چیرۆک
  مەملەکەتی نور ..زنجیرەی ٢٥
ماکوان کەریم


خنکان لە بێ ئاویدا ..!

ئەو شەوە هەموو لە شاری مەککە خەووتین لە لای بەشێك لەو شتومەك و کەرەستانەی کە نومەیر هێنابووی بۆ فرۆشتن لە شامەوە و بۆ بەیانیەکەی ووتم دەچمەوە بۆ لای بوسەینە ، ئەم شەو هەر چاوەڕێى من بووە ، لەوەدا بووم بچم بە نومەیر بڵێم دەمەویت بچمەوە بۆ لای بوسەینە.
بەدوای نومەیردا دەگەڕام و هەواڵیم دەپرسی بزانم لە کوێیە ، کەچی هەرکەسم دەبینی هەواڵی نومەیرم دەپرسی، دەیانگووت نومەیر بە شوێنتا دەگەڕی هەواڵی تۆ دەپرسێت، دۆزیمەوە و ووتم : لەخزمەتم ..؟

نومەیر : قافڵەی قوڕەیش کەوتونەتە ڕێ بەرەو شاری یەثریب ، ئامادەی شوێنیان بکەوین بڕۆین  لەگەڵیاندا چونکە من بەدوایاندا دەڕۆم؟

ماکوان : خەریك بوو بڵێم ئاخر بوسەینە چاوەڕێی منە، بەڵام ڕووم نەبوو ، ووتم بەڵێ ئامادەم .

نومەیر : خۆت ئامادە بکەو کاروانەکە دەرچوون با زوو فریایان بکەوین ئەوان گەیشتونەتە ناوچەکانی حودەیبیە ..

ماکوان : باشە ، زۆر حەزم بەگەڕانەوە بوو بۆلای بوسەینە ، بەڵام چارەم نەما و ناچار بەیەکێك لەو کەسانەی لەگەڵماندا بوون ، هەواڵم ناردوە بۆ بوسەینەو ووتم پێ بڵێ کارێکمان بۆ هاتۆتە پێش پێدەچێت ١٥ بۆ ٢٠ شەومان پێبچێت..!

کەوتینە ڕێگا و بەرەو یەثریب و لە ڕێگادا کە گەیشتمە ئەو شارە بۆنی خوێنی لێدەهات شەڕێکی خوێناوی تێیدا ڕوویدا بوو ، زۆربەی خەڵکی ناوچەکە چۆڵیان کردبوو ، هەواڵیان پرسی کە ئەو کاهینەی نێوەند گیرى دەکات و ناسراوە بە کاهینی بەنی سەعد ، لە کوێیەو هاتوون بۆ ئەوەی لە نێوانی قوڕەیش نێوەندگیری بکات ..

هەواڵیان دایە قوڕەیش واتا قافڵەی عەبدوڵموتتەلیب ، کە ئەو کاهینە بە سەفەر چووە بۆ ناو خەیبەر و لەوێیە لە ئێستادا..

هەموو کەوتنە ڕێ بەرەو خەیبەر نەوەستان ، لەتاو سەرقاڵی خۆمان کە هەموو دەیوویست زووبگاتە لای کاهینەکەو بۆ ئەوەی دادوەریەکەیان بۆ بکات ، کەس بیری نەبوو کە ئاوو نان بۆ قافڵەکان دەستە بەر بکات و کەوتنە ڕێ بەرەو خەیبەر ، منیش خەیاڵم لای بوسەینە بوو بیرم نەبوو کە داوای ئاو بکەم لە شاری یەثریب .. بەهەرحاڵ لە نیوەی ڕێگەدا کەس ئاوی پێنەما ، هەموو خەریك بوو دەخنکاین و گەرومان ووشك بوویەوە ، تەواو ناچار هەموو بڕیاریاندا کە گۆڕ هەڵبکەنن بۆ یەکترو تا ئەوکاتەی دەمرن ..

زۆر بێزار بووم لە خۆم ، ڕووم کردە نومەیر و ووتم بەو ئاسانیە خۆمان بدەین بەدەستەوە بۆ مردن؟

نومەیر : بەزەردەخەنەوە ، ئەگەر عەبدولمەوتتەڵیب مرد ، با ئیمەش بمرین..

ماکوان : ئەوان خەریکی هەڵکەندنی گۆڕن ، هەمووی بۆ مردن خۆی ئامادە کردوە ..!

نومەیر: چاوەڕی بکە، پێناچێت کەس بمرێت لێرەدا شتێك ڕوو ئەدات هەموومان بە خۆشی و شادی دەگەڕێینەوە ، بۆ مەککەو ، عەبدول مەتتەڵیبیش زیاتر ناو ناوبانگ دەردەکات..

ماکوان: چاوەڕێم ، بەڵام ئەگەر مردم داوای زۆر لێبووردن لە بوسەیینە بکە.

نومەیر : مردن زووە بۆ من و تۆ .. هەر بەزەدەخەنەوە ..

لەپڕ گوێم لە هاوار و پێکەنین و سوپاس گوزاری بوو بۆ خوای پەروەرەدگار .. هاواریان دەکرد سوپاس بۆ خوای کەعبە..

ماکوان : ئەوە چی ڕوویداوە جەنابی نومەیر ؟

نومەیر: ئاو لەژێر سنگی ووشترەکەی عەبدولموتتەڵیبەوە هەڵدەقوڵێت .

ماکوان : بەڕاستە؟

نومەیر: بڕۆ بیبینە بەچاوی خۆت ..

کەچووم هەموو مەرکانەو خۆشمان تێر ئاومان خواردوە ، لەو بیابانە ووشکەدا ئاوێکی سارد و شیرین هەڵدەقوڵا و هەموو لاکان پێدەکەنین ، عەبدول موتتەڵیب هاواری کرد لە پیاوانی قوڕەیش و قافڵەکەی ، ئەتوانن پێم بڵێن ئەمە ئاوە کەلێرەدا هەڵقوڵآوە  ئێمە هەموو  بۆ مردن خۆمان ئامادەکردبوو واتای چییە؟

قوڕەیش: هەموو ووتیان دەلالەت و واتای ئەوەیە کە تۆ خاوەنی زمزمی و ئیتر ئێمە هیچ ناڵێن و تۆ زیاتر لەجاران برا گەورە و سەروەرمان بەو ئێمە لە ئاستی تۆداعەبدولموتتەلیب بێدەنگین ؟!

گەڕاینەوە بەرەو شاری مەککە ، لەڕێگادا ، پرسیم لە نومەیر بۆچی بە کەعبە ئەو ناوەی هەیە ؟

نومەیر : ووشەی کەعبە لە زمانی عەرەبیدا واتا چوارگۆشەو لە( مکعب) وە هاتووە ، بەڵام ناوی تر زۆرە ، لەوانە بیت و الحرام.. بیت اللە ..هتد

ماکوان : ئەی بۆ قوڕەیش لە عەرەفات ناوەستن و دەچنە سەر شاخەکانی موزدەلیفە دەوەستن بۆ حەج ؟

نومەیر : قوڕەیش خۆی بەدەوڵەمەند و خاوەن سەروەت وەك جولکە خۆیان بە خەڵکێکی باشتر دەزانن لەخەڵکی بۆیە ئەوان لە کاتی حەجدا دەچینە سەرکێوی موزدەلیفەو ، خەڵکی فەقیریش هەموو لەسەر کێوی عەرەفات دەوەستن..

ماکوان : ئەی حەج واتای چییە ، وا لەم سەردەمی جاهیلیە خەڵکی دێنە حەج و بڕوایان پێیەتی ؟

نومەیر: لە زمانی عەرەبیدا ووشەی حەج لە ڕووی زمانەوانیەوە- واتا: گەورە ..
حەج لە ڕووی زاراوە- واتا : ئەو جێگا پیرۆزانەی کە حاجیان بۆی دەچن و وەك عەرفات و موزدەلیفە و دەوری کەعبەو(طواف) سەفا ومەروە.. تاد.
یەکەم ماڵ لەسەر زەویەدا کە دروستکراوە ماڵی خوایە؛ ناوی کەعبەیە- کەعبەش واتا چوارگۆشە .. ناوەکەی لەوە وەرگیراوە..
شاری گریان – واتا مەککە .. لە بنەڕەتدا مەککە ناوی بککەیە واتا جێگای گریان ، یان ئەو جێگایەى کە زۆر خەڵك تێیدا دەگری ناوی مەککە لەوە هاتوە، بە گوێرەی قۆناغەکان خەڵکی کردویەتی بە مەککە، خوای گەورە لە قورئاندا بە بەککە ناوی بردوە..
( إِنَّ أَوَّلَ بَيْتٍ وُضِعَ لِلنَّاسِ لَلَّذِي بِبَكَّةَ مُبَارَكًا وَهُدًى لِّلْعَالَمِينَ)٩٦ ال عمران
به‌ڕاستی یه‌که‌م خانه‌و ماڵ ومه‌نزڵگایه‌ك که‌ بۆ خه‌ڵکی دانرا له‌سه‌ر زه‌وی (بۆ خوا په‌رستی) ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ مه‌ککه‌دایه‌ که‌ هیدایه‌ت و ڕێنمویی به‌خشه‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵکی جیهان.

کەعبە چۆن دامەزراوە و کێ دروستی کردوە؟..

بۆ یەکەم جار کە خوای گەورە مرۆڤی دروستکردوە بۆ ئەوەی ئەرك و فەرمانیشی بۆ دیاری بکات خوای گەورە ماڵێکی بۆ خۆی دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی ببێتە ڕووگەی خەڵکی و بەندایەتی تێدابکەن، لەهەمانکاتدا هەر لەوماڵەوە خوای گەورە دەست نیشانی ئەرکەکان دەکات و مافەکانیشیان دابین دەکات..
ئەو کەسەی کە کەعبەی دروست کرد باوکی هەموو مرۆڤەکانە. ئادەمە - سەلامی خوای لێبێت- بەدوای ٤٠ ساڵی دروستکردنی ئەو مزگەوتە.. بونیادی مزگەوتێکی تری دانا بەناوی مزگەوتی قودس، کە ناسراوە بە مزگەوتی ئەقصا.. واتا مزگەوتێکی دوور.. پێغەمبەری خوا ﷺ بۆی گێڕاوینەتەوە..

پاشان لەدوای ڕووداوی لافاوەکەی نوح پێغەمبەر -سەلامی خوای لێبێت- کەعبە دەڕوخێت لەسەر زەویدا بوونی وەك ماڵ نامێنێت، بەڵام بناغەکەی وەك پاشماوەیەك دەمێنیتەوە...

ماکوان : بۆ دەبێت یەك ڕووگە هەبێت هەموو ڕووی تێبکەین ؟

نومەیر : پێش ئەوەی باسی ئەوە بکەین کێ دروستی کردوە بۆ جاری دووەم دەمەوێت فەلسەفەی ئەم ماڵە بزانین واتا: حیکمەت چیە لە دروستکردنی یەکەم ماڵی خوا لەسەر زەوەیدا..؟
بۆ ئەوە دروستکراوە کە یەکەم ڕووگەی خەڵکی بێت و دینداران لەسەر یەك ڕووگە کۆبکرێتەوە ڕای جیاواز لە رووی بیروباوەڕەوە لە نێوانیاندا نەبێت و گومانیشی تێدا نیە ئاماژەیە بۆ یەکتاپەرسی خوای موتەعال، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە موعجیزەیەکی زۆر گرنگی تێدا دەبینرێت لە ئێستادا .. کە سێ ئەندازیاری سەربازی ئەمریکی ئاشکرایان کردوە لە کاتی هاتنیان بۆ جەنگی کەنداو.. کە بینیان لەماوەی چەند خولەکێكدا کە ئێمەی موسڵمان پێدەڵێن: قامەت- واتا خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵسانەوە بۆ نوێژ.. لە ماوەیەکی کەمە بۆ نوێژی فەرزێك دوو بۆ سێ ملیۆن خەڵك لە کاتی مەراسیمی حەجدا ڕیز دەبن.. هەمووی ناگاتە دوو دەقیقە، ئەو ئەفسەرانە ئەوەیان دەرخست ئەگەر لە ڕووی سەربازیەوە ئەم کارە ئەنجامبدەین .. ئەوا چەندین هەفتەو مانگمان پێویستە بۆڕێکخستنی ئەو خەڵکە لەو جێگایەدا بەوشێویەی کە ڕیزیان بەستوە بەشێوەی ئیدارەیەکی بەهێز کە پێكهاتبێت لە ٥٠ هەزار کەس بۆ ڕیكخستنی ٣ ملیۆن لەو جێگایەدا، بەڵام لە کەعبەدا لەماوەی چەند خولەکێك دا ئەو خەڵکە بێ چاودێرێك هەمووی خێرا ڕیز دەبن.

ماکوان : ڕاستە جوانە ، ئەی کێ بیناکردنەوەی کەعبەى بۆ جاری دووەم کردوە؟

نومەیر: لەدوای ئەوەی باوکی مرۆڤایەتی بناغەی ئەو ماڵەی دامەزراند بە فەرمانی خوای گەورە لەسەر زەوی، چونکە هەمان ماڵ وەك ڕووگەی فریشتەکان لە ئاسماندا هەیە.. بە ناوی ماڵی ئاوەدان (بیت المعمور).. بۆ ئاوادان کردنەوەی و بیناکردنەوەی ئەو ماڵە بۆ جاری دووەم کەسێکی دیکە ..ناسراو بەباوکی پێغەمبەران.. ئیبراهیم لەگەڵ ئیسماعیلی کوڕی – سەلامی خوای گەورەیان لێبێت- دروستیکردەوە.

ماکوان : ئەو چیرۆکەم بە کورتی بۆ باس دەکەیت؟

ئیبراهیم – سەلامی خوالێبێت- ماندووترین پێغەمبەرە ناڕەحەتی زۆری بەسەردا هاتووە ، دوو ووێستگە لە ژیانی دەگێڕمەوە بۆ ئەوەی بزانن چەندە ناهەمواری بەسەردا هاتووە، لەگەڵ ئەو هەموو ناهەمواریەدا ئەم پێغەمبەرە خۆشەویستەمان ڕازیی بوونی خۆی هەمیشە نیشانداوە، لەدوایدا خوای گەورە بۆیکردوە بە باشتر..

ووێستگەی یەکەم : خوای گەورە فەرمان ئەدات بە ئیبراهیم کە منداڵ و ژنی دووەمی ببات بۆ جێگایەك کە کەسی لێ نیە، خواردنی لێ نیە، ئاویشی لێ نیە..! ئەمە لە کاتێکدایە کە خێزانی یەکەم سارا خاتون ئافرەتێکی نەزۆك بووە ، خوای گەورە بە خێزانی دووەمی هاجەرە خاتوون کوڕێکی پێدەبەخشێت بە ناوی ئیسماعل لەو خۆشیو شادیەدا ..ئەم پەیامە لە لایەن خوای گەورە دێتە خوارەوە بۆ ئیبراهیم ، هەموو لاکان ڕازین بە فەرمانەکەو دەست بە جێ پیادەی دەکەن و لە ناوچەی فەڵەستینەوە دەکەونە ڕێ بۆ بیابانی عەرەبستان و ناوچەکانی مەککە ، خوای گەورە فەرماندەکات بە ئیبراهیم بە جێیان بێڵێت و بگەرێتەوە بۆ لای سارا خاتوون لە فەڵەستین .. ئەمە لەڕاستیدا مەگەر تەنها ئیمانی ئیبراهیم پێغەمبەر بتوانێت ئەو کارە ئەنجامبدات..!!

هۆکار و حیکمەت چیە؟.. ئیبراهیم -سەلامی خوای لێبێت- ئەم کارەی ئەنجامداو خوای گەورە بۆ داوای لێکرد؟

سەرەتا بۆ ئەوەی ئیبراهیم و ئەوانەی کە شوێنکەوتوی ئیبراهیمن ، ئەوە بزانن کە خوای گەورە فەرمانێکی کرد.. بەدڵنیایەوە لە بەر چاکەی مرۆڤەکانەو خزمەتە بە مرۆڤایەتی مەرج نیە ڕاستەو خۆ بزانیت ، بەڵام لە دوایدا بۆت دەردەکەوێت، ئەمەش موعجیزەیە هەموو فەرمانێکی خوای گەورە باشترینە بۆ مرۆڤ، لە هەموو گرنگرتر ئەوەیە کە فەرمانی خوای گەورە بەندایەتییە ، لێکۆڵینەوە لێی و بەدوای حیکمەت گەڕان و پرسیارو وەڵامدا نەگەڕێت، بەڵکو- بە یەقین و دڵنیا بیت لە خوای خۆت و هەرچی فەرموو بێ دوو دڵی پیادەی بکەیت.. ئەمەش پێناسەی بەندایە بۆ خوای پەروەردگار.

ئیبراهیم-سەلامی خوای لێبێت- ئەو ژن و منداڵەی جێهێشت لەو جێگایەدا بێ کەس مێژوونوسان دەڵێن: خواردن و ئاو تەنها بەشی چەند ڕۆژێکیان پێ بوو ..
دوای ئەوەی کە خواردن و ئاویان نەما.. دایکی لە تاو گریانی ئیسماعیل چەند جارێك لەسەر تەپی سەفا و رایدەکرد بۆ تەپی مەروە، ٧ جار ئەم کارەی ئەنجامدا بە هیوای ئەوەی کەسێك ببینێت، بەڵام بێ هودە گەڕایەوە لای منداڵەکەی و بینی لە ژێر قاچەکانی ئیسماعیلی کوڕیەوە ئاوێك دەنگی قوڵپەی بەنەرمی تەیی دەکات و هەڵدەقوڵێت، لە خۆشیدا هاواری کرد ، زەم زەم .. واتا کۆیکەرەوە کۆیکەرەوە لەگەڵ خۆیدا قسەی دەکرد لە خۆشیاندا هەر دەیگوت کۆیکەرەوە ئاوەکە کۆکەرەوە واتا دەیفەرموو زەمی زەمی .. ئیتر لەو دەمەوە ئەو ئاوە لەو جێگایەدا هەڵدەقوڵێت و بە ملیۆنەها خەڵکی لێیدەخواتەوە ناسراوە بە ئاوی زەم زەم.. لە وکاتەوە ئاوەدانی دەستی پێکردۆتەوە لەو جێگایەوە پاش ماوەیەك ئیبراهیم-سەلامی خوای لێبێت- دەگەڕێتەوە لایان و ئیتر بینای کەعەبە دەکەن لە گەڵ ئیسماعلی کوڕی و بانگەوازی حەج لەو سەردەمەوە دەست پێدەکات لەو ناوچەیەوە ..

ماکوان : ئەی حیکمەتی سەفاو مەروە چیە بۆ ئێمە؟

حیکمەتی ئەوەیە کە هەر کەس لە ئەنجامی کارکردن خوای گەورە نائومێدی ناکات، هاجەرە خاتوون جاری یەکەم کە لە تەپی سەفاو ڕایکرد بۆ تەپی مەروە کەسی نەدی ٧ جار ئەو کارەی کرد، بەڵام لە دوای کارکردنی و هەوڵدانی خوای گەورە نائومێدی نەکردو دیاری پێبەخشی ئەویش ئاوی زم زم بوو.

موعجیزەوگرنگی ئاوی زم زم..
موعجیزەی ئاوی زم زم لەوەدایە کە پێکهاتەکەی لەو ناوچەیەدا شازە لە ڕووی تامەوە هیچ ئاوێکی دیکە تامی ئەو ئاوەنادات تەنانەت ئەگەر بیریك هەڵبکەنرێت پێکهاتەی تامەکەی جیاوازە، لە هەمووی گرنگتر زیاتر لە ناو لاشەی مرۆڤدا دەمێنیتەوە مرۆڤیش لە برسێتی تێر دەکات بە خواردنەوەی ئەو ئاوە..، لە کۆتایشدا ئاوێکی موبارەکە هەر کەس بیخواتەوە بۆ هەر مەبەستێك بە ڕاستگۆی دەڵێن خوای گەورە پێیدەبخشێت، نمونەی ئیمامی شافعی دەهێننەوە کە دەڵێن دایکی ئاوی زم زمى داوەتە محمد کوڕی ئیدریس کە ناسراوە بە شافعی بە نیازی ئەوەی ببێتە زانا .

ماویەتی چاوەڕوان بن


به‌روار: 27/07/2019
بینین: 1893