وەڵامدانەوەی گومانەکان
  هاتنی باسی محمد ﷺلە ئینجیلدا درۆی موسڵمانانە، یان ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە؟
هامنۆ هەورامی

بەشی یەکەم:

کەم نین لەو موسڵمانانەی ڕۆژانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناوی دواین پەیامبەری مرۆڤایەتی کە محمد ﷺ-ە لە پەرتوکە ئاسمانییەکاندا هاتووە و یەکێك لەو پەرتوکانەش لەم ڕوانگەیەوە زۆرترین چاوی لەسەرە ئینجیلی پیرۆزە کە بە پەیمانی نوێش دەناسرێت.
بەڵام لە بەرامبەر ئەمەشدا هەڵگران و شوێنکەوتوانی ئینجیل کە پێیان دەگوترێت مەسیحی ئەم بانگەشانە ڕەت دەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن ئەمە تەنها پڕوپاگەندەیەکی موسڵمانانە و هیچ ڕاستییەکی زانستی لە پشتەوە نییە.
لێرەدا ئەو دەقانەی کە گوماناوین و جێگەی سەرنج و تێڕامانن بۆ بابەتەکەمان نیشانیان دەدەین و وردبوونەوەی لەسەر دەکەین.
ئەو ئینجیلەی کە ئەو بڕگە و دێڕانەی لەخۆ گرتووە دەربارەی ئەم هەواڵدانە بریتییە لە ئینجیلی یوحەننا، یەکەم ئاماژەشی باشی ١: ١٩ – ٢١ –ە کە دەڵێت:
۱۹
ئه‌مه‌ش شایه‌تییه‌كه‌ی یه‌حیایه‌، كاتێك ڕابه‌رانی جوله‌كه‌ی ئۆرشه‌لیم كاهین و لێڤییان نارده‌ لای پرسیاری لێ بكه‌ن: «تۆ كێیت؟»
۲۰
ئه‌و دانی پێدا نا و نكۆڵی نه‌كرد، به‌ڵكو گوتی: «من مه‌سیحه‌كه‌ نیم.»
۲۱
ئینجا لێیان پرسی: «ئه‌ی كێیت؟ ئه‌لیاسی؟» گوتی: «نا، ئه‌و نیم.»
«ئه‌ی تۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ؟» گوتی: «نه‌خێر.»

ئەم دەقە دیمەنێکە کە دەگەڕێتەوە بۆ پێش هەڵبژاردنی عیسای مەسیح، لێرەدا یوحەننا یاخود پەیامبەر یەحییای کوڕی زەکەرییا سڵاوی خوا لە هەردووکیان بێت دیارترین کەسایەتی نیو شانۆی یەهودییەتە، پیاوە ئایینییەکانی یەهود هاتوونەتە خزمەتی و گومانیان لەوەیە کە ئایا ئەم کەسە کام لەو زاتانەیە کە لە چاوەڕوانیدان، ئەو سێ زاتەش بریتین لە:
مەسیحەکە، ئەلیاس (ئیلییا)، پەیامبەرەکە.

بۆ ئەوەی جوانتر خوێنەری ئازیز گفتوگۆکەی لەلا ڕوون بێت لەسەر هەریەک لەم زاتە وچانێك دەدەین، با سەرەتا بزانین مەبەستیان لە زەکەریا و یەحییا کێن؟
ڕوونە کە گوتە و دەقەکانی موسڵمانان و یەهودییەکان و مەسیحییەکان جودان لە مەڕ یەم دوو پەیامبەرە بەڕێزەوە، وەك ڕوونە بەهۆکاری ئەو گۆڕانکاری و دەستکاریانەی ڕووبەڕووی دەقەکانی یەهودی و مەسیحییەکان بوونەتەوە ناتوانین بەشێوەیەکی دڵنیاکەرەوە پشتییان پێ ببەستین، دەتوانین وەك سەرچاوەیەکی گرنگی مێژووی پشتی پێ ببەستین بەڵام بەو پێوەرەی کە پەرتوکێکی بە هەڵە و
خودایی وەک قورئانمان لەبەر دەستدایە، واتە پێوەری ئێمە بۆ وەرگرتنی دەقەکانی ئینجیل و تەورات قورئانی پیرۆزە کە خوای پەروەردگار بەڵێنی پاراستنی داوە.
لە ئینجیل و تەوراتدا باس لە چەند کەسایەتی جودا لەیەك کراوە بەنێوی (زەکەریا)وە، کە دیارترینیان زەکەریای پەیامبەرە کە کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ بووە، لە نزیکی سەدەی شەش بۆ پێنجی بەر لە لەدایک بوونی مەسیح ژیاوە، هاوسەردەمی حەگەی پەیامبەر بووە کە لە پەیمانی کۆندا سفرێکی خنجیلانەی هەیە، زەکەریاش بە هەمان جۆر لە پەیمانی کۆندا سفرێکی بە ناوەوەیە کە دراوەتە پاڵی و مەسیحییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن لەم سفرەدا پێشبینی بۆ هاتنی مەسیح کراوە، وە لە پێشەکی سفرەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە نوسینەوەی ئەم سفرە بۆ ساڵی (٥٢٠)-ی بەر لە لەدایکبوونی مەسیح دەگەڕێتەوە.
هەر لە پەیمانی کۆندا لە سفری دووەمی پاشایاندا باس لە پاشا زەکەریای کوڕی یارۆڤعام دەکات کە ماوەی شەش مانگ لە ناوچەی سامیرە کە نێوەڕاستی فەڵەستین دەکات فەرمانڕەوایی ئیسرائیلییەکانی کردووە، وەك لە بەشی (١٥: ٩)-دا ئاماژەی پێدراوە کەسێکی باش نەبووە و خراپەکار بووە، هەتاوەکو وای لێ هاتووە کەسێك بە نێوی شەلومی کوڕی یاڤێش لە بەردەم گەلەکەیدا کوشتوویەتی و خۆی بووەتە فەرمانڕەوا لە بری.
ئەوەی مەسیحی و یەهودییەکانیش بڕوایان لەسەریەتی پەیامبەرییەتی زەکەریای کوڕی بەرەخیایە، ئەوەی کە ئێمە مەبەستمانە لێرەدا ئەو زەکەریایەیە کە پەیمانی نوێ لە ئینجیلی لۆقادا بۆمان دەگێڕێتەوە، کە ئەویش زەکەریای ئەبیایی باوکی یەحییا (یوحەننا)-ە، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە ئینجیل و مەسیحییەکان کە باسی ئەم پەیامبەرە بەڕێزە دەکەن، ئەوان بڕوایان بە پەیامبەریەتییەکەی نییە، بەڵکو پێیان وەهایە تەنها کاهینێکی یەهودییە و هیچی دیکە، وەک چۆن لە لۆقا: بەشی ١: بڕگەی ٥-٦ دەڵێت:

لەو سەردەمەی هیرۆدۆسی باوك پاشای یەهودیا بوو، کاهینێك لە نۆرەی نەوەی ئەبیا هەبوو ناوی زەکەریا، ئەلیساباتی ژنیشی لە نەوەی هارون بوو.
هەردووکیان لەبەرچاوی خوادا ڕاست و دروست بوون، بێ گلەیی بوون لە پەیڕەوکردنی هەموو ڕاسپاردە و حوکمەکانی یەزدان.

بەڵام قورئانی پیرۆز ئەم هەڵەیەی نووسەرەوانی ئینجیلمان بۆ ڕاست دەکاتەوە و دەفەرموێت:
وَزَكَرِيَّا وَيَحْيَى وَعِيسَى وَإِلْيَاسَ ۖ كُلٌّ مِنَ الصَّالِحِينَ ﴿٨٥ الأنعام﴾
واتە: (هه‌روه‌ها) زه‌که‌ریا و یه‌حیا و عیسا و ئیلیاس هه‌ر هه‌موویان له‌ چاکه‌کان بوون.
سەرنج دەدەین لەم ئایەتە پیرۆزەدا خوای گەورە پەیامێکی ڕوون و پڕمانامان پێ ڕادەگەیەنێت، ناوی پەیامبەر زەکەریا لەگەڵ دوو پەیامبەری دیکەی نێو گەلی ئیسرائیل دەهێنێت، دەبێت ورد ببینەوە بۆچی لە نێو گشت پەیامبەرانی دیکەی یەهودیدا ناوی (عیسا و ئیلیاس) دەبات!
وەك پێشتر باسمان لێوە کرد لە کاتی چوونە لای کاهینەکان بۆ لای (یەحییا = یوحەننا) سێ پرسیاری گرنگیان لێ کرد، پرسیار لە سێ زات، (مەسیحەکە، ئیلیاس، پەیامبەرەکە).
واتە یەهودییەکان چاوەڕێی سێ زات بوون، مەبەستەکەش زۆر ئاسان دیارە، خوای گەورەیە دەیەوێت پێمان ڕاگەیەنێت زەکەریا پەیامبەرێکی بەڕێزی خوایە نەك بە تەنها کاهینێك، واتە یەکەم شت ئەمە ڕاستکەرەوەیەکە بۆ نووسەرەوانی ئینجیل.
دووەم شت خوای گەورە دووان لە سێ کەسایەتییە پرسیارلێکراوەکەی لەم ئایەتەدا پێ گەیاندووین!
ئەلیاس ڕوونە، مەسیحیش دیارە کە لێرەدا عیسایە، بۆیە خوای گەورە پێمان ڕادەگەیەنێت سێیەم پرسیار لێکراو یەهودی نییە و لە بنەماڵە و هۆزی ئیسرائیلییەکان نییە!
لێرەدا واز لەوە دەهێنین کە ئەم پەیامبەرە کێیە کە یەهودیش نییە و سەڕەڕای ئەوەش چاوەڕوانی دەکەن ئەوەی گرنگە لێرەی ڕووداوەکەدا کە زەکەریا بێگومان لە کاهینێك زیاترە و نێردراوێکی خواییە.
هەر خودی ئینجیلیش ئاماژە بە سروشی خوایی دەکات بۆ زەکەریا کە پاڕاوەتەوە لە خوای پەروەردگار تاوەکو منداڵی ببێت، خوای پەروەردگاریش جیبریلی بۆ ناردووە هەتاوەکو ئەو مژدەیەی پێ بدات، ڕوونە کە جیبریلیش پەیام بۆ زاتێك بهێت پلەی ئەو زاتە چیە!
لۆقاش لە بەشی ١ دا دەڵێت:
۱۱
له‌وێ فریشته‌یه‌كی یه‌زدانی بۆ ده‌ركه‌وت، له‌لای ڕاستی قوربانگای بخوور ڕاوه‌ستابوو.
۱۲
كاتێك زه‌كه‌ریا فریشته‌كه‌ی بینی، په‌شۆكا و ترسی لێ نیشت.
۱۳
به‌ڵام فریشته‌كه‌ پێی گوت: «زه‌كه‌ریا مه‌ترسه‌، چونكه‌ پاڕانه‌وه‌كه‌ت بیسترا، ئه‌لیساباتی ژنیشت كوڕێكی بۆت ده‌بێت و ناوی لێ ده‌نێیت یه‌حیا.
۱٤
ئه‌و ده‌بێته‌ مایه‌ی خۆشی و شادی بۆ تۆ، زۆر كه‌س به‌ له‌دایكبوونی دڵخۆش ده‌بن،
۱٥
چونكه‌ ئه‌و له‌به‌رچاوی یه‌زدان ده‌بێته‌ كه‌سێكی مه‌زن و پایه‌به‌رز. هه‌رگیز شه‌راب و مه‌ی ناخواته‌وه‌. له‌ سكی دایكییه‌وه‌ پڕده‌بێت له‌ ڕۆحی پیرۆز و
۱٦
زۆر له‌ ڕۆڵه‌كانی ئیسرائیل بۆ لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
۱۷
به‌ ڕۆح و توانای ئه‌لیاسه‌وه‌ پێش یه‌زدان ده‌كه‌وێت، تاكو دڵی باوكان بۆ لای منداڵه‌كان ڕابكێشێت و یاخیبووانیش بۆ لای دانایی ڕاستودروستان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لێكی ئاماده‌ بۆ یه‌زدان پێكبهێنێت.»
۱۸
زه‌كه‌ریاش به‌ فریشته‌كه‌ی گوت: «به‌ چی ئه‌مه‌ بزانم، چونكه‌ خۆم پیرم و ژنه‌كه‌شم به‌ ساڵدا چووه‌؟»
۱۹
فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «من جبرائیلم له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستم، نێردراوم تاكو له‌گه‌ڵت بدوێم و ئه‌م مژده‌یه‌ت بده‌مێ.
۲۰
ئه‌وه‌تا له‌ ئێستاوه‌ تۆ لاڵ ده‌بیت و توانای قسه‌كردنت نامێنێت هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌م شتانه‌ ڕووده‌ده‌ن، چونكه‌ باوه‌ڕت به‌ قسه‌كه‌م نه‌كرد، ئه‌وه‌ی له‌ كاتی خۆیدا دێته‌ دی.»
۲۱
خه‌ڵكه‌كه‌ چاوه‌ڕوانی زه‌كه‌ریایان ده‌كرد و سه‌رسام ببوون له‌ دواكه‌وتنی له‌ناو په‌رستگادا.
۲۲
كاتێك هاته‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵیان بدوێت، جا زانییان كه‌ له‌ په‌رستگادا بینینێكی بۆ ئاشكرا كراوه‌، چونكه‌ به‌ ئیشاره‌ت له‌گه‌ڵیان ده‌دوا و به‌ لاڵی مایه‌وه‌.
۲۳
كاتێك ڕۆژانی خزمه‌تكردنه‌كه‌ی ته‌واوبوو، گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ.
۲٤
دوای ئه‌و ڕۆژانه‌، ئه‌لیساباتی ژنی سكی پڕبوو، پێنج مانگ خۆی شارده‌وه‌ و ده‌یگوت:
۲٥
«یه‌زدان ئه‌مه‌ی بۆ كردم، له‌م ڕۆژانه‌دا چاكه‌ی خۆی نیشان دا و ئابڕووی منی له‌نێو خه‌ڵكدا كڕییه‌وه‌.

***

باسکردنی زەکەریا دەرگایەکە لەبەردەم تێگەشتن لە کەسایەتییەکانی دیکەی تێکستەکە، پێویستە لێرەدا گرنگترین ئەکتەری نێو تێکستەکە لەبیرنەکەین کە ئەویش یەحییای پەیامبەرە سڵاوی خوای لێبێت.

وەك لە دەقی پێشوودا باسمان کرد لەدایکبوونی پەیامبەر یەحییا بە مژدەدانێکی خوایی بووە لە ڕێگەی جیبریلەوە، بەپێی هەردوو دەقی قورئانی و ئینجیلیش ئەم بەسەرهاتە گێڕدراوەتەوە بەڵام کەمێك جیاوازی لەنێوان هەردوو پەیامەکەدا هەن، بەڵام وەك پێشتر لێکمان دایەوە قورئان سەنگی وەرگرتنی ڕاستیەکانە بەهۆکاری دووری لە گۆڕانکاری و دەستکاری مرۆڤەکان.
هەر بۆیە لەکاتی بوونی جیاوازییەکان دەگەڕێینەوە بۆ پێوەری قورئان.
یەحییا لەگەڵ پەیامبەر عیسادا سڵاوی خوایان لێبێت تەمەنیان نزیکە لەیەکەوە، چونکە وەک لە لۆقادا هاتووە کاتێك ئەلیساباتی خێزانی زەکەریا سکی شەش مانگ بووە خوای گەورە مژدەی عیسای بە خاتوو مەریەم داوە. (بڕوانە: لۆقا: ١: ٢٦-٢٨)
کەواتە بەم پێیە بێت ساڵی لەدایکبوونی دەگەڕێتەوە بۆ (٤-٦) بەر لە ساڵنامەی لەدایکبوون، واتای ناوەکەی بە زمانی عیبری دەکاتە (خوا میهرەبانە) خوێندنەوەکەشی بە زمانی ئارامی دەبێتە (یوخەننەن).
یەحییای پەیامبەر هەڵگری چەند تایبەتمەندییەك بووە کە پێویستە لێرەدا ئاوڕدانەوەیەکی کورت و سەرپێیانەی لێ بدەینەوە، بۆ نموونە:

۱. خوای پەروەردگار خۆی ناوی ناوە.
۲. لە باوکێکی بەتەمەن و دایکێکی نەزۆکەوە لەدایکبووە.
۳. لەلایەن فریشتەی خواییەوە موژدەی بەخشینی دراوە بە خێزانەکەی.
٤. بەڵگەی لەدایکبوونی ئەوەبووە خوای پەروەردگار (٣) ڕۆژ باوکی (زەکەریا) لە زمان خستووە.
٥. هەر لە منداڵییەوە خوای پەروەرگار دانایی و تێگەشتن لە شەریعەتی پێ بەخشیوە.
٦. لە تاوان و خراپە و نەنگی و هەڵە پارێزراوە.

ئەمەش کورتەی ئەم ئایەتە پیرۆزانەی قورئانە:

یا زَكَرِيَّا إِنَّا نُبَشِّرُكَ بِغُلَامٍ اسْمُهُ يَحْيَىٰ لَمْ نَجْعَل لَّهُ مِن قَبْلُ سَمِيًّا (۷) قَالَ رَبِّ أَنَّىٰ يَكُونُ لِي غُلَامٌ وَكَانَتِ امْرَأَتِي عَاقِرًا وَقَدْ بَلَغْتُ مِنَ الْكِبَرِ عِتِيًّا (۸) قَالَ كَذَٰلِكَ قَالَ رَبُّكَ هُوَ عَلَيَّ هَيِّنٌ وَقَدْ خَلَقْتُكَ مِن قَبْلُ وَلَمْ تَكُ شَيْئًا (۹) قَالَ رَبِّ اجْعَل لِّي آيَةً ۚ قَالَ آيَتُكَ أَلَّا تُكَلِّمَ النَّاسَ ثَلَاثَ لَيَالٍ سَوِيًّا (۱۰) فَخَرَجَ عَلَىٰ قَوْمِهِ مِنَ الْمِحْرَابِ فَأَوْحَىٰ إِلَيْهِمْ أَن سَبِّحُوا بُكْرَةً وَعَشِيًّا (۱۱) {مریم}

هُنَالِكَ دَعَا زَكَرِيَّا رَبَّهُ ۖ قَالَ رَبِّ هَبْ لِي مِن لَّدُنكَ ذُرِّيَّةً طَيِّبَةً ۖ إِنَّكَ سَمِيعُ الدُّعَاءِ (۳۸) فَنَادَتْهُ الْمَلَائِكَةُ وَهُوَ قَائِمٌ يُصَلِّي فِي الْمِحْرَابِ أَنَّ اللَّهَ يُبَشِّرُكَ بِيَحْيَىٰ مُصَدِّقًا بِكَلِمَةٍ مِّنَ اللَّهِ وَسَيِّدًا وَحَصُورًا وَنَبِيًّا مِّنَ الصَّالِحِينَ (۳۹) قَالَ رَبِّ أَنَّىٰ يَكُونُ لِي غُلَامٌ وَقَدْ بَلَغَنِيَ الْكِبَرُ وَامْرَأَتِي عَاقِرٌ ۖ قَالَ كَذَٰلِكَ اللَّهُ يَفْعَلُ مَا يَشَاءُ (٤۰) قَالَ رَبِّ اجْعَل لِّي آيَةً ۖ قَالَ آيَتُكَ أَلَّا تُكَلِّمَ النَّاسَ ثَلَاثَةَ أَيَّامٍ إِلَّا رَمْزًا ۗ وَاذْكُر رَّبَّكَ كَثِيرًا وَسَبِّحْ بِالْعَشِيِّ وَالْإِبْكَارِ (٤۱) {ال عمران}
يَحْيَىٰ خُذِ الْكِتَابَ بِقُوَّةٍ ۖ وَآتَيْنَاهُ الْحُكْمَ صَبِيًّا (۱۲) وَحَنَانًا مِّن لَّدُنَّا وَزَكَاةً ۖ وَكَانَ تَقِيًّا (۱۳) وَبَرًّا بِوَالِدَيْهِ وَلَمْ يَكُن جَبَّارًا عَصِيًّا (۱٤) وَسَلَامٌ عَلَيْهِ يَوْمَ وُلِدَ وَيَوْمَ يَمُوتُ وَيَوْمَ يُبْعَثُ حَيًّا (۱٥) {مریم}
هەروەها بگەڕێڕەوە بۆ بەشی یەکەم و سێیەمی ئینجیلی لۆقا.
ئینجیلیش دانی ناوە بە پەیامبەرییەتی یەحییادا کە لە دێڕی ٢-ی بەشی ٣ لۆقادا دەڵێت:
لە سەردەمی سەرۆك کاهینیێتی حەنا و قەیافا لە دەشت و دەر پەیامی خوا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات.
کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ساڵی (٢٥ – ٢٦) پاش لەدایکبوونی مەسیح.
بەپێی ئینجیل بە دەوروبەری ڕوباری ئوردندا خەریکی لەئاوهەڵکێشان و تەوبە پێ دادان بووە، هەر ئەمەش وەهای کردووە چاوی یەهودییەکانی بکەوێتە سەر، تەنانەت عیسای مەسیحیش بە دەستی ئەم لەئاو هەڵکێشراوە، هەموو ئەوانە وەهای کرد کاهینانی یەهودی سەردانی بکەن و بزانن ئەمە کامە زاتە پێشبینی کراوەیە لەوانەی لە چاوەڕوانیدا بوون.
بەپێی بەشی چواردەی ئینجیلی مەتتا، یەحییا سڵاوی خوای لێبێت بەهۆی ئەوەی بە هیرۆدۆسی ئەنتیپاسی فرمانڕەوای ڕۆمانییەکان لە ناوچەی جەلیل لە باکوری فەڵەستینی فەرمووبوو: بۆت نییە براژنەکەی خۆت بخوازیت.
هەر لەبەر ئەمەش ببوو دەستگیری کردبوو بەڵام لەو کاتەدا ترسی لە کوشتنی هەبوو، بەڵام بە هۆکارێك ناچار بە کوشتنی دەبێت کە مەتتا لە بڕگەی ٦-١٢ بۆمان دەگێڕێتەوە:
لە جەژنی لەدایکبوونی هیرۆدس، کچی هیرۆدیا لە ناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هیرۆدسی دڵخۆش کرد، ئەوەبوو بە سوێندەوە بەڵینی پێیدا، چی حەزی لێ بێت بیداتێ. کچەکەش بە فیتی دایکی، گوتی:
لێرە لەسەر سینییەك سەری یەحییای لەئاوهەڵکێشراوم بدەرێ.
پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر سوێندەکان و میوانەکان فەرمانی دا بیدەنێ.
ئینجا ناردی لە زیندان سەری یەحییایان پەڕاند و سەرەکەی لەسەر سینییەك هێندرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی، قوتابییەکانی هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتیان. ئینجا هاتن و هەواڵەکەیان دایە عیسا.

کەواتە یەحییا سڵاوی خوای لێبێت بە دەستی فەرمانڕەوای ڕۆمانی لە جەلیل کوژراوە، ئەم ڕووداوەش بە ساڵی (٢٨-٢٩) پاش لەدایکبوونی مەسیح ڕوویداوە.

***
ئێستا تا ئێرە توانیمان ناسینێك ببەخشین بە یەحیا و بنەماڵەکەی کە پرسیارلێکراوی نێو پێشبینییەکە بووە.
ئێستاش دەچینە نێو کەسایەتییە پرسیار ئامیزەکانی نێو پێشبینییەکە، کە یەکەمیان مەسیحەکەیە!

کاتێك پرسیان تۆ کێیت؟
ئەم دانی پێدا نابوو کە {من مەسیحەکە نیم}!

ئێستا بزانین مەسیح چییە و کێیە؟

خودی وشەی مەسیح لە بنەڕەتدا وشەیەکی عیبرییە و ئەمەش ڕێنووسەکەیەتی (ماشیح -מָשִׁיח ) وە لە زمانی گریکیدا بووە بە (خریتۆس - Χριστός ) کە بە واتای دەستنیشانکراو بە چەورکردن دێت و هەروەها بە ڕزگارکەریش ناسراوە.
لە پەرتوکە پیرۆزەکانی یەهودییەکاندا ڕوونە کە نازناوی (مەسیح) لە پاشاکانی ئیسرائیل و قەشە گەورەکان دەنرا.
ئەوانەی کە بە زەیتی پیرۆزی زەیتوون و بۆنی هەمەجۆر چەوردەکران، تەنانەت کۆرشی مەزنی پاشای هەخامەنشییەکان بە (مسیح الله) ناودەبرا، وەك چۆن لە سیفری ئیشایادا لە بەشی ٤٥: بڕگەی ١-٧دا باسی دەکات و لە سەرەتاکەیدا دەڵێت:
{هكذا قال الله لمسيحه قورش}.

کەواتە بەپێی ئەم دەربڕینە مەسیح زۆربوون، بەڵام لێرەدا واتە لە پێشبینییەکەدا وشەکە بە ناسراوی (مەسیحەکە) هاتووە، واتە ئەمە ئەو کەسەیە دەبێتە ڕابەری گەلی یەهودی بۆ هەستانەوەیان، ئەوان چاوەڕێی سیفەتانیکیان دەکرد کە مەسیحەکەی پێ بناسێننەوە، ئەوان چاوەڕێی مەسیحێکی جەنگاوەریان دەکرد کە دەسەڵاتێکی جیهانی هەبێت، چاوەڕوانی ڕزگارکەرێکن کە وڵاتی داود بگێڕێتەوە، مەسیحێك کە ئیسرائیلییەکان لە خاکی کەنعاندا کۆبکاتەوە و نەتەوەکان بکەونە ژێر دەسەڵاتی.
کاتێك عیسا دێت بەشێکیان شوێنی دەکەون و بە مەسیحەکەی تێ دەگەن، بەڵام بەشێکی زۆر لە پیاوانی ئایینی یەهودی و سەرانیان دژی ئەمە بوون، هۆکارەکەشی ئەوەبوو مەسیح داوای پاککردنەوەی ناخی دەکرد لە بری پاکردنەوەی وڵات لە رۆمانییەکان، ئەم باسی پاشایەتی ئاسمانی دەکرد لە بەرامبەر پاشایەتی ئیسرائیلیدا، تەنانەت لە گوتەیەکیدا لە بەرامبەر پرسیارێکدا لێی دەکەن سەبارەت بە سەرانەدان بە قەیسەر ئەم پێیان دەفەرمویت:
هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خواش بدەنە خوا. (بڕوانە مەتتا: ٢٢: ١٥-٢٢).
ئەمەش ئەو مانایە دەبەخشێت عیسا سڵاوی خوای لێبێت هیچ مەبەستێکی یاخیبوون و جیابوونەوەی دەسەلاتی لە قەیسەر نەبووە، هەر ئەمەش وەهای کردووە یەهودییەکان دژی بووەستنەوە و ڕقەبەرایەتی بکەن.
خوای پەروەردگار عیسا بە مەسیح ناودەهێنێت لە چەندین جێگەی قورئانی پیرۆزدا، ئەمەش بەو واتایەی بە دڵنیاییەوە عیسا مەسیحە، بەڵام لێرەدا خوای گەورە تێگەشتنێکی هەڵەی یەهودییەکانمان بۆ ڕاستدەکاتەوە کە عیسا مەسیحێکە وەك پەیامبەرە پێشینەکانی یەهودی نەک ئەو مەسیحە جەنگاوەرەی کە یەهودییەکان مەبەستیانە.
لێرەدا پەیامبەرمان محەممەد سڵاوی خوای لێبێت لە چەندین فەرمودەیدا ئاماژەمان پێدەکات بۆ هەردوو مەسیحەکە!
مەسیحی عیسا ڕاستە درۆزن نییە وەك یەهودییەکان لە قەڵەمیان دەدا، بەڵکو ئەوان مەسیحە جەنگاوەرەکەیان دەویست کە ئێمە بە مەسیحی دەججال دەیناسین!
زۆرێك لە زانایانی موسڵمان لێکدانەوەی هەڵەیان کردووە بۆ ئەوەی کە بۆچی عیسا و دەجال هەردووکیان نازناوی مەسیحیان هەیە، هاتوون لیکدانەوەی عەرەبیانەیان بۆ کردووە بێ ئاگا لە تێگەیشتن و فەرهەنگە یەهودییەکەی، وە جوانترین تێڕامانی دەوێت کاتێك پەیامبەری ئازیز ئاماژە بەوە دەدات کە عیسا سڵاوی خوای لی بێت دوای گەڕانەوەی بۆ زەوی لە نیشانەکانی ڕۆژی دواییدا دەججال دەکوژێت، واتە مەسیحە ڕاستگۆکە مەسیحە درۆزنەکە لەناو دەبات، دیارە کە یەهودییەکانیش بە جۆرێك هەواڵی ئەم ڕووداوانەیان پێ دراوە و پەیان پێی بردووە، بۆیە بە هەموو جۆرێك هەوڵی لەناوبردنی عیسایان دەدا هەتاوەکو نەتوانێت ئەو مەسیحە لەناو ببات کە یەهودییەکان دەیکەنە ڕابەری خۆیان.
عیساش سڵاوی خوای لێبێت هەر لە ئینجیلدا پێیان ڕادەگەیەنێت کە ئەو ناکوژرێت، سەرەڕای ئەوەش دەگەڕێتەوە وەك چۆن لە ئینجیلت مەتتا بەشی ٧ بڕگەی ٢١-٢٣ دەڵێت:

نەك هەر کەسێك پێم بڵێت: پەروەردگار، پەروەردگار! دەچێتە نێو پاشایەتی ئاسمانانەوە، بەڵکو ئەوەی بە خواستی باوکم دەکات کە لە ئاسماناندایە.
زۆر کەس لەو ڕۆژەدا پێم دەڵێن: پەروەردگار، پەروەردگار، ئایا بەناوی تۆوا پێشبینیمان نەکرد؟ بەناوی تۆوە ڕووحی گڵاومان دەرنەکرد؟ بەناوی تۆوە پەرجووی زۆرمان نەکرد؟
ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: هەرگیز ئێوەم نەناسیوە، لێم دووربکەونەوە، ئەی خراپەکاران!

کەواتە ئێستا ڕۆڵی یەکەم پێشبینیکراومان بۆ دەرکەوت کە کێیە و ئەرکی چییە!

دووەم گومانلێکراو بریتیبوو لە ئیلیاس، ئیلیاس کێیە و بۆچی پیاوانی ئایینی یەهودی دووەم کەس گومانیان بۆی بچێت ئیلیاسە؟

خوێنەر بن:

ئیلیاس کە بە ئارامی (ئیلیا)-شی پێ دەوترێت یەکێکە لە پەیامبەرانی نێو گەلی ئیسرائیل، ناوەکەی بە عیبری واتای (یەزدان خواکەیە) دەدات، بەگوێرەی زانیاری نووسەرە مەسیحی و یەهودییەکان لە سەدەی نۆیەمی بەر لە لەدایکبوونی مەسیح ژیاوە، بە یەکێك لە مەزنترین پەیامبەرەکان چاوی لێدەکرێت، بڕوایان وەهایە کە خوای گەورە بەرزی کردووەتەوە بۆ ئاسمان و تاکو ئێستاش زیندووە.
لە بەشی ١٧-١٩ سفری یەکەمی پاشایاندا کورتەیەك لە ژیانی دەگێڕێتەوە:
ئیلیاس دانیشتووی گلعاد بووە لە خۆرئاوای ئوردون، چەند ناوچەیەکی ئوردون و فەڵەستین و لوبنان گەڕاوە بەهۆی ئەو وشکە ساڵییەی لەو ماوەیەدا ڕوویدا، ماوەیەك لەلای بێوەژنێك ماوەتەوە لە شارۆچکەی سەرەفەندی نزیك شاری سەیدا لە باشووری لوبنانی ئەمڕۆ، بێوەژنەکە خزمەتی کردووە، خاوەن ماڵ تەنها کوڕێکی هەبووە بەهۆی نەخۆشییەکی سەختەوە مردووە، بەڵام ئیلیاس سڵاوی خوای لیبێت پاڕاوەتەوە لە خوا کە گیانی بە بەردا بکاتەوە، خواش گوێی لە هاوارەکەی کردووە و گیانی بەبەر کوڕەکەدا کردووەتەوە و زیندوو بووەتەوە.
لە ماوەی مانەوەی لە نێو ئیسرائیلییەکاندا کرداری زۆری کردووە، دژی ئەو لاڕێبووانە وەستایاوە کە وازیان لە پەرستنی خوای پەروەردگار هێنابوو و شوێن خواوەندی بەعل کەوتبوون، ئیلیاس دژیان وەستاوەتەوە و پەیامبەرانی بەعلی لەناوبردووە، بەم هۆیەشەوە دووچاری هەڕەشە بووەتەوە و ناچاربووە ناوچەکە بەجێ بهێڵێت.
دیارترین ڕووداوی ژیانیشی ئەوەبووە بەپێی بڕگەی ١١-ی بەشی ٢ لە سفری دووەمی پاشایان خوا بەرزی کردووەتەوە بۆ لای خۆی لە ڕێگەی گالیسکەیەکی ئاگرینەوە کە بە گەردەلولێکدا بەرەو ئاسمان بەرزبووەتەوە.

هەر ئەمەش وەهای کرد دووەم کەس کە گومانی لێ بکرێت لە پرسیارەکاندا ئلیاسە، چونکە بە زیندوویەتی بەرز کراوەتەوە و زیندووە، دیارە کە چاوەڕوانبوون ڕۆژێك دەبێت ئیلیاس بگەڕێتەوە، چونکە لە سفری مەلاخی بەشی ٤ بڕگەی ٥-دا دەڵێت:

گوێ بگرن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت، من ئەلیاسی پەیامبەرتان بۆ دەنێرم.

ئەی ئایا بەڕاستی ئیلیاس گەڕایەوە؟
کاتێك پرسیار لە یەحییا دەکرێت تۆ ئیلیاسی؟
یەحییاش ڕەتی دەکاتەوە و ڕای دەگەیەنێت کە {نا ئەو نیم}.

بەڵام عیسا لە ئینجیلی مەتتا بەشی ١١ بڕگەی ١٣-١٥ دەڵێت:

چونکە هەموو پەیامبەران و تەورات، هەتا هاتنی یەحییا پێشبینیان کردووە، ئەگەر دەتانەویت پەسەندی بکەن، ئەمە ئیلیاسە، کە خەریکە بێت، ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت.

لە دواتریشدا زئاتر بۆمان ڕوون دەکاتەوە، لە بەشی ١٧ بڕگەی ١٠-١٣ دەڵێت:

قوتابییەکانی لێیان پرسی: باشە بۆچیی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت یەکەم جار ئیلیاس بێت؟
عیسا وەڵامی دانەوە: ڕاستە ئیلیاس دێت و هەموو شتێك ڕێكدەخاتەوە، بەڵام پێتان دەڵێم:
ئیلیاس هات و نەیانناسی، چیان ویست پێیان کرد، هەروەها کوڕی مرۆڤیش بەدەستیانەوە ئازار دەچێژێت.
ئەوسا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یەحییای لەئاوهەڵکێشی بۆ کردن.
کەواتە بەم پێیە بێت یەحییا هەمان هاتنەوەی ئیلیاسە!
لێرەدا دەکەوینە گومانەوە بۆچی یەحییا و عیسا سڵاوی خوآیان لێبێت پێچەوانەی یەکدی قسایان کردووە؟

لێرەدا سێ ئەگەر هەن:
۱. یان ئەوەتا یەکێك لەم دووانە ناڕاستیان کردووە.
۲. یان ئەوەتا یەحییا نەیزانیوە گیانی ئیلیاسی ئاوێتە بووە.
۳. یان ئەوەتا نووسەرەوانی ئینجیل هەڵەیەکیان کردووە لە گواستنەوەی ئەم بابەتە.

بەهەرحاڵ ئەوەی پێویست بێت بۆ ئێمە ئەوەیە کە تا ئێرە زانیمان و بۆمان دەرکەوت کە هەم مەسیحەکە هەم ئیلیاس کێن و چین؟

دوا پرسیار دەڵین ئایا پەیامبەرەکەی؟
یەحییا ڕەتی دەکاتەوە کە ئەو پەیامبەرەش نییە.
ئەمە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە بەجگە لە مەسیح و ئیلیاس یەهودییەکان چاوەڕوانی پەیامبەرێکیش بوون!
وەك لە سەرەتادا لێکدانەوەمان بۆ ئەم ئایەتە پیرۆزە کرد کە دەفەرموێت:
وَزَكَرِيَّا وَيَحْيَى وَعِيسَى وَإِلْيَاسَ ۖ كُلٌّ مِنَ الصَّالِحِينَ
ڕوونمان کردەوە ئەم پەیامبەرانە یەهودین و خوای گەورەش پێکەوە ناوی هێناون چونکە ئاگادارە خۆی موژدەی داوە بە ئیسرائیلییەکان و بۆیەش ناوی ئەمانەی پیکەوە هێناوە تا بزانین پرسیار لێکراوی سێهەم یەهودی نییە و لە بنەماڵی ئیسرائلییەکان نییە، بەڵکو بەدەر لەوانە!
خودی ئینجئلیش ئەم ڕاستییەی پشتڕاست کردووەتەوە کە دوو پێشبینیکراوە ئیسرائیلییەکەی یەك لەدوای یەك ناو هێناوە، کەچی کۆتا پرسیار ئاماژە بە پەیامبەرەکە دەدات!
مەسیحییەکان هەولیان داوە ئەم وشەیە داببڕن بەسەر مەسیحدا بەڵام ئەمە دەیانخاتە هەڵەیەکی زەقەوە، چونکە ڕوونە ئەگەر بڵێن عیسا پەیامبەرەکەیە ئەوا دەبێت دان بەوەشدا بنین مەسیحەکە نییە، گەر دەشلێن پەیامبەرەکە و مەسیح یەک کەسن ئەوە دووبارە دەکەونە هەلەیەکی دیکەوە، چونکە ئەوکات ئەبوو لە کاتی پرسیارکردنەکەدا ناوی پەیامبەرەکە و مەسیحەکە پێکەوە بهێنن نەوەك لە ڕستەیەکدا بە جیا پرسیاری دەربارە بکرێت.
بۆیە لێرەدا بە دڵنیاییەوە دەڵێین پەیامبەرەکە کەسایەتییەکی سەربەخۆیە و لە ئیسرائیلییەکان نییە و سەرەڕای ئەوەش زۆر بەپەرۆش بوون بۆ هاتنی و شوێنکەوتنی و دوای عیسای مەسیحیش دێت.

ئەوەشی سەیرە کە خودی مەسیحییەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئەم پەیامبەرە هەمان ئەو پەیامبەرەیە کە خوا بە موسای ڕادەگەیەنێت لە سفری دواوتار بەشی ١٨ بڕگەی ١٥ و دواتری کە دەلێت:

یەزدانی پەروەردگارتان لە نێوتان لە (براکانتان) پەیامبەرێکی وەك منتان بۆ دەستنیشان دەکات، گوێی لیبگرن.

لە بڕگەی ١٨-١٩ دەڵێت:
لەنێو براکانیان پەیامبەرێکی وەك تۆیان (وەك موسا) بۆ دادەنێم و وتەکانم دەخەمە دەمی و ئەوەی فەرمانی پێ دەدەم ئەو بۆیان پێی دەدوێت.
جا وا دەبێت ئەو کەسەی گوی لە وشەکانم نەگرێت کە ئەو بە ناوی منەوە پێی دەدوێت، من لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەم.

پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی تەواومان لەسەر ئەوە بڵاوکردەوە و دەرکەوت کە بێ گومان ئەو کەسایەتییە محەممەدە سڵاوی خوای لێبێت، ئەمەش لینکی لێکۆڵینەوەکەیە:

https://bzavpress.com/Detail.aspx?id=13379&LinkID=23


کورتەی باسەکەش ئەوەیە کە ئەم وەسفەی لەم دەقانەدا باسی دەکات عیسا ناگرێتەوە وەک مەسیحییەکان دەیڵێن، بەڵکو محەممەدە بەم هۆکارانە:

۱. عیسا لە ڕەگەز بەو لاوە کە لەگەڵ موسادا لێکچوونێکی وەهای نییە بەڵام لەگەڵ محەممەددا لە زۆر ڕووەوە لەیەکدەچن.
۲. براکانی یەهود لە تەوراتدا بە نەوەکانی ئیسماعیل باسکراوە لەکاتێکدا دەقەکەش براکانی بەکارهێناوە نەك خودی یەهود.
۳. مەسیحییەکان عیسا بە خوا دەناسێنن لە کاتێکدا دەقەکە ئاماژە بە پەیامبەر دەدات، ڕوونیشە موسا و محەممەد سڵاوی خوا لە گشتیان بێت بە پەیامبەر ناسراون.


بۆ وردەکاری زیاتریش دەربارەی ڕوونکردنەوەی ئەم دەقانە بگەڕێڕەوە بۆ لینکەکە.

کەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەم پەیامبەرەی یەهود چاوەڕێیان کردووە و لە یەحییایان پرسیوە دوا پەیامبەری خوای پەروەردگارە بۆ مرۆڤایەتی و گشت جیهانیان کە موحەممەدی کوری عبد الله کوری عبد المطلبی قوڕیشی نەوەی ئیسماعیلی برایانی نەوەکانی ئیسحاقی پەیامبەرە.

ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە بەڵێ بیگومان موحەممەد سڵاوی خوای لێبێت لە ئینجیلدا ئاماژەی پێدراوە و زۆر ئاشکرایە بۆ کەسانێك کە هەڵوەدای ڕاستی بن.


سەرچاوەکان:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. قورئانی پیرۆز
۲. تەفسیری ڕامان لە مانا و مەبەستی قورئان – شێخ ئەحمەد کاکە مەحمود
۳. تەفسیری ئاسان – بورهان محمد ئەمین
٤. ئینجیلی پیرۆز – کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کتێبی پیرۆز
٥. کتێبی پیرۆز – کوردی سۆرانی ستاندەر - کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کتێبی پیرۆز
٦. ماڵپەڕی کتێبی پیرۆز
۷. لەگەڵ پەیامبەران لە قورئانی پیرۆزدا – عفیف عبدالفتاح طبارة – وەرگێڕانی: کاوە هاوراز
۸. مەسیح چی گوت – بەرگی یەکەم – هامنۆ هەورامی
۹. چەند سەرچاوەیەکی دیکە ......

به‌روار: 09/11/2019
بینین: 517