چیرۆک
  مەملەکەتی شەیتان ــ کتێبی سێیەم: زنجیرەی ٧٢
ماکوان کەریم

ساحیرو شێخ و ڕوقیەی شەرعی

پەروانە هاتەوە ناو لاشەم و ئازاری دام سەرم لە سەر ڕانی کاکە باز بوو، دیسانەوە ئازارێکی زۆری دامەوە دوبارە خوێن بە چاو لوت و دەممدا دەهات، وەکو بە پیك بکێشیت بە سەرمدا. زۆر ئازارم هەبوو هاوارم کرد خوای پەروەردگار ئەگەر تاوانیشم کردبێت من هەر تەرەفی زاتی تۆم، فریام کەوە لەکەس داواناکەم تۆ نەبێت! ئازارەکەم نەما و هاتمەوە سەرخۆم.
تەیمومم کردو دەستم کرد بە نوێژ دوو ڕکعات نوێژی تەوبەم کرد هەر بە پاڵکەوتنەوە پرسیم کاتژمێر چەندە؟
فریاد: ٤ی بەیانیە
تەیمومێکی ترم کردو دەستم کرد بە نوێژی عیشا، چونکە نوێژی بەیانی مابووی دوای نوێژەکە لاشەم سوك بوو، داوامکرد دەمەوێت خۆم بشۆم، هەر لە نەخۆشخانەکە دوش وحەمامیان نیشاندام و خۆم شۆرد و بەدەم زیکرەوە هاتمەوە بۆ ژوورەکەو بە جەماعەتم ووت دەردی من لەم نەخۆشخانە چارەسەر ناکرێت.
کاکە باز: کاکە بەس پێم بڵێ چی بووە، ئەوەی پەنجەت بۆ ببات وەکو سەگ ئەیتۆپێنم بەس بڵێ بزانم چی بووە.
ماکوان: ئەوەی ڕوویداوە لە سەیارەکەدا بۆ تان باس دەکەم، با بڕۆین.
بڕیارماندا و هاتینە دەرەوە جەماعەت ووتیان دەچین بۆ هۆڵەندا و دوای بگەڕێرەوە بۆ ئەڵەمانی، منیش ڕازی بووم. سەیارەکەم کاکە باز لێدەیخوڕی لەتاواندا نەموێرا بچمە ناوسەیارەکەی خۆم لەگەڵ فریاد سەرکەوتم.
تا نوێژی بەیانی ماینەوە هەرچەندە ئەوانیش ماندوبوون، دوای نوێژی بەیانی کەوتینە ڕێ بەرەو هۆڵەندا و شاری ئاڕنێم.
نزیکەی کاتژمێر ١ نیوەڕۆ بوو گەیشتینە ئاڕنێم و ئەوان ماندوو بوون خەویان لێکەوت لەماڵی فریاد، تا ئەوان هەڵسان نانم بۆ دروست کردن هەموومان زوگردی بووین ، فریاد و خێزانی لەیەك جیاببونەوە و کاکە بازیش ژنی نەهێنابوو.
تەماشای سەلاجەو موجەمیدەم کرد هیچی تێدا نەبوو چوومە بازاڕ گۆشت و باینجانم کڕی و هاتمەوە برنج و تەپسیەکی جوانم دروست کرد و نوێژی نیوەرۆ عەسرم بە قەسرو جەمع کرد تاکاتی نوێژی مەغریب ئەوانیشم هەڵساند، بەیەکەوە تێرو پڕ نانمان خوارد من یەکجار برسیم بوو.
داوام کرد لە فریاد کەس دەناسێت لەم شارە ڕوقیەی شەرعی بخوێنێت و بزانێت؟
فریاد: من نازانم ئەو شتە چیە! بەس مەلایەکی مەغریبی دەناسم کە ئەو کوڕەی ڕەفیقم ووتی: جنۆکەو شتی وا دەردەهێنێت. ئیتر زۆر گوێم پێنەداوە ئەگەر دەڵێیت تەلەفونێکی بۆ دەکەم، بەڵام من عەرەبی نازانم مەگەر خۆت پێی بڵێیت.
ماکوان: زۆر باشە ئەوە چارەی دەردی من دەکات قسە لەگەڵ هاوڕێکەت بکەو با ژمارەکەیمان بداتێ.
فریاد قسەی لەگەڵ کردو منو کاکە بازیش سەرقاڵی قسەو باسی خۆمان و یادگاری و چیم بەسەرهاتووە بۆم گێڕایەوە، باسی ئاڵتون و ڕافیم بۆ کرد کە دزویەتی و دۆزراوەتەوە ئیتر ئاگام لێیان نەماوە. لەباسی ئەم قسانەدا بووم هات فریاد ووتی: ئەوە ژمارەکەیە قسە لەگەڵ شێخ خالید بکە چاوەڕێی تۆیە.
تەلەفۆنم بۆ کرد و بەیەکەوە قسەمان کرد حاڵەتەکەی خۆمم بۆ باس کرد، ووتم: بەڵکو ڕوقیەی شەرعیم بەسەردا بخوێنی جنم تێدایە.
شێخ خالید: وەرن بۆ لای من لەماڵی خۆمان دەری دەکەین.
ڕازی بووم وە چووین بۆ ماڵی شیخ خالید، هەر چوومە ژوورەوە کۆمەڵێك ئافرەتی مەغریبیم بینی هیچان حیجاب نەبوون. پێکەنین و قسەی خۆش و گوێم لە گۆرانی کاظم ساهر بوو، بە فریادم ووت: دڵنیای ئەمە شێخە؟ یان کۆنسیرت و شەوانی لیالی هەیە؟
فریاد: "بە پێکەنینەوە" بەخوا دەڵێن زۆر موبارەکە، هەر جنۆکەیە ئەیسوتێنێت.
ماکوان: یاخوا وابێت! من پێویستم بە کەسێکی خواناس و دەمو نفوس پاکە، ئەمە بەماڵەکەیدا دیارە سەماکەری تێدایە.
چووینە ژوورەوە بۆ لای ڕووی کردە کاکە باز لە خۆیەوە ووتی تۆ جنەکە عاشقت بووە و سیحری ڕەشت لێکراوە.
خوای گەورە ڕەحمی پێکردین کە کاکە باز تێنەگەیشت دەنا یەکسەر یەك جڕطی موحتەرەمی بۆ لێ ئەیا.
کاکە باز: ئەوە دەڵێ چی کاکە سور؟
ماکوان : لێی تێكچووە دەڵێت جنەکە لە تۆدایە.
کاکە باز: "بە پێکەنینەوە" کاکە سور بڵێی تەحویلی من کرابێت؟
ماکوان: هەرچی تەماشای ئەمە دەکەم ساختە چییە!
فریاد: بزانین چی دەکات، پەلە مەکە با پێش ڕووداو نەکەوین.
ڕووم کردە شێخ خالید، جەنابی شێخ من ناوم ماکوانە پێویستم بە ڕویقەی شەرعییە. ماوەی چەند ڕۆژێکە هەست دەکەم جنۆکەیەك هاتۆتە لاشەم، بەڵکو بتوانیت بۆم دەرکەیت بە ڕوقیەی شەرعی زۆر ئازارم ئەدات.
شێخ خالید: تۆ جنۆکەت تێدانیە! دەستی ڕاکێشا بۆ کاکە باز لە ناو لاشەی ئەودا هەیە. دووبارەی کردەوە لێم و ووتی من دڵنیام تۆ جنت تێدانیە.
ڕووم کردە کاکە باز پێم ووت وادەڵێت!
کاکە باز: پێی بڵێ بێ جای کرد، وەڵڵا من عەیبم نیە.
فریاد: گەڕەکی خۆمان نیە، لێرە ش مەیکەن بەشەڕ.
ماکوان: فریاد بابڕۆین هیچ نیە.
فریاد: کەیفی خۆتانە بابڕۆین.
ماکوان: شێخ خالید ئەمانەی لەگەڵمدان هیچیان نیە، من جنم تێدایە کاکە بۆ کۆتا جار پێت دەڵێم ئەگەر ئەتوانیت ڕوقیەکی شەرعی بخوێنەو تەواو دەڕۆین، چونکە من حاڵم خراپە.
شێخ خالید زانی و دڵنیابوویەوە لەوەی کە دەڕۆین و من کێشم هەیە، پرسی ناوی دایکت چییە؟
ماکوان: یەکسەر زانیم ساحیرە، ووتم ناوی گوڵچینە! لەڕاستیشدا وانیە.
شێخ خالید: باشە دانیشە موکەبەرەیەکی هێناو مایکێکی پێوە بوو وەکو ئەوەی کۆنسێرت بکات و داوای ١٠٠ ئێورۆی کرد.
ڕووم کردە کاکە باز و ووتم ئەمە زۆر ساختەچیە، ئەڵێی چی بۆ خۆشی تۆزێکی لێبدەین؟
کاکە باز: وەڵڵا دەمێکەیە بەیەکەوە شەڕمان نەکردوە، بەیادی جاران لێی دەین.
فریاد: بیکەن بەڕای خوا، بەیادی جاران خەڵك گوێ لە گۆرانی دەگرێت، یادگاری دەگێڕێتەوە نەك شەڕ بکات. من ١٠٠ ئێورۆکە ئەدەم و تۆزێکی پێڕادەبوێرین و دەڕۆین، ئیتر هیچ مەکەن. خەسرەو تۆ ئاقڵی بۆ پەمپی سوارە ئەدەیت.
هەردووکمان پێدەکەنین و لەبەر فریاد هیچمان نەووت.
دەستی کردبە چەند قسەیەك و ووتی: کەهلان ابن سەحلان، هەندێك ناوی تری ووت.
کاکە باز: کاکە سور، ئەوە باسی طایەی میشلان دەکات؟
ماکوان: "دامە قاقای پێکەنین، پێکەنینەکەم تەواو نەکرد" هەرچی جنی شەوی ڕابووردوو بوو هاتنە ئەو ژورە، لە پێشیانەوە ویرسان دەڕۆشت بەکۆمەڵ هاتن و هەروەکو جاران پەروانەیان لەگەڵ بوو، ڕووەو من هاتو دەستی گرتم، بینیم شێخ خالید سوجدەی بۆ دەبردن، تەماشای فریاد و کاکە بازم کرد تەماشای ئەویان دەکرد کە سوجدەی دەبرد ئەوان وایان دەزانی سوجدە بۆ خوا دەبات، بەس من دەمبینی کە سوجدە بۆ ویرسان و هەموو جنەکانی تر دەبات وە گویم لێبو دەستی بۆ ئەوان ڕادەکێشاو دەیووت: " اللە نور السموات والارض" هاواری دەکرد "وقالوا لجلودهم لم شهدتم علينا قالوا انطقنا الله".
پەروانە دەستی منی گرتبوو، ویرسان چووە سەر کورسیەکەی شێخ خالید دانیشت ئەویش ڕووی وەرگێڕا سوجدەی بردەوە بۆ ویرسان، منیش دەستم لە ناو دەستی پەروانەدا بوو ئەعور چوە پشتی سەری ویرسان وەستاو هەرچی دەمویست دەستم دەربهێنم لەدەستی پەروانە نەمدەتوانی وەکو گیرە قوفڵی کردبووم.
ویرسان: ماکوان داوات کردین؟
ماکوان: من داوای ئێوەم نەکردوە.
ویرسان: باش دەزانی بەطلسم گرتومیت و هیچ مەجالێکت نیە، نەحەزقیل دەتوانێت بێتە لات نە برقان وە نە سەسیل. ئەوانیش وەکو تۆ لە بن دەستی مندان و کۆتایان هات، تۆ ئەگەر ئەتەوێت ئازاد بیت و لە شەڕی پەروانە ڕزگارت بێت وەکو ئەو خەڵکە ڕابوێرە بۆ خۆت بە خۆشی و شادی و پارەو سەروەت و سامانی خۆت کۆبکەرەوە. چۆن بەرگەی ئەو هەموو ئازارو موعاناتە دەگریت بەزەیم پیاتا دێتەوە بڕوا بکە!

ماکوان: مردن لەلام شاییە لە تەرەفی خوا دەرچم و بێمە تەرەفی ئێوە.
ویرسان: تۆ خۆشت بێت و ناخۆشت بێت تەرەفی منیت، ئەوەی تۆ بە پیاو چاکی دەزانیت ئەبینیت چۆن زەلیل و سوجدەمان بۆ دەبات.
ماکوان: ئەو سوجدەی بردوە ڕاستە، بەڵام دەبینی من چۆن وەستاوم بە گەردن بەرزی ئەو سەرە تەنها بۆ خوا نەوی دەکەم، مەگەر لێی کەیتەوە لە لاشەم تۆیەکی خوێڕی ئەوەت پێ ناکرێت. هەتا توانیم یەك شەقم هەڵدا لەسەری خالید مەغریبی و هاوارم کرد ارفع راسك، اسجود اللە، هەر وام ووت دیسان پەروانە چووە ناو لاشەم وەکو سەلییەی کڵاشنکۆف بە پیك دەیکێشا بەسەرمدا. منیش تەحەمولم کرد خوێن بە چاو لوت و دەممدا دەهات و هێڵنجم ئەدا هەر سەرم دانەنەواند، ئاگام لێبوو فریاد باوەشی پیا کردبووم لەوکاتەی کە شەقەکانم هەڵدا، بەڵام خالید مەغریبی دەیوت وازی لێبهێنن ئاساییە. ئەو دەیزانی چی لە من دەکرێت.

بێهۆش کەوتم سەرم خستە سەر شانی فریاد و ووتم با ڕووەو ویرسان نەکەوم لەوکاتەدا رووداوەکەی ئەبوبەکری باقەلانیم هاتەوە یاد کەچووبوو بۆلای قەیسەری ڕوس بە پشتە چووە ژورەوە بەسەربەرزی ڕوویکردە قەیسەری ڕوس، لەکاتێکدا بە فیڵ دەرگایەکی بچوکیان بۆ دروستکردن کە هاتە ژوورەوە سەر نەوی بکات ئەویش بە پشتا هات، هەر نەمدەویست سەر نەوی بکەم مردنم پێخۆشتر بوو لەوەی سەر بۆ ویرسان نەوی بکەم.
بێئاگا کەوتم بە سەرشانی فریاد دا، کە هۆشم هاتەوە لە ماڵی فریاد بووم.
کە بەخەبەر هاتم فریاد و بەسەر سەرمەوە بوو لەگەڵ کاکە باز، ووتم چی ڕوویداوە ئەوەی ئێوە بینیتان بۆم باس بکەن.

کاکە باز: کاکە کەلەی ئەو پیاوە فەقیرەت تەقاند، خۆ ئەو دوعای بۆ دەکردی بۆ وات لێکرد بەزەیم پیا دەهاتەوە، دوای ئەوەش کە تێت هەڵدا ئەو هەر دەیووت ئاساییە و قەیناکە نەخۆشە.
دەرمانیشی داینێ تۆ لەگەڵ جنۆکەکان قسەت دەکرد.
ماکوان: ئەمووت چی لەوکاتەدا؟
فریاد: باسی ئەوەت دەکرد کە بێجگە لە خوا سوجدە بۆ کەس نابەم، هەروەها دەتووت من تەرەفی خوام من تەرەفی خوام!
ماکوان: لاحول ولاقوة الا بالله، چۆن گیرم خواردوە، دەرمانەکە چیبوو بۆی نوسیم؟
فریاد: هەنگوین و زەیتی زەیتون، ئەم دوعایەشی بۆ نوسیت.
دوعاکەم لێوەرگرت و کردمەوە طلسمی سیحر بوو، خێرا خستمە ناو ئاو تا ڕەنگەکەی تێك چوو وەرەقەکە لەناو ئاوەکەدا توایەوە، چونکە شێخ برقان فێری کردبووم کە طلیسمی سیحر نەسوتێنن سوتاندن زیاتر سیحرەکە بە‌هێزدەکات! جن و ساحیرەکان لە جنسی شەیتان و شەیتانیش لە ئاگرە، ئەوەی سیحر بەتاڵ دەکاتەوە ئاوی سازگارەو یاخود ئاوی زمزم.
زەیتونەکەم ڕشت لەگەڵ هەنگوینەکە.
فریاد: هەنگوینەکە بەیانی دەمانخوارد بۆ فڕێی ئەدەیت؟
ماکوان: ئەوە سیحرە براکەم، چەندی لێسەندی پێم بڵێ؟
فریاد: وەڵڵا ١٠٠ ئیورۆ بۆ خوێندی دوعاکە و ١٥٠ ئێورۆش بۆ دوعاو دەرمانەکان کە فڕێت دا.
ماکوان: ئەگەر من پیاو بم لێی دەسێنمەوە.
کامتان دەزانن قورئان بخوێنن؟
فریاد دکتۆر بوو نەیدەزانی بخوێنێتەوە، کاکە باز تا ٣ی ناوەندی خوێندبوو ئەویش نەیدەتوانی.
ماکوان: فریاد کەسێك ناناسیت قورئان خوێن بێت؟
فریاد: خەڵك دەناسم، بەڵام دوایی شەقێك هەڵنەدەی لەکەلەی؟
ماکوان: نا بێخەم بە.
فریاد تەلەفونی کرد بۆ کوڕێکی فەلەستینی و هات بۆ لامان کوڕێکی دیندارو قورئان خوێنێکی باش و دەنگیشی خۆش بوو، ناوی یاسر بوو.
ماکوان: یاسر روقیە دەزانیت؟
یاسر: دەزانم بەڵام بۆ خۆمم خوێندوە و ئەزمونم نیە.
فێرم کرد چی بخوێنێتەوە، تا ئەوکاتەی چاك دەبم وازم لێنەهێنێت ئەگەر ١٢ سەعاتیشم پێچووە، یاسرم فێر کرد لەدەرەوەی حەمامەکە بیخوێنت بەسەرمدا، ئەگەر حاڵم تێك چوو بمخەنە بەر دوشی ئاوەکەو ئاوێکی سارد بەسەرو گیانمدا بکەن ئەگەر خوێنم لێهات، بەڵام با جلم لەبەردەبێت جلەکانم دامەکەنن.
ووتم جارێ خۆم دەست دەکەم بەخوێندن، دەست نوێژم گرتو دەستم کرد بە زکر کردن و قورئان خوێندن سەرەتای سورەتی بەقەرەم دەست پێکرد بە پەلە پەروانە دەرکەوت و نەیهیشت ٥ ئایەت بخوێنم کێشای بەسەرمدا، ئەوەی پیم وتبوون کردیان. بردمیانە بەر ئاوەکە و یاسریش بەدەنگێکی خۆش دەستی پێکرد دەیویست بکێشێت بەسەرمدا لەگەڵ خوێندنی قورئانەکە و خوڕەی ئاوە ساردەکە بەسەرمەوە ووردە ووردە هێزی پەروانە کەمتر دەبوو! لەخۆشیدا پێدەکەنیم یاسر وای زانی چاك بووم، بەڵام وویستی بوەستێت خوای گەورە هێزی پێبەخشیم و پێم ووت: "تا سێ جار هەموو ئایتەکان تەواو بکەو بیخوێنەرەوە بەسەرمدا".
ووردە ووردە باش بووم لە دوورەو ڕاقی، حەنانە، برقان، حەزقیل، سەسیل و ڕازی و هەموو جنە نوێ و کۆنەکانی ڕەفیقم وەکو لەدوورەوە بین بۆلام چاوەڕێیان دەکردم و پێدەکەنین دەستاین بەرزکردبوەوە بۆ ئاسمان و دوعایان بۆ دەکردم. منیش صڵاواتم ئەدا لەدڵی خۆمدا هەر ١٠ صلاواتم ئەداو دوای ئەوەش ١٠ جاریش دەمووت: "لا إله إلا الله وحده لا شريك له له الملك وله الحمد وهو على كل شيء قدير"، بەردەوام بووم دەمتوانی بەدەنگی بەرز بیکەم. لەبەر ئەوەی دەمزانی حەمامە پێغەمبەر -صلی اللە علیە وسلم- نەهی کردوە کە لە حەمامدا زیکر بکرێت، بەڵام ماڵەکانی ئەوروپا بچوکن و ناچاریش بووم، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەنجامێکی زۆر باشی هەبوو زۆر زوو چارەسەر بووم کە ماوەکەی نەچووە نیو کاتژمێر.
خاولیان بۆ هێنام باوەشم کرد بە یاسردا لە پشتی یاسرەوە شێخ بەرقان و حەزقیل سەلامێکیان بۆ کردم و ڕۆشتن.
زۆر سوپاسم کردن و ووتم دڵنیابن سوپاس بۆ خوا من تەواو باش بووم، جارێکی تر ناهێڵم بەپشتوانی خوا توشی ئەو حاڵەتە ببمەوە، چونکە دەزانم لەچیەوە توش بووم. نوێژی عیشامان کردوو و چوینە دەرەوە بۆ پیتزا خواردن ئەوشەوە زۆر مورتاح بووم هاتمەوە بۆ ماڵی فریاد خەریکی قورئان خوێندن بووم تا دەوری یەکی شەو، ئەوان خەوتن من هەر قورئانم دەخوێند دوای ئەوە دوو ڕکعات شەو نوێژمکرد خەوتم بۆ نوێژی بەیانی هەڵسامەوە نوێژم کردو دەستم کردەوە بە قورئان خوێندن هەستم کرد زۆر ئاساییم بۆیە کەمێك خەوتمەوە.
هەڵسامەوە تەلەفونم کرد بۆ سەیدا حوسین ووتم لە ئاڕنێمم و وەرە بۆئێرەو بچین بۆ لای ڕافی.
لای ئێوارە بوو بە کاکە بازم ووت بابڕۆین بۆلای خالید مەغربی ساحیر، چووینە ژورەوە بۆلای ئەو ساختە چییە، ئافرەتێکی لابوو. کەچوومە ژورەوە زیکرەکانم خوێند هەر منی بینی ڕەنگی گۆڕا و ووتی باش بوویت؟ ووتم زۆر باشم ئەو ٢٥٠ ئێورۆیەم بدەرەوە دەنا ئیستا هەرچی لەماڵەکەتدایە دەیشکێنین، بەخوا من قسەکەم تەواو نەکرد کاکە باز شەقێکی تیهەڵدا. ئافرەتەکە دیفاعی لێدەکرد پەلاماری کاکە بازیان دا منیش چومە لای و ووتم: خۆشت و ئێمەش لە شەڕ لابە پارەی خۆمان بدەرەوە دەڕۆین. وویستی نەیداتەوە کەلەیەکم لێدا لەگەڵ زەویەکدا تەختم کرد، وویستی هەڵسێتەوە دارێکی لابوو لەخەڵی ئەدا بۆ ئەوەی جنۆکە دەربهێنێت بەو دارە، زوو دەستم دایە دارەکەی و چوار دانەم بەدڵی خۆم پیا کێشا. ووتم داخۆ چەندی کێشابێت بە خەڵکدا، بەخوا کاکە باز مەشغوڵ بوو بەشەڕی ژنەوە منیش بەرەو لای کورسیەکەی چووم، زانیم ئەیخاتە ژیر کورسیەکەی چونکە ئیشی ئەو ساختە چیانە وایە دەستم کرد بەژیدا، پڕبوو لە ئێورۆ لەوانەیە ئیشی یەك مانگی بوبێت بەئارەزوی دڵی خۆم دەرمهێناو خستمە گیرفانم دانەیەکی تریشم پیا کێشا و ووتم کاکە باز ئەوە بۆ پاڵێکی پێوە نانێیت؟
کاکە باز: کوڕە شەڕەکەی خۆشە، من بەلامەوە ئاساییە.
تومەس خۆی هەڵواسیوە بە کاکە باز دا ئەویش زوو زوو دەڵێت شەڕ ئاوابێت حەزدەکەم هەمیشە لەشەڕدا بم.
پاڵێکم نا بە ئافرەتەکەوە و ووتم بڕۆ هەندێک پارەی تریشم هێنا، گەڕاینەوە چاوەڕێی حوسێن بووم بێت و بچین بەشوێن ئاڵتونەکاندا بگەڕێم.

چاوەڕوان بن من و کاکە باز و سەیدا حوسێن ئەوەی بەمانەوێت دەیکەین.
به‌روار: 03/12/2019
بینین: 2072