نوسه‌ران
  كورد له‌ نێوان من و رێجیس دۆبرێ و عادل باخه‌وان .......
عبدالرحمن محمدعارف‎ ‎


 ئێمه‌ وه‌كو كورد هێشتا نه‌بووینه‌ته‌ چه‌قی ستراتیژی (دڵنیاكه‌ره‌وه‌ی)به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌ زلھیزه‌كان و هێشتا هه‌رێمه‌كه‌مان هه‌رێمێكی (قه‌له‌قاویی)ه‌ و هه‌روه‌ها نوخبه‌ی سیاسی و فیكری و رۆشنبیریمان په‌رت و بڵاوو دابه‌ش بوون به‌سه‌ر زیاتر له‌ چه‌قێكی دوژمن به‌یه‌كتردا . 
كاره‌سات و كاریگه‌رییه‌ ترسناكه‌كانی له‌و په‌ڕه‌وازه‌یی و ته‌فروتوناییه‌ی رۆشنبیران سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و شوێنه‌واری له‌سه‌ر دیدو دونیابینیمانی جێهێشتووه‌،نه‌ك ته‌نها گرفته‌ بیانی و نامۆكانی له‌ ده‌ره‌وه‌ هاتوو بووبێته‌ به‌ڵا بۆمان. ئه‌نجا تاكه‌ی ئێمه‌ هه‌موو نه‌خۆشیه‌كمان ساغ كه‌ینه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌دا و له‌ ئاست رۆڵی خراپ كارانه‌ی خۆمان چاوه‌ قوڵه‌مان بێت !؟. 
ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ نێوان مرۆڤه‌كانی خۆمان و ئاده‌میه‌كانی ئه‌وان بۆ ترازاندن و قڵیشاندنی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه‌و جه‌وهه‌ری بوون و به‌رده‌وامییان هه‌ماهه‌نگی و ژێربار بوونێك هه‌یه‌!، له‌وه‌ش تێده‌گه‌م كه‌ له‌وانه‌یه‌ كه‌سانی لای خۆمان مه‌به‌ستێكی باشیان هه‌بێت كه‌ رزگاری و ئازادی و ئاوه‌دانیه‌، به‌ڵام دوو نه‌نگیی و ناله‌باری هه‌یه‌ : 
1- بۆ مرۆڤه‌كانی خۆمان وانه‌ وه‌رناگرن و حاڵی نابن كه‌ ئه‌وانی دوور چه‌ندین جار به‌ درۆ دره‌وی خه‌باتی كوردیان ماشیوه‌ته‌وه‌؟!. 
2- بۆچی ئه‌وانی (ئاده‌می) بۆ جارێكیش بێت جوامێرییان ناجوڵێت و رێگه‌ له‌ خۆیان ناگرن هه‌تا هه‌لپه‌رستانه‌ نه‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵ و مه‌یانی كاروژیان و كه‌رامه‌تی كه‌سیی و ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان؟!. 
كاربه‌ده‌سته‌ سیاسی و قه‌ڵه‌م وه‌شێنه‌ رۆشنبیره‌كانمان خۆیان هه‌میشه‌ له‌ قۆناغی منداڵكاریدا نیشانداوه‌ و نه‌یانویستووه‌ له‌ ریزی ئه‌وانی رۆژئاواییدا به‌ پێوه‌ بوه‌ستن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بێ په‌نجه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ و رازی بوونیان بریار له‌ كاری رۆژانه‌ی خۆمان نه‌ده‌ین چ جای ئه‌گه‌ر باس له‌ چاره‌نوس و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆیی بكرێت!. 
بۆ نزیك كردنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یام و پێناسه‌یه‌م بۆ حاڵی كوردو بینینی رۆژئاوا به‌ گشتی و فه‌ره‌نسا به‌ تایبه‌تی وێنه‌یه‌ك ده‌خه‌مه‌ روو، له‌ ساڵی 1992 تازه‌ لادێكانی كوردستان كه‌م كه‌م كه‌لاوه‌كانیان راست ده‌كرده‌وه‌ هه‌ندێك رێكخراو هاتبوون بۆ یارمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌، یه‌كێك له‌و رێكخراوانه‌ بیانیانه‌ -ناوه‌كه‌یم له‌بیرنیه‌ به‌ داخه‌وه‌ - له‌ سنوری هه‌ڵه‌بجه‌ گوێدرێژی هێنابوو هه‌تا دابه‌شی بكات به‌سه‌ر گونده‌كاندا، هه‌موو گوندێكیش چه‌ند ماڵ بوونایه‌ ته‌نها یه‌ك گوێدرێژی به‌رده‌كه‌وت!. جا وه‌ره‌ سوڵحی ئه‌و عاله‌مه‌ بكه‌و پیاوم ده‌وێت واز له‌ مافی بێنێت!!، ده‌شبوو نوێنه‌ری هه‌ر لادێیه‌ك بچێت و وێنه‌یه‌كی له‌ گه‌ڵ كه‌ره‌كه‌دا بگرتایه‌ هه‌تا خێره‌ومه‌ندان دڵنیا بوونایه‌ كه‌ر به‌سه‌لامه‌تی گه‌یشتووه‌ته ده‌ست خاوه‌نه‌كانیان!!. له‌م كاته‌دا گوێم له‌ رادیۆی بی بی سی عه‌ره‌بی به‌ریتانی بوو هه‌واڵێكی خوێنده‌وه‌ كه‌ فه‌ره‌نسا : چل -40- فرۆكه‌ی جه‌نگیی له‌ جۆری میراج راده‌ستی ئیسرائیل و كووه‌یت كردووه‌ !!. نه‌مده‌زانی بگریم یان پێبكه‌نم!، زوو زووش له‌به‌ر خۆمه‌وه‌ ده‌موت : سه‌دان كه‌ر بۆ كوردو ده‌یان فرۆكه‌ی جه‌نگیش بۆ ئیسرائیل و كووه‌یت !. ئێستاش هه‌مان روانینیان هه‌یه‌ بۆ كورد، سه‌رنج بده‌ن كورد كه‌ بووه‌ته‌ كه‌واسوری شه‌ری داعش له‌ زۆربه‌ی كۆنگره‌ تایبه‌ته‌كان به‌ داعش له‌ هه‌موو وڵاتانی رۆژئاواوو ئه‌مریكاوه‌ كوردیان پشت گوێ خستووه‌و عه‌بادی دوژمنی كوردیان كردووه‌ته‌ نوێنه‌ری كوردستان و عێراقیش !!.
به‌روار: 21/02/2015
بینین: 753
   زیاتر ...
په‌ڕه‌یله‌ 4
ژماره‌ی بابه‌ت