نوسه‌ران
  دزه‌ كردنی عه‌لمانیه‌تی كوردی بۆ نێو ماڵی ئیسلام
عبدالرحمن محمدعارف‎ ‎

-- (( به‌شی 11 )) --
.... روانینی ئیسلام و عه‌لمانیه‌ت بۆ بكه‌ری شته‌كان و رووداوه‌كان و (ماوه‌رای) رووداوه‌كان و لێكه‌وته‌كانیش له‌یه‌ك ده‌ركه‌وه‌ نیه‌و یه‌كجۆر ئاكام و ئاكاریشی لێنابێته‌وه‌، روونتر له‌و قسه‌مان دوو ده‌روازه‌و دوو خوێندنه‌وه‌و دوو به‌رهه‌م و دوو ئامانجی زۆرجیا له‌ خۆیان ده‌گرن. ئیسلام نایه‌وێت قۆناغی دونیا ببێته‌ ته‌نها پێوه‌رو خاڵی كۆتایی هه‌موو شته‌كان،به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ویستووه‌ هاوسه‌نگیه‌ك هه‌بێت له‌ نێوان دونیای ئه‌مرۆمان ودونیای داهاتوومان كه ده‌كاته‌ قۆناغی پاش مردن، عه‌لمانیه‌تیش دژ به‌و وێنه‌ و ویسته‌ ئیسلامییه‌ گه‌ره‌كی بووه‌ سه‌ره‌تاو كۆتایی مرۆڤه‌كان - یه‌كه‌م چركه‌ی له‌دایك بوون و كۆتا چركه‌ی مردن - ئه‌و تاكه‌ قۆناغه‌ بكاته‌ فرسه‌تی چێژ وه‌رگرتن و رابواردن و راوكردنی ئاره‌زووه‌كان و ئیتر سفر به‌ ده‌سته‌وه‌!، بێئه‌وه‌ی رێگه‌ بدات ئیسلام له‌ هه‌موو جومگه‌كانی ژیان بریارو به‌یانی هه‌بێت و یارمه‌تی مرۆڤ بدات بۆ گه‌یشتن به‌ نهێنی و ناوه‌ندی بریاری هه‌موو گه‌ردوون و هه‌موو ژیان كه‌ خودای به‌رز و باڵایه‌، بێ ئه‌وه‌ی بێڵێت له‌ رێگه‌ی ئیسلام چێژو حه‌زه‌كان بێنه‌ دی، ته‌نها منه‌تێكی عه‌لمانیه‌ت كه‌ ئه‌ویش تاسه‌رنیه‌و جێی متمانه‌ نه‌بووه‌ ئه‌وه‌ی هێشتوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ پێی سروشتیه‌ له‌سه‌ر ئاستی مرۆڤی تاك خۆیان گرێبده‌ن به‌ ئایین و خاوه‌نی ئایینه‌وه‌ كه‌ خودای مه‌زن و مهیره‌بانه‌. ئه‌م منه‌ت و رێپیدانه‌ش بۆ هه‌ر ئایینێك بشێت و گونجاو بێت بۆ ئیسلام ناگونجێت، چونكه‌ ته‌بیعه‌تی بنچینه‌ فیكریی و عه‌قائیدیه‌كانی و توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بۆ پرس و پرسیاره‌ چاره‌نوسسازه‌كان و هێزه‌ بێسنوره‌ مه‌عنه‌وییه‌كانی بۆ راكێشانی دڵ و ده‌روون و حزوری موتڵه‌یه‌تی خودا له‌ پشت بوون و مانه‌وه‌و شكاندنی زه‌مان و مه‌كان و سنوری مرۆڤه‌كان كارێكی كردووه‌ مه‌حاڵ بێت ئیسلام بخرێته‌ ئه‌و سندوقه‌ ره‌ش و داخراوه‌ی كه‌ عه‌لمانیه‌ت ده‌یه‌وێت . 
10- عه‌لمانیه‌ت شه‌ڕێكی مه‌حاڵ ده‌كات و ده‌یه‌وێت كاری خودا و په‌یامی خودا و كاریگه‌ریی (پیاوانی خودا) له‌سه‌ر ده‌وڵه‌توانیی و كۆمه‌ڵگه‌وانیی ئه‌گه‌ر پێی نه‌كوژرێت هیچ نه‌بێت سنورداری بكات هه‌تا ده‌چوێته‌ سه‌ر مرۆیه‌كی كه‌مئه‌ندام كه‌ به‌ عه‌ره‌بانه‌ و پاڵنان بروات و ته‌نها به‌رپێی خۆشی ببینێت!!. ئه‌وه‌ كۆتا خاڵی مه‌رجه‌كانی عه‌لمانیه‌ته‌ بۆ مۆڵه‌تدانی بۆ هه‌بوونی ئیسلام . جگه‌ له‌وه‌ به‌ هیچ رازیی و دڵمرده‌ نابن، ئه‌زمونه‌كانیش ده‌ریان خستووه‌ كه‌ هێزی ئه‌منی و ئامێری سه‌ربازیی و فشاری ئابووریی و فشه‌و پاڵه‌په‌ستۆی ئیعلامیی و به‌كارهێنانی (ئیسلام)ێكی ده‌سه‌ڵات كه‌ موتوربه‌كراوه‌ به‌ ئامانجه‌ عه‌لمانییه‌كان ئه‌وانه‌ هه‌موو ده‌خاته‌ خزمه‌ت ئه‌و شه‌ره‌ مه‌حاڵه‌وه‌ .
به‌روار: 02/05/2015
بینین: 476
   زیاتر ...
په‌ڕه‌یله‌ 4
ژماره‌ی بابه‌ت