وەڵامدانەوەی گومانەکان
  فرە ژنی پێغەمبەر
هامنۆ هەورامی


زۆرێک لە رەخنەگرانی ئیسلام کاتێک کە رەخنە لە ئیسلام دەگرن یەکێک لەو خاڵانەی کە زۆر باسی لێوە دەکەنەوە فرەژنی پێغەمبەری ئیسلامە و پرسیارگەلێکی دووبارە ڕۆژانە دەربارەی دەکەنەوە ، هەڵبەت زۆرێک وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە بۆیە بە کورتی ئاماژەی پێ دەدەم :

وەک دەزانین هەندێک کردار هەن لەناو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و بۆ سەردەمێکی دیاریکراو شتێکی باوە و کێشە نییە گەر ئەنجامیش درابێت ، بەنموونە  ژن بە ژن و گەورە بە بچوک کەلە کوردەواریدا ئەنجامدەدرا ، لەودەمدا شتێکی  ئاسایی بووە ، کەچی ئێستا وەک کۆمەڵە عادەتێکی  قەدەغە و ناشیرین لێی دەڕوانین ، کەواتە پێویستە یەکەم شت لەم باسەدا ئاگاداری بین بەچاوی ئەو سەردەمەی ئەو کۆمەڵگایە لە پێغەمبەری ئیسلام(صلی الله علیه وسلم) بڕوانین کە لێی ژیاوە ، کە  فرەژنی تێیدا شتێکی ئاسایی بووە ، چونکە لەلای کۆمەڵگاکە ئاسایی بوو عادەتێک بووە و هەرکەسێکیش بیکردایە کەس گلەیی لێنەدەکرد بەهەمان شێوە لەو سەردەمەدا لەناو عەرەب شتێکی ئاسایی بووە و یەک کەس لەناو عەرەبدا گلەیی لە محمد نەکرد( صلی الله علیە وسلم )بۆچی ئەم کارەی کرد وە پێشیان هەڵە نەبوو؟
 چونکە شتێکی نامۆ نەبوو لەلای گەلەکەی ، بۆیە کاتێک سەرنجی واقعی مێژووی هەر گەلێک دەکەی نەک تەنها مێژووی ئیسلام هەموو مێژووەکانی دیکە و  فەیلەسووفەکان نابێت بێین بەچاوی ئێستاوە ڕەخنەی لێ بگرین بۆچی فڵانە شتی کرد و گوت ! چونکە لەلای ئەوان ئاسایی بووە هیچ عەیبەیەکیشی تێدا نەبووە ، بەڵام دەشێت هەمان شت لەلای گەلێکی دیکە شتێکی عەییبە بووبێت. بەڵام ئەوانی کە لە فەلسەفەی مێژوودا شارەزان باش دەزانن کە قەت نابێت بەچاوی ڕۆژگاری خۆت سەرنجی ڕووداوێکی مێژووی نەتەوەیەک یان کەسایەتیەک بکەی .
پاشانیش ئێمە دەزانین هەریەک لەو خێزانانەی کە پێکی هێناون بەرژەوەندییەکی گرنگ لەپشتییەوە هەبووە ، لەوانە بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان گەل و هۆزەکانی دی ، فێرکردنی ئافرەتان لەلایەن خێزانەکانییەوە ، بوونیان بە مامۆستا و گرنگترین گێڕەرەوەکان بۆ فەرموودەکان ، چونکە نزیکترین کەسبوون لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وسلم) ،  بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکانی و هتد ........
بۆیە پێغەمبەری خودا هەر شتێکی کردبێت بە حیکمەتەوە بووە و ئەوانەشی دژین دەیانەوێت راستیەکان داپۆشن .
وەک لەسەرەوەدا ئەوەمان ڕوونکردەوە ئەنجامدانی فرەژنی شتێکی باو بووە و لەناو کۆمەڵگای ئەودەمدا شتێکی ئاسایی بووە ،  لەم بەشەدا ڕوونی دەکەینەوە کە ئایا خێزانەکانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)کێ بوون و چۆن هاوسەرگیرییان کردووە ؟

۱. خدیجة بنت خویلد :
یەکەم خێزانی  پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) خەدیجەی کچی خوەیلد  بوو ڕەزای خوای لێبێت ، ئەمەش لەسەر داوای خۆی و خۆی پێشنیاری بۆ محمد (صلی الله علیه وسلم) کرد کە هاوسەرگیری بکەن ، کە لەو کاتەشدا تەمەنی (۲۸) ساڵ بوو (ڕایەکیش لەسەر  ئەوە هەیە کە تەمەنی ٤۰ ساڵ بێت) ، لە بەرامبەردا تەمەنی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ۲٥ ساڵ بوو ، وە پێشتریش دوو جار شووی کردبوو بە هەریەک لە (هند بن النباش) و (عتیق بن عابد).
ئایا چ حەز و ئارەزوویەک و شەهوەتێک لەگەڵ ئەم هاوسەرگیریەدایە ؟
وە گشت منداڵەکانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە خاتوو خەدیجە بوون بێجگە لە ئیبراهیم، کە بریتیبوون لە ( قاسم ، عبدالله ، زینب ، رقیة ، ٲم كلثوم ، فاطمة).
وە خۆشەویستی پێغەمبەر بۆ ئەم خێزانەی بەجۆرێک بووە کە لە دوای خۆشی بەردەوام لەیادی بووە ، بەجۆرێک وەک خاتوو عائیشە دەگێڕێتەوە ئیرەییان پێبردووە.
 که ئەوە وەفای پێغەمبەرەکەمان دەردەخات ، تەنانەت تا ماوەیەکی زۆر دوای خاتوو خەدیجە ئینجا خێزانی پێکەوە ناوە ، خۆشەویستی پێغەمبەر بۆ خاتوو خەدیجە بەجۆرێک بووە کە تەنانەت دوای پێکهێنانی هاوسەرگیری دواتری ڕۆژێکیان بەهەڵە بە ناوی خێزانی یەکەمی بانگی کرد .

۲. سودﺓ بنت زمعة:
 دووەم خێزانی پێغەمبەر  (صلی الله علیه وسلم) هاوسەرگیری لەگەڵی کردووە خاتوو سەودە بووە  ڕەزای خوای لێبێت ، ئەمیش پێش ئەوەی پێغەمبەر  (صلی الله علیه وسلم) مارەی بکات هاوسەری (سکران بن عمرو) بووە ، کە لە حەبەشە گەڕایەوە مێردەکەی کۆچی دوای کرد  و بنەماڵەکەی زۆر توند و تیژ بوون بەرامبەری ،  چونکە بێ باوەڕ بوون ، هەربۆیە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هاوسەرگیری لەگەڵی کرد ، چونکە وەک بێکەس وابوو و کەسیش نەبوو پشت و پەنای بێت و دەیانویست بیگێڕنەوە سەر باوەڕە کۆنەکەی ،  لە کاتێکدا خاتو سەودە (٥٥) ساڵ بوو .
ئایا پێغەمبەر چ ئارەزوویەکی بۆ ئەم خاتوونە هەبووە لەو تەمەنەدا ؟
۳. عائیشة بنت ابوبكر صدیق :
خاتوو عائیشە یەکەم خێزانی پێغەمبەر بووە (صلی الله علیه وسلم) کە بە کچێنی خواستوویەتی ، قسەی جیاواز  لەسەر تەمەنی دایکە عائیشە کراوە و زۆرینە لەسەر نۆ ساڵییەکەن و هەندێکی دی بە گەورەتر لەقەڵەمیانداوه بە (۱۸ - ۱۹) ساڵ کە بەڵگەی هەردوولا بەهێزە ، بەڵام ئێمە نۆ ساڵییەکە وەک پێوەر وەردەگرین ، قسەی زۆر دەربارە کراوە کە ئایا گونجاوە پێغەمبەرێک کچێکی نۆ ساڵە بهێنێت  ، وەک لە سەرەوەدا ڕوونمان کردەوە زۆر هەڵەیە بە تێڕوانینی ئێستا سەرنجی مێژوویەکی دیاریکراو بدەین ، هاوسەرگیریکردن لەگەڵ کچی منداڵدا شتێکی باو بووە ، بەڵگەشمان ئەوەیە هیچ کەسێک نە لە بنەماڵەی ابو بکری صدیق نە لە قورەیش و عەرەب رەخنە و شێوە نامۆییەکیان بەرامبەر ئەم کردارە نەبووە و هیچ شتێکی وەهاشمان دەست نەکەوتووە کە بە شێوازی رەخنە لەمە بڕوانن ، لەکاتێکدا لەسەردەمی نوسینەوەی فەرموودەش موعتەزیلە هەبوون کە بە عەقڵانی ناسراون ، کە رەخنەیان لە زۆر بابەتی دینی گرتووە و تێروانینی جیاوازیان هەبووە بۆ ئەسماء و سیفات ، کەچی هیچ رەخنەیەکیان لەم هاوسەرگیرییە نەگرتووە چونکە خۆیان باش لە هەلومەرجەکە تێگەشتوون .
نموونەش بۆ ئەم هاوسەرگیرییە کە ئەنجامدراوە لە تەمەنی کەمدا (امرأ القيس ، دغة ، لقمان بن عاد ، عمر ، زبیر بن عوام و .......)
لە دەرەوەی نیوە دوورگەی عەرەبیش (سانت ئۆگەستین و ریچارد پاشای دووەم و هێنری دووەم و چەندان نموونەی تر ......).
وە  شتێک هەیە باری سایکۆلۆجیای مناڵی دەشتەکی و شارستانی ،
ئەو منداڵانەی لە کەش و هەوایەکی دەشتەکیدا دەژین بە گەورەتر دەبینرێت لە هەمان تەمەنی منداڵێکی شارستێنی و بە پێچەوانەشەوە ، چونکە توانای جەستەیی و هزریان باشتر لەگەشەکردندایە .
پاشانیش عائیشە دوای کۆچی دووای پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ٤۸ ساڵ مایەوە ، یەکێک لە حیکمەتە گرنگەکانی ئەم ئافرەتە ئەوەبووە بووەتە مامۆستا و پێشەنگ بۆ هاوەڵان بە هەردوو ڕەگەزەوە بەتایبەت بۆ ئافرەتان کە وەک پێویست نەیانتوانیوە پرسیار لە هاوەڵە بەڕێزەکان بکەن ، یاخود وەک شەرمێک بووە لەلایان و خێزانەکانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بەگشتی و خاتوو عائیشە بەتایبەت بوونە مامۆستا و یارمەتیدەر بۆیان ، وە خاتوو عائیشە کە نزیکبووە لە پێغەمبەر و لەبەر بچوکییەکەی هۆشیارتربووە و زیاتر ئەقڵی زانیارییەکانی وەرگرتووە بۆیە بووە یەکێک لە گرنگترین فەرموودە گێڕەرەوەکان کە (۲۲۱۰) فەرموودەی گێڕاوەتەوە کە  لە پلە یەکەمینەکانی گێڕەرەوەی فەرموودەکان دەژمێردرێت کە ئەو بەخششە بە کەم کەس بەخشراوە و زۆرێک لە هاوەڵان لەکاتی ڕاجیاییدا گەڕاونەتەوە بۆ لای ئەم خاتوونە .

٤. حفصة بنت عمر :
 خاتوو حەفسە کچی پێشەوا عومەری کوڕی خەتتاب بووە ڕەزای خوایان لێبێت ، پێش ئەوەی هاوسەری پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)  بێت خێزانی (خنیس بن حذافة)  بووە ڕەزای خوای لێبێت ، لە پاش ئەوەی شەهیدا کرا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)  هاوسەرگیری لەگەڵ کرد و کردی بە هاوسەری خۆی ، کە ئەمە هەم بەرێزی و گەورەییەک بووە بەخشراوە بە پێشەوا عومەر کە پێغەمبەری خودا ببێتە زاوای  ، هەم حەفسه بێوەژن بووە و بێوەژن ڕێزی کەمتر بووە لە کۆمەڵگای ئەودەمدا بە گـشتی و پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بەم کردارەی کە بێجگە لە خاتوو عائیشە کە خێزانەکانی دیکەی  بێوەژن بوون بەکرداری ڕوونکردنەوەی بەوە داوە کە بێوەژن هیچ جیاوازییەکی نییە و نابێت بەشێوەیەکی جیاواز سەیر بکرێت و شکۆی بۆ گەڕاندووەتەوە ، ئایا گەر مەبەستی ئارەزوو و هەوەس بووایە کچی دەهێنا یاخوود بێوەژن ؟
وە ئەم خاتوونە بەڕێزە ئەو فەزڵەی پێبەخشراوە  ئەو قورئانەی پێشەوا عوسمان لەبەری گرتەوە لەماڵی ئەمدا پارێزراو بوو لەکاتێکدا هاوەڵانێکی ئێجگار زۆر و خزم و کەسی دیکەش هەبوون ،بەڵام ئەم فەزڵە بەم خاتوونە بەڕێزە بەخشرا .
٥. زینب بنت خزیمة :
 خاتوو زەینەب ڕەزای خوای لێبێت ، ئەمیش پێشتر خێزانی (عبیدﺓ بن الحارث) بووە ڕەزای خوای لێبێت کە لە غەزای بەدردا شەهید کرا ، پاشان پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) کردی بە هاوسەری خۆی  کە  تەمەنی (۳۳) ساڵ بوو ، بەڵام ئەم خاتوونە بەڕێزە تەنها (۸) مانگ لەگەڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)دا  مایەوە و پاشان کۆچی دوایی دەکات ، کە  خاتوو زەینەب و خاتوو خەدیجە هەردووکیان لەسەردەمی ژیانی پێغەمبەردا کۆچی دوواییان کردووە.

٦. هند بنت أبي أمية (ٲم سلمة):
ئەم خاتوونە بەڕێزە  ڕەزای خوای لێبێت ئەمیش پێشتر خێزانی (عبد الله بن عبدالاسد = ابو سلمة) بووە ڕەزای خوای لێبێت ، لە پاش ئەوەی (ابو سلمة)ی مێردی کۆچی دوایی دەکات ، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە تەمەنی  (۳۱) ساڵیدا  دەیکاتە هاوسەری خۆی.

۷. زینب بنت جحش :
یەکێکی تر لەو هاوسەرگیریانەی کە دژە ئیسلامەکان هەوڵدەدەن چاوبەستی تێدا بکەن ، ئەویش هاوسەرگیریەتی لەگەڵ زەینەبی کچی جەحش کە هاوسەری زەیدی کوڕی تەبەننی پێغەمبەر بووە (صلی الله علیه وسلم) و ئەوان بەو جۆرە باسی لێوە دەکەن ڕۆژێک پێغەمبەر چووەتە ماڵیان و زەینەبی بە شێوەیەکی نیمچە ڕووت دیوە و تەماعی تێکردووە و بە زەیدی تەڵاق داوە ،
بۆیە پێویستە بەرچاوڕوونییەک لەسەر ئەم هاوسەرگیرییە و ئەو گومانانە بدەین :
زەید کۆیلەی خەدیجە بوو وەک دیاری بەخشی بە پێغەمبەر ، پێغەمبەر ڕێزی لێناو ئازادی کرد و کردی بە کوڕی تەبەنی خۆی هەربۆیە لە ئایەتەکەدا دەفەرموێت : 
(أنعم الله عليه وأنعمت عليه)
 پێغەمبەری خودا چاکەی لەگەڵ زەید کردووە و ڕێزی لێناوە.
سەرەڕای ئەوەش پێغەمبەر (صلی اللع علیه وسلم) خۆی لە زەید مارەی دەکات ئەگەر مەیلێکی بۆی هەبوایە ئەوا لە زەیدی مارە نەدەکرد و خۆی دەیهێنا و ئیتر ئەم شێر و ڕێویەی بۆچیبوو ؟!
دواتر دژە ئیسلامەکان بەجۆرێک  باسی ڕووداوەکە دەکەن کە پێغەمبەر پێشتر زەینەبی نەدیوە بێئاگا لەوەی زەینەب خۆی پورزای پێغەمبەرە و بە منداڵی پێکەوەبوون و یەکیان بینیوە و هاموشۆی یەکدیان کردووە و پێش فەڕز بوونی حیجاب زەینەبی بەبێ حیجاب و سەری ڕوتی دیوە و قەت بەو شێوە کتوپڕە ئاسایه نەبووە کە ئەوان ئاماژەی پێدەکەن .
دواتریش زۆر گەڕام لەو فەرمودانەی پەیوەندیداربوون بەو باسەوە ئەو لەفزەی کەباسی ئەو بینینە دەکات هەمووی عیللەدار و زەعیفن و
هیچ سەرچاوەیەکی دروست و ڕاست نییە لەسەر ئەوەی گوایا پێغەمبەر زەینەبی بە شێوەیەکی نیمچە ڕووت دیوە و بەهۆی ئەوەوە دڵی لێچووە و درۆیە و ئەسڵ و ئەساسی نییە .
ئینجا سەبارەت بەو قسەیەت کە گوایا پێغەمبەر ئەڕوات بۆ ماڵی زەیدو ، زەیدیش -لەو كاتەدا- لەماڵەوە نابێت، زەینەب پێشوازیی دەكات، جاكاتێک كە پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) دەیبینێت كتوپڕ خۆشەویستیی زەینەب دەچێتە دڵیەوەو ئەڵێ: (سبحان الله مُقَلَّبَ القلوب !) زەینەب ئەمە ئەبیستێت و پاشان بۆ زەیدی دەگێڕێتەوە، ئەوسا ئەویش نیازی تەڵاقدانی ئەكات،
ئەمە درۆیە و ئەسڵ و ئەساسی نییە و وەکو لە سەرەوە گوتم یەک بەڵگەی سەحیحی لەسەر نییە ، وە (تەبەریی) و (ئیبن كەسیر) و (قورتوبی) ئەو بیروبۆچونانەیان هەمووی ڕەتکردۆتەوە ، بڕوانە :
(فتح الباری: ۸/ ٦٦٤، چ ٤ ساڵی ۱٤۲۱ ك - ۲۰۰۰ ز بكە، لە تەك تەفسیری قورتوبیی ب ۷ ل ۱۷۲ ی چاپی ساڵی ۱٤۱٥ ك - ۱۹۹٥ ل )

پێغەمبەر دەیزانی ناکۆکیان لەنێواندایەو جیا دەبنەوە وە کاتێک كە (زەید) هات و سكاڵای لەزەینەب خان كرد ، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێی نەگوت: تەڵاقی بدە، بەڵكو وتی: ( أمسك عليك زوجك) ئەگەر مەبەستێکی وەهای بووایە ئایا هەرئەوکات ئەو کارەی نەدەکرد ؟؟!
وە دوواتریش زەید کوڕی ڕاستی پێغەمبەر نەبووە بەڵکو تەبەنی بووە ، ئێمە دەزانین تەنانەت ئەوکاتە ئایەتەکە دابەزیوە زەید زەینەبی تەڵاقداوە و عیدەشی تەواو بووە و هیچیشی بەسەریەوە نەماوە ، کەواتە ئیتر هیچ پەیوەندیەکی گرێدراو نەماوە لەو نێوەندەدا.
خودای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەر کردووە کە بیهێنێت چونکە ویستویەتی لەو ڕێگەیەوە یاسای تەبەنی کردن هەڵوەشێنێتەوە ، بەڵام پێغەمبەر پێی خۆش نەبووە و لەدڵی گران بووە چونکە هەستی کردووە کە لۆمەکردنێکی بێتە سەر و خەڵک بڵێن بوکی خۆی مارە کردووە، بەڵام خودای گەورە لۆمەی پێغەمبەر دەکات بەرامبەر ئەوە و پێی دەفەرموێت :
(وَإِذْ تَقُولُ لِلَّذِي أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَأَنْعَمْتَ عَلَيْهِ أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ وَتَخْشَى النَّاسَ وَاللَّهُ أَحَقُّ أَن تَخْشَاهُ ۖ فَلَمَّا قَضَىٰ زَيْدٌ مِّنْهَا وَطَرًا زَوَّجْنَاكَهَا لِكَيْ لَا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ إِذَا قَضَوْا مِنْهُنَّ وَطَرًا ۚ وَكَانَ أَمْرُ اللَّهِ مَفْعُولًا)
۸. جویریة بنت الحارث :
 خاتوو جوەیریە  ڕەزای خوای لێبێت پێشتر خێزانی (مسافع بن صفوان) بووە و لە غەزای (بني المصطلق) بەدیل دەگیرێت ، دوواتر کە دەیهەوێت ڕزگاری ببێت دەچێتە خزمەتی  پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و داوای هاوکاری لێ دەکات ،  پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)  ڕزگاری دەکات  و دەیکاتە هاوسەری خۆی.

۹. میمونة بنت الحارث:
 خاتوو مەیمونە ڕەزای خوای لێبێت پێشتر خێزانی (مسعود بن عمرو) بووە و پاش ئەویش شووی بە  (ابو رهم) کردووە ، خاتوو مەیمونە خۆی بە ڕەزامەندی خۆی خۆی  پێشکەشی پێغەمبەر  (صلی الله علیه وسلم) کردووه و پێغەمبەریش داواکارییەکەی پەسەند کردووە ، کە لەم کردارەدا ئەوە دەبینین کە کچ یاخوود باوکی کچ دەتوانن پێشنیاری هاوسەرگیری بۆ کوڕێکی بەڕێز و دیندار بکەن .

۱۰. صفیة بنت حيي بن اخطب:
  خاتوو سەفیە کچی حەیی کوڕی ئەختەبی سەرۆکی جولەکەکانی بەنو نەزیر بوو کە دووای خیانەتیان لە پێغەمبەر لە غەزای خەیبەردا خۆی و کوڕەکانی دەکوژرێن ، خاتوو سەفیە ڕەزای خوای لێبێت خۆشی له غەزای خەیبەردا بەدیل گیرابوو،  پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم)  ئەو پێشنیارەی خستە بەردەمی کە  لەسەر ئاینی یەهودی دەمێنیتەوە یاخود  دەبێت بە موسڵمان و بەوەش دەیکات به هاوسەری خۆی، لەبەر ئەو هۆکارە ئەو پێشنیارەی بۆکرد ، چونکە پێی ناخۆش بووە کچی گەورە پیاوێکی وەکو حەیی دیل بێت ، ئەویش لە هەڵسوکەوت و کردارە جوانەکانی پێغەمبەر ئیسلامی لەلا شیرین بوو و  ئیسلامی  هەڵبژارد و پێغەمبەریش کردی بە هاوسەری خۆی .

۱۱.  رملة بنت ابي سفیان (ام حبیبة):
خاتوو ڕملە ڕەزای خوای لێبێت خێزانی (عبیدالله بن جحش) بووە بەڵام دوواتر عبیدالله لە حەبەشە لە  ئیسلام هەڵدەگەڕێتەوە و دەبێتە مەسیحی ، بەو هۆیەوە لەیەکتر جیادەبنەوە  و پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) دەیکاتە هاوسەری خۆی .

۱۲. ريحانة بنت شمعون بن زيد :
خاتوو ڕەیحانە ڕەزای خوای لێبێت لە یەهودییەکانی بەنو قورەیزە بووە ، دوای شەڕی بەنو قورەیزە خاتو رەیحانە بەدیل دەگیرێت ، پیغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)  سەرپشکی ئازادی دەکات ، بەڵام خاتوو رەیحانە قبووڵی ناکات و ویستی وابوو وەک کەنیزە بمێنێتەوە ، چونکە دیارە کاریگەری شەڕەکەی لەسەردا مابووەوە ، یاخود وەک وەفایەک بۆ هاوسەری پێشووی ، بەڵام دواتر بەپێی کات  گۆڕانی بەسەردا دێت و دڵی لەسەر ئیسلام ئەچەسپێت بەبێ هیچ زۆرلێکردنێک ، دواتر موسڵمان بوو و پێغەمبەر زۆری پێخۆش بووە بە بیستنی ئەو هەواڵە .

۱۳. مارية بنت شمعون القبطية :
پەیوەندی ئەم هاوسەرگیریەی خاتوو ماریە ڕەزای خوای لێبێت بۆ پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی بوو....
کاتێک پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نامەیەکی نارد بۆ مقوقسی سەرۆکی قیبتییەکانی میسڕ ، ئەویش خۆشحاڵ بووە پێی بەڵام نەیتوانیوە موسڵمان بوونی ئاشکرا بکات ، بەهۆکاری لەدەستدانی دەسەڵات .
لە بەرامبەردا سەرەڕای وەڵامدانەوەی نامەکە و ناردنی دیاری ، خاتوو ماریە و سیرینی خوشکی بە دیاری دەنێرێت بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێشنیاری موسڵمانبوونی بۆ کردن و ئەوانیش موسڵمان ببوون ، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) خاتوو ماریەی کرد بە هاوسەری خۆیی و خوشکەکەشی واتە سیرین دا بە حەسانی کوڕی سابیت ڕەزای خوایان لێبێت ، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و خاتوو ماریە کوڕێکیان دەبێت بەناوی ئیبراهیم .
به‌روار: 05/07/2019
بینین: 3215