نوسه‌ران
  هه‌ماهه‌نگیی تێوان عه‌لمانیه‌كان و (ئیسلامی ره‌سمیی) !!
عبدالرحمن محمدعارف‎ ‎

له‌ دوای هه‌راو هاتنی داعشه‌وه‌، به‌و پاساوه‌وه‌ دوو دیارده‌ی مه‌ترسیدار سه‌روزمانی درێژ كردووه‌ : ئه‌لف : بێ رێزیی به‌رامبه‌ر به‌ خودای مه‌زن و پێغه‌مبه‌رو ئیسلام و كه‌سایه‌تیه‌ گه‌وره‌كانی مێژوومان. بێ : هێرشێكی زۆر ده‌كرێته‌ سه‌ر زانایان به‌ گشتی و به‌ تایبه‌تیش ئیبن ته‌یمیه‌و ئه‌حمه‌دی كوری حه‌نبه‌ل و ئه‌لبانی و عوسه‌یمین و محمد عبدالوهاب و سید قوتب و محمد قوتب و مه‌ودودی و هه‌تا ده‌گاته‌ زۆرێك له‌ زاناو خوێنه‌وارو نوخبه‌ فیكرییه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی كوردستان، ئه‌وانی كه‌ خزمه‌تی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ به‌ گه‌ل و نیشتمانی كوردستان . ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن دوو كۆمه‌ڵه‌وه‌: 1- عه‌لمانیه‌كان كه‌ قه‌ڵه‌مدارو میدیایی و سیاسیش تێیدا پشكدارن. 2- ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ نوێخوازو نوخبه‌ی باڵای (ئیسلامێكی كوردستانی) ده‌زانن كه‌ راست ئه‌وه‌یه‌ بۆ زۆرربه‌یان بڵێین (ئیسلامێكی ده‌سه‌ڵات)!، كه‌ ئه‌و زۆربه‌یه‌ هه‌موو وته‌و وتارێكیان جێی بایه‌خ و خزمه‌ت پێكردنه‌ له‌لایه‌ن میدیای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.
منیش وه‌ك چاودێڕێك بۆ واقیعی ئیسلامخوازیی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریی پرسیارو سه‌رسوڕمانم به‌م شێوازه‌یه‌ : وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و (رۆشنبیری) ده‌ڵێن: راوێژیان كردووه‌ به‌ زانایان - به‌ نیسبه‌ت یه‌كێتی زانایانه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌یان به‌ درۆ خسته‌وه‌- ئه‌نجا بریارمان داوه‌ كتێبی ئه‌و نوسه‌رانه‌ -ئیبن ته‌یمیه‌و ئه‌وانیتر- قه‌ده‌غه‌ بكه‌ین، جا ئایا ئه‌وانه‌ی - نوخبه‌ی ئیسلامی ده‌سه‌ڵات- ماوه‌ی ساڵێكه‌ زمانیان پژاوه‌ به‌ لێدانی ئه‌و زاناو كتێبانه‌ ده‌كرێت گومانی ئه‌وه‌ به‌رین كه‌ هه‌ر ئه‌وانن ئه‌و پێشنیاره (ده‌گمه‌نه‌یان) كردووه‌ بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ خوڵقێنراوه‌؟!، ئایا ده‌كرێت پێشنیاری له‌وه‌ ناقۆڵاتر بكه‌ن بۆ گه‌مارۆی كارو كاروانی ئیسلامخوازانی كوردستان؟!. ئه‌گه‌ر نه‌خێرمان ده‌ست بكه‌وێت ئه‌وه‌ قسه‌مان نیه‌و ئه‌گه‌ر (به‌ڵێ)ش بوو ئه‌وه‌ ده‌بێت فاتیحه‌ بنێرین بۆ (نوخبه‌)یه‌ك كه‌ ده‌م و ده‌ستیان ده‌بێت له‌ تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و دوكه‌ڵاویكردنی ئه‌و كه‌مه‌ ئازادییه‌ی كه‌ به‌ هه‌وڵی هه‌موومان به‌دی هاتووه‌ و هه‌ڵته‌كاندنی ژێرخانی فیكریی و زانستیش. ئه‌وانه‌ بۆچی نارۆن داوا بكه‌ن - وه‌ك ئینكاری مونكه‌رو ئیباحییه‌ت- هه‌موو ئه‌و كتێب و ماڵپه‌رو ده‌زگای فیلم سازو دۆبلاج كه‌رانه‌ی بوونه‌ته‌ سینه‌مای سێكس و سێكسگه‌رایی و شێوێنه‌ری روخسارو ناخی كورد دابخرێن و بدرێنه‌ دادگا ؟!. ئه‌نجا كه‌ی و چۆن هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ی كه‌ مێژوو نه‌ریت و ماریفه‌و زمانی نه‌وه‌ی نوێی كوردی وێران كردووه‌ داوا ده‌كه‌ن بپێچرێته‌وه‌و لول بدرێت؟!، مادامێك ئه‌و كتێبانه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی فیكریی داعش به‌ پێی تێگه‌یشتنی ئه‌و دوو باڵه‌ی باسم كرد، كه‌واته‌ وه‌ك هاوسه‌نگییه‌ك پێشنیار ده‌كه‌م كه‌ كتێبی ئه‌و زانایانه‌ی كه‌ دژی داعش بوون چاپ بكرێن و بڵاو بكرێنه‌وه‌ ئه‌و زانایانه‌ش ئه‌مانه‌ن: ئه‌بو قه‌تاده‌، ئه‌بو به‌صیر، ئه‌بو محمدی مه‌قدیسی، موحه‌یسینی، قه‌رزاویی و زۆرێكیتر!! كه‌ دڵنیام شتی وا ناكه‌ن!، . به‌ داخه‌وه‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌زمونێكی تاڵداین كه‌ (ئیسلامی ره‌سمیی) و عه‌لماتیه‌كان له‌سه‌ری كۆكن و هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگن هه‌تاكو ئیسلامی راسته‌قینه‌ له‌ په‌ل و پۆ بكه‌وێت كه‌ ئه‌وه‌ش مه‌حاڵه‌ و هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ش خۆیان سلاك و سكراپ ده‌بن و ئیسلام و موسڵمانی كوردی سته‌مدیدیش تا قیامه‌ت ئه‌وه‌ به‌شی نابێت . 
به‌روار: 10/05/2015
بینین: 494
   زیاتر ...
په‌ڕه‌یله‌ 4
ژماره‌ی بابه‌ت