيشتن.

لە ساڵی پێنجی کۆچیشدا و پاش شەڕی ئەحزاب شەڕی (بەنو قوڕەیزە) کرا و لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین کە بەنو قوڕەیزە هاوپەیمانی موسوڵمانان بوون و دەبوایە لەگەڵ موسوڵماندا بجەنگانایە دژی ئەحزاب, بەڵام ئەم یەهودییانە خیانەتیان کرد و پەیمانەکەیان هەڵوەشاندەوە.
ئەمەش لە یاسای نێودەوڵەتیی دێرین و نوێدا پێی دەڵێن: خیانەت!
وه ئەم جۆرە خیانەتە لە گشت گێتیدا لێبووردنی نییە و دەبێت خيانەتکار سزابدرێت, وە کێشەی بەنو قوڕەیزە کە گەورەکراوە و دەڵێن کۆکوژ و جینۆساید کراون هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و تەنها گووتەی مێژوونووسەکانە بە بێ بەڵگە!
چونکە هیچ فەرموودەیەکی ڕاستمان لەبەردەستدا نییە كه بڵێت:
ژمارەی کوژراوەکان چەندبوون!
بۆیە ئاڵنگاریی (۱٥) گشت ڕەخنەگران بکەن و داوایان لێ بکەن فەرموودەیەکتان بۆ بهێنن ئاماژەی بە ژمارەی کوژراوەکان کردبێت.
پاشان کە سوپای ئيسلام چوون بۆ قەڵای بەنو قوڕەیزە پەلاماریان نەداوە, بەڵکو بۆ ماوەی دوو هەفتە گەمارۆیان داوە!
وە ئەگەر بیانویستایە بیانکوژن و کۆکوژ و قەڵاچۆیان بکەن یەکسەر پەلاماریان دەدان و گشتییان دەکوشتن.
پاشان ئەگەر بیانویستایە بیانکوژن بۆچی (سعدی کوڕی معاذ)ـیان هێنا بۆ ئەوەی ڕێککەوتن بکات لە نێوان بەنو قوڕەیزە و موسوڵماندا.
ئەمانە گشتی بەڵگەن کە بەنو قوڕەیزە گشتییان نەکوژراون و شەڕ ڕووينەداوە, چونکە پەلامار نەدراون و خۆیان داوای (سعد)ـیان کردووە ناوەندگیربێت لە نێوانیاندا و موسوڵمان و یەهودییەکانیش بە حوکمی (سعد) ڕازیبوون.

لێرەدا دەبێت ئێمە ئەو فەرموودە بەناوبانگە وەربگرین, کاتێك كه سەعد هاتووە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنییان بۆ بکات, پەیامبەر (ﷺ) بە بەنو قوڕەیزەی فەرمووە ئەگەر سەعد هەرشتێك بڵێت ڕازین؟
یەهودیيەکان گوتوویانە:
بەڵێ!
و یەهودیەکانيش گوتوویانە ئایا ئێوەی موسوڵمانیش ڕازین بە حوکمی سعد؟
پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی:
بەڵێ ئێمەش ڕازیین.

بە گوێرەی ڕێککەوتنی (سعد بن معاذ) دەڵێت:
با پیاوەکانیان و لە گێڕانەوەیەکی دیکەدا دەڵێت: جەنگاوەرەکانیان بکوژرێن لەگەڵ ئەو کوڕە مێردمنداڵانەی کە تووکەبەریان هاتووە و ئافرەتەکانیشییان بە کەنیزە بکرێن.
لێرەدا ڕەخنەگران ڕەخنە لەوە دەگرن كه پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی:
ئەو حوکمەی سەعد لە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە هاتووە!

بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو ڕەخنەیە دەڵێین:
(سعد بن معاذ) گەورەی هۆزی ئەوس بووە کە یەکێکن لە پشتیوانانی ئيسلام لە مەدینە, وە بەنو قوڕەیزەش هاوپەیمانی ئەوس بوون, چونکە لە ناوچەی ئەوس دەژیان لەوەتەی هاتبوونە نیمچە دوورگەی عەرەب, وە (سعد بن معاذ) لە ئايینی یەهود شارەزابووە بۆیە بە گوێرەی دەقی تەوراتەکەی خۆیان حوکمی داوە!

لە تەوراتدا سفری دواوتار: بەشی ۲۰: بڕگەی ۱۰ هەتا ۱٥ دا نووسراوە:

كاتێك له‌ شارێك نزیك ده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا بجه‌نگن بانگی بكه‌ن بۆ ڕێككه‌وتن جا ئه‌گه‌ر بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و ده‌رگای بۆ كردنه‌وه‌ ئه‌وا هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ی تێیدان بۆ ئێوه‌ بێگاری و كارت بۆ ده‌كه‌ن, به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاشتییان نه‌ویست و له‌ دژتان جه‌نگان ئه‌وا ئابڵوقه‌ی بدە, كاتێك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئه‌وی دایه‌ ده‌ستتان ئه‌وا به‌ شمشێر له‌ هه‌موو پیاوه‌كانی بده‌ن به‌ڵام ئافره‌ت و منداڵ و ئاژه‌ڵی ماڵی و هه‌موو شتێكی دیكه‌ كه‌ له‌ناو شاره‌كه‌یه‌ هه‌مو تاڵان كردنه‌كه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتتان ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی دوژمنانتان به‌كارده‌هێنن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتانی دا ئاوا ده‌كه‌ن به‌ هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی زۆر له‌ ئێوه‌ دوورن ئه‌وانه‌ی له‌ شاره‌كانی ئه‌م گه‌لانه‌ی ئێره‌ نین.

بەڕێزان سەرنج بدەن بڕگەی ۱۰ و ۱۱ دەڵێت:
ئەگەر خۆیان ڕادەست کردن بیانکەن بە کۆیلە.
وەك باسمان کرد بەنو قوڕەیزە خۆیان نەداوه بە دەستەوە!
لە بڕگەی ۱۲ دا دەڵێت:
ئابڵۆقەیان بدەن.
وەك باسمان کرد دوو هەفتە ئابڵووقەیان داون.
لە بڕگەی ۱۳ دا دەڵێت:
ئەگەر بەر دەستتان کەوتن پیاوەکانیان بکوژن وە ژنەکانیشیان بکەن بە کەنیزە.

وەك دەبینن ئەو حوکمە لە بڕگەکانی تەوراتی خۆیاندا هەیە, بۆیە پەیامبەر (ﷺ) دەفەرموێت:
ئەو حوکمەی سەعد لە حەوت تەبەقی ئاسمان دابەزیوە و سەعدیش هەر بە حوکمی پەرتوکەکەی خۆیان حوکمی داون نەك بە حوکمی عەرەب یاخود هۆزی ئەوس بۆیە یەهودییەکانیش ڕازیبوون بەو حوکمە, کاتێك ڕەخنەگران ڕەخنە دەگرن ئەوە نیشانەی نەشارەزاییانە لە تەورات, ئەگینا وەك دەبینن ئەو حوکمەی سعدی کوڕی معاذ بە دەقی تەوراتە, هەر بۆیە پەیامبەر دەفەرمووێت:
ئەو حوکمەی سعد لە حەوت تەبەقی ئاسمان دابەزیوه.

ئەوەی گرنگە بڕگەی ۱٥ یە, كه دەڵێت:
ئاوا ده‌كه‌ن به‌ گشت ئه‌و شارانه‌ی زۆر له‌ ئێوه‌ دوورن, ئه‌وانه‌ی له‌ شاره‌كانی ئه‌م گه‌لانه‌ی ئێره‌ نین.

واته ئەگەر یەهود حوکم بکات و هەر شارێك دووربێت و یەهوديش نەبێت و بێگانە بێت بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت, بۆیە یەهودییەکانیش ڕازی بوون بەو حوکمە.
چونکە ئەگەر یەهود خاوەنی دەسەڵات بووایە لە مەدینە وەك موسوڵمانەکان و موسوڵمانەکان لە جێگای بەنو قوڕەیزە بوونایە, یەهودییەکان بە گوێرەی تەوراتەکەی خۆیان لەگەڵ موسوڵمانەکان مامەڵەیان دەکرد, خۆشتان دەزانن قەڵای بەنو قوڕەیزە دوور بووە لە مەدینە و بێگانە بوون و لە گەلی عەرەب نەبوون.

بە گوێرەی ئەو بەڵگانە بەنو قوڕەیزە شەڕیان نەکردبوو و خۆیان ڕادەست کرد, یاسای شەڕی دێرین و لە ئێستاشدا وەها بووە هەر نەتەوەیەك خۆی ڕادەست کرد نابێت بکوژرێن, لێرەدا دەڵێم یەك سەرچاوەمان بۆ بهێنن ئەی ڕەخنەگران بڵێت :
قەڵای بنو قورەیزە بە شەڕ گیرابێت؟
وەڵام: هیچ سەرچاوەیەك نییە بڵێت شەڕی تێدا کراوە! کەواتا بە گشت پێوەرێکی شەڕ و عەشایەریى مرۆڤانەيى دێرین و نوێ نابێت هیچ کەسیان لێ بکوژرێت, چونکە کوشتنیان لەو دەمەدا لە بەرژەوەندی یەهودییەکانی خەیبەر و دووڕووەکانی مەدینە و هاوبەشدانەرەکانی قوڕەیشدا بووە و دەیانتوانی ئەوە بکەن بە بەڵگەی بەهێز و هێز کۆبکەنەوە و موسوڵمانان لەناوببەن!

لێرەدا پرسیارێکی سەرەکی سەرهەڵدەدات:
ئەی ئەو حوکمەی هاوەڵی بەڕێز (سعد بن معاذ) چییە؟
وەڵام : لە کۆتایدا وەڵام وەردەگرن و حوکمەکە هەر ماوە.

ئەگەر شەڕیشیان بکردایە بە دڵنیاییەوە ديلييان دەبوو.
ئاینی ئيسلامیش بەوە ناسراوە کە دیل ناکوژێت, چونکە ئەگەر بەنو قوڕەیزە شەڕیان بکردایە و قەڵاکەیان لەدەست بدایە بە دڵنیاییەوە گشتییان نەدەکوژران و دیلییان دەبوو.
ئیسلامیش ديل ناکوژێت, پاشان سەرچاوە ئيسلامییەکان دەڵێن: خۆیان ڕادەست کردووە!
کەواته بە گشت پێوەرێکی عەشایەری و خێڵەکی و سەربازی نابێت بکوژرێن!

وە لێرەدا دوو ئەگەر هەیە:

یەکەم: ئەگەر بەنو قوڕەیزە بزانن خۆیان ڕادەست بکەن, پیاوەکانیان دەکوژرێن و ژنەکانیشیان دەکرێن بە کەنیزە, لەو دەمەدا ناچار دەبن شەڕ بکەن, چونکە مادام ئەوان هەر دەکوژرێن دەکوژرێن کەواتا شەڕکردن باشترین ڕێگەیە!
وە هەر نەتەوەیەك لە گێتیدا لە دێرین و نوێدا بزانێت خۆی ڕادەست بکات دەکوژرێت بە دڵنیاییەوە شەڕ هەڵدەبژێرێت تاكو مردن!
چونکە ئەو شەڕ بکات و نەیکات هەر دەکوژرێت, کەواته به گشت پێوەرێکی دێرین و نوێ ئەو کەسانە شەڕەکە هەڵدەبژێرێن وەك لەوەی کە خۆیان ڕادەست بکەن و بکوژرێن!
دووهەم: ئەگەر خۆیان ڕادەست بکردایە گشت پیاوەکانیان بکوژرانایە ئەودەم سوپای ئيسلامیش دەیکرد بە یاسا و دەبوو بە سوننەت هەر شوێنێکیان بگرتایە گشت پیاوەکانیان دەکوشتن, بەڵام لە گشت فتوحاتی ئيسلامیدا نەبینراوە کەسیان کوشتبێت کە خۆیان ڕادەست کردبێت.

خاڵی گرنگ و کۆتا لێرەدایە بە گوێرەی گێڕانەوەکان بێت (سعد بن معاذ) دەڵێت:
پیاوەکانیان بکوژرێت و گێڕانەوەیەکی دیکەش هەیە كه دەڵێت:
جەنگاوەرەکانیان بکوژرێن.
بەڵام گشت ڕووداوەکان و فەرموودەکان و مێژوونووسەکان دەڵێن:
شەڕ ڕووی نەداوە و خۆیان ڕادەست کردووە, مادام خۆشیان ڕادەست کردووە دەچنە ژێر حوکمی دیلەوە.
بە گشت پێوەرێك نابێت پیاوەکان بکوژرێن, چونکە ئەوانە هەژماری دیلییان بۆ دەکرێت و حوکمی ديليش لە ئيسلامدا دیارە کە نابێت بکوژرێن.

ئەگەر گێڕانەوەکەی ديکە وەربگرین کە دەڵێت:
دەبێت جەنگاوەرەکانیان بکوژرێن, وەك باسمان کرد جەنگ ڕووینەداوە هەتا بزانن چەند کەس جەنگاوەرن و بیان کوژن, کە خۆیان ڕادەست دەکەن هیچ بەڵگەیەك نییە بڵێت فڵان جەنگاوەر بووه!
پاشان هەر فەرموودەکە دەڵێت:
ئەو منداڵانەی توکەبەریان کردووە دەبێت بکوژرێن, لێرەدا ئەم پرسیارانە سەر هەڵ دەدات:
ئایا ئەو منداڵانە دەچنە ژێر حوکمی دیلەوە یاخود نا؟
وەڵام : بە دڵنیاییەوە ئەوانیش ديلن!
کەواتا بۆچی دەبێت ئەو منداڵە داماوانە بکوژرێن کە تازە پێگەیشتوون؟

کۆتایی باسەکە ئەوەیە کاتێك کە ڕێککەوتن کراوە و خۆشتان دەزانن لە گێتیدا کاتێك ڕێککەوتن دەکرێت لە نێوان دەوڵەت یاخود هۆز یاخود چەند کەسێکدا, یەکێك هەڵدەبژێردرێت بۆ ڕێککەوتنەکە خاوەنی ڕاوبۆچوون و بڕیاربێت و دەوڵەت یاخود هۆز یاخود ئەو کۆمەڵە کەسە بە قسەی بکەن و لە قسەی دەرنەچن.
وە بەنو قوڕەیزە گەورەکەیان ناوی قوڕەیز بووە, نەوەی قوڕەیزیش وەك باسمان کرد گشت کەسەکانی ناو قەڵاکە نەبوون و گشتيان نەوەی قوڕەیز نەبوون, بەڵکو بە نەوەی قوڕەیز ناسراون, ئەو کەسەی سەرگەورەیان بووە لەو دەمەدا و قوڕەیز باپیرە گەورەیان نەبووە هەتا گشت کەسانی ناو قەڵاکە بە نەوەی باپیرە گەورەیان ناسرابێتن!

کە ڕێککەوتنیان کردووە دەڵێت:
پیاوەکانیان یاخود جەنگاوەرەکانیان و منداڵەکانیان کە تووکەبەریان هاتووە بکوژرێن و ئافرەتەکانیشیان بکرێن بە کەنیزە, بەس بە تەنها پەیوەست بووە بە ماڵی قوڕەیز و نەوەکانى, نەك گشت دانیشتووانی نێو قەڵاکە, بۆیە قوڕەیز و خەڵکەکەش بە ڕێککەوتنەکە ڕازی بوون و خۆیان بەدەستەوە داوە.

پرسیاری منیش لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئەمەیە:
قوڕەیز و نەوەکانى چەند کەس بوون و چەند خێزان بوون و پیاوى جەنگاوەر و منداڵی پێگەیشتوویان (باڵغ) چەند کەس بوون؟
تکایە ئەو وەلامەی کە دەیدەیتەوە با بە بەڵگەوە بێت وەك چۆن من بەڵگەکانم بەکارهێنا!
من بەڵگەم هێناوە كه دەگەڕێنەوە بۆ پێش فەرموودەنووس و مێژوونووسەکان.
فەرموو تٶش ئەی ڕەخنەگر، بە بەڵگەی پێش فەرموودەنووس ومێژوونووسەکان پێمان ڕابگەیەنە:

ئایا بەنو قوڕەیزە گشت دانیشتوانی ناو قەڵاکە بوون یاخود تەنها قوڕەیز و نەوەکانیی بوون؟
پیاوەکان یاخود جەنگاوەرەکانیان ژمارەیان چەند کەس بوون؟!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
نووسینی: سەردار کەریم

ئامادەکردنی: هامنۆ هەورامی











به‌روار: 09/12/2019
بینین: 431