وەڵامدانەوەی گومانەکان
  محمدی پێشبینیکراو
هامنۆ هەورامی

ئاماژەی هاتنی کۆتا پەیامبەر لە ژێر سایەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگری پەرتوکی پیرۆز (شێخ ئەحمەد دیدات):

پەیامبەرێك وێنەی موسا (علیه الصلاة والسلام):

وەك لە بەشی ڕابردوودا ڕوونمان کردەوە چۆن باسی محمد (صلی الله علیە وسلم) کراوە و پێشبینی کراوە لە (سفری پێکاتن: بەشی ٤۹: بڕگەی ۱۰) و بە شێوازێکی شیکاری و وردبینانە کە ئەو زاتەی لە پێشبینییەکەدا مژدەی هاتنی دراوە محمدە نەک عیسا (علیهم الصلاة والسلام)، لێرەشدا بڕگەیەکی دیکەی پێشبینییەکان دەخەینەڕوو کە دووبارە مەسیحییەکان وەهای وێنا دەکەن مەبەستی لێی مەسیح بێت، بەڵام با لێی ڕابمێنین و بزانین ئایا بەوجۆرەیە!

لە سفری دوا وتاری موسا (التثنیة): بەشی ۱۸: بڕگەی ۱۸ -۱۹ دەڵێت:

۱۸.له‌نێو براكانیان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌ك تۆیان بۆ داده‌نێم و وته‌كانم ده‌خه‌مه‌ ده‌می و ئه‌وه‌ی فه‌رمانی پێده‌ده‌م ئه‌و بۆیان پێی ده‌دوێت.۱۹جا وا ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی گوێ له‌ وشه‌كانم نه‌گرێت كه‌ ئه‌و به‌ ناوی منه‌وه‌ پێی ده‌دوێت، من لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م.

گەر ئێمە پرسیار لە مەسیحییەکان بکەین کە مەبەست لەو پێشبینییە کێیە خێرا و بە دڵنییایی و بەبێ بیرکردنەوە دەڵێن عیسایە (علیهالصلاة والسلام).
با ئێمە جوانتر سەرنج بدەین، دەبینین دیارترین گرنگترین دەستەواژەی بڕگەکە بریتییە لە:

{ئەو پێغەمبەرە وەک تۆیە (واتە لە موسا دەچێت)}.

* لێکچوون:
گەر بپرسین لە مەسیحییەکان لە چ شتێکدا عیسا و موسا لێکچوونیان هەیە ئەوا بێگومان ئەمە وەڵامیان دەبێت:

۱. موسا و عیسا هەردووکیان یەهودی و عیبرانین.
۲. موسا پەیامبەرە و عیساش ئەبێت پەیامبەر بێت.

لەمە بترازێت هیچ لێکچواندنێکی وەهای دیکە نییە لەنێوان ئەم دوو پەیامبەرەدا.
بەڵام بەم گوزرشتە بێت ئەوا دەیان پەیامبەری دیکەی بەنی ئیسرائیلمان هەن کە هەمان ئەو دوو خاڵەیان تێدایە بەوێنەی:

داود و سولەیمان و ئیرمیا و زەکەرییا و یەشوعی کوڕی نون و یەحیا و حزقیال و یونس هتد......... (علیهم الصلاة والسلام)

لەبەرئەوەی ئەوانە گشتیان یەهودی و بەنی ئیسرائیلی بوون و هەروەها پەیامبەریش بوون ئیدی بۆچی تەنها دەیلکێنن بە عیساوە ؟!


* دژیەک و لێکنەچوون:
۱. بەپێی بیروباوەڕی مەسیحییەکان عیسا خوایە و بەرجەستە بووە لە لاشەی مرۆڤدا، بەڵام موسا خوا نەبوو.

۲. بەپێی باوەڕی مەسیحییەکان عیسا خۆی بەخت کرد و مرد لە پێناو گوناهەکانی جیهان.

۳. بەپێی باوەڕی مەسیحییەکان عیسا سێ ڕۆژ چووە دۆزەخ ،بەڵام موسا وای نەکردووە.
کەواتە موسا و عیسا لەیەک ناچن (علیهم الصلاة والسلام).

* لێکچوونی موسا و محمد (علیهم الصلاة والسلام):

۱. هەردووکیان باوک و دایکیان هەبووە
(سفری دەرچوون:٦ :۱۰ - الرحیق المختوم).

۲.موسا و محمد بە شێوەیەکی ئاسایی و سروشتییانە لە دایک بوون بەڵام عیسا بەشێوەی پەرجوو و موعجیزە لەدایک بووە.
(قورئانی پیرۆز:۳: ٤۷ ، ئینجیلی لۆقا:۱: ۳٤٫۳٥، ئینجیلی مەتتا: ۱ :۱۸).

۳. موسا و محمد هەردووکیان لە ژیانیاندا خێزانیان پێکەوە ناوە و و منداڵیان بووە بەڵام عیسا ژنی نەهێنا.

٤ .موسا و محمد هەردووکیان لە ژیانیاندا داندەنرا بە ‌پەیامبەرییەتیاندا و خەڵکی بوونە شوێنکەوتەیان و سەرکەوتوو بوون لە گەیاندنی پەیامەکەیاندا.
بەڵام عیسا بێزراو و نەویستراو بوو لەلای گەلەکەی.

٥. موسا و محمد هەردووکیان هەم پەیامبەر بوون هەم ڕۆڵی سەرکردایەتیشیان بینیوە لە ژیانیاندا و دەسەڵاتداریان کردووە، بەڵام عیسا ژێردەستە و بێدەسەڵات بوو.

٦. موسا و محمد هەردووکیان خوای گەورە بەهۆی ئەمانەوە شەریعەت و یاسا و پەڕاوی نوێی ناردووە، بەڵام عیسا هیچ شتێکی نوێی نەهێناوە و فەرمانی کردووە لە شەریعەتی موسا لانەدەن.
(مەتتا: ٥ : ۱۷ - ۲۰، مەتتا: ۷ :۱۲ وهتد....).

۷. هەریەکە لە محمد و موسا بەشێوەیەکی ئاسایی و سروشتی وەک هەموو مرۆڤێک کۆچی دواییان کرد، بەڵام بەپێی باوەڕی مەسیحییەکان عیسا بەخراپترین شێوە لەسەر خاچ وەک تاوانبارەکان کوشتییان.

۸. موسا و محمد هەردووکیان لەسەر زەوی و لەناو گۆڕدان و گۆڕیان دیارە، بەڵام بەپێی باوەڕی مەسیحییەکان عیسا لەلای دەستە ڕاستی خواوە دانیشتووە.

کەواتە بە پێی ئەم لێکچوونانە بێت موسا و محمد بەوپەڕی دڵنیایەوە لەیەکدەچن و لە عیسا جیاوازن (علیهم الصلاة والسلام).

***

{لەنێو براکانیان پێغەمبەرێکی وەک تۆیان بۆ دەنێرم}:

تا ئێستا ئەوەی باسکراوە تەنها ڕوونکردنەوە بووە لەسەر ئەو دەستەواژەیەی کە دەڵێت: {وەکو تۆیە واتە وەکو موسا}.
بەڵام ئەم پێشبینییە واتای زۆرتر و فراوانتر دەبەخشێت:

کاتێک جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەڵێت:
{لە نێو براکانیان}، بە دڵنیاییەوە مەبەستی لەو دەستەواژەیە عەرەبەکانە!

لە نێو پەیمانی کۆندا (تەورات و کوتوبیم و نەبییم) ئیبراهیم (علیه الصلاة والسلام) وەکو خۆشەویستی خوا نێوی براوە، ئیبراهیم دوو هاوسەری هەبووە کە بریتی بوون لە (سارە و هاجەرە)،
لە هاجەرە کوڕی نۆبەرەی بوو بەناوی ئیسماعیل.
تا تەمەنی سێزدە ساڵیشی (ئیسماعیل) تاقانەی ئیبراهیم بوو، پاشان خوای گەورە ئیسحاقی لە سارە پێبەخشی کە لە ئیسماعیل بچوکترە.
وە گشتیشمان دەزانین عەرەبی موستەعرەبە وەچەی ئیسماعیلن و یەهودی و عیبرانی و بەنی ئیسرائیلییەکانیش نەوەی ئیسحاقن، کەلە بنچینەدا باپیرییان(ئیسحاق و ئیسماعیل) برای یەکدین و بەهەمانشێوە کوڕانی هەریەکەیان دەبنە برازای ئەوی دیکەیان:
کوڕانی ئیسحاق یەهودین.
کوڕانی ئیسماعیل عەرەبن.

جا بەپێی ئەوەش هەریەکەیان برازای ئەوەی دیکەن، پەرتوکی پیرۆزیش جەختی لەسەر ئەو ڕاستییە کردۆتەوە:

سفری پێکاتن: بەشی ۱٦: بڕگەی ۱۲ دەڵێت:

ئیسماعیل بەرامبەر هەموو براکانی جێگیر دەبێت.

یاخود هەر پێکاتن دووبارە : بەشی ۲٥ : بڕگەی ۱۷ - ۱۸ دەڵێت:

۱۷.ئه‌مه‌ش ته‌مه‌نی ئیسماعیل بوو، سه‌د و سی و حه‌وت ساڵ بوو. ئینجا دواهه‌ناسه‌ی دا و مرد، ئیتر چووه‌وه‌ پاڵ گه‌له‌كه‌ی خۆی.
۱۸.نه‌وه‌كه‌ی له‌ حه‌ڤیلاوه‌ هه‌تا شوور نیشته‌جێ بوون، سنووره‌كه‌یان له‌ نزیك سنووری میسر بوو له‌سه‌ر ڕێگای ئه‌شوور، به‌رامبه‌ر هه‌موو براكانیان دوژمنایه‌تییان ده‌كرد.

کەواتە نەوەکانیشیان هەر بە برای یەکدی هەژمارکراون و کوڕانی ئیسحاق برای کوڕانی ئیسماعیلن (علیهم الصلاة والسلام)، بەهەمان شێوە محمد (صلی الله علیه وسلم) لەنێو براکانی نەوەی ئیسرائیلە لەبەر ئەوەی وەچەی ئیسماعیلە.

کەواتە تا ئێرە گەیشتووینەتە دوو خاڵی هاوبەش :
۱. وەکو موسا وایە کە ڕوونمان کردوە خاڵە هاوبەشەکان لەگەڵ محمددایە.
۲. لە برایانی کوڕانی ئیسڕائیلە نەک لە خۆیان بێت کە تاکە پەیامبەر لەنێو نەوەکانی ئیسماعیل دەرچووبێت محمدە (صلی الله علیه وسلم).

***

{گوتەکان دەخەمە سەر زاری} :

پاشان دەڵێت:
(قسەکانم دەخەمە سەر زاری و هەموو ئەو قسانە دەکات کە پێی ڕادەسپێرم).

مەبەست لەوەی گوتەکانم دەخەمە سەر زاری، واتە:
شتێک کە پێشتر نەگوتراوە و نەبیستراوە خراونەتە سەر زاری ڕاسپێردراوەکە و پێی گوتراوەتەوە.

بەهەمان ئەو شێوازەی کە قورئان دابەزیوە، جیبریل گوتەکانی خوای بە سروش خستە سەر زاری محمد (صلی الله علیە وسلم)، جیبریل دەیهێنایە سەر زاری تاوەکو ببێت بە یەکێک لە پەیامبەران، هەمان ئەو مەبەستەی تەوراتە کە دەڵێت:

گوتەکانم دەخەم سەر زاری و هەموو ئەو قسانە دەکات کە پێی ڕادەسپێرم.

سزای سەرپێچیکردنی:

تا ئێستا گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم پێشبینییە محمدە (صلی الله علیه وسلم) و ئاماژە بەو دەکات.

پرسیارەکە لێرەدایە:
گەر شوێنی نەکەون و گوێڕایەڵی نەبن سەرەنجامییان بەچی دەگات؟

بڕگەی پاش ئەوە واتە بڕگەی (۱۹) وەڵاممان دەداتەوە و دەڵێت:

۱۹. جا وا ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی گوێ له‌ وشه‌كانم نه‌گرێت كه‌ ئه‌و به‌ ناوی منه‌وه‌ پێی ده‌دوێت، من لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م.

ئەو کەسانە بە مەسیحی و یەهودییەوە لەلایەن خوای گەورە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە و سزا دەبنەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانی خوای گەورەیان نەکردووە و شوێن محمدی پێشبینیکراو (صلی الله علیه وسلم) نەکەوتوون کە خوای گەورە فەرمانی پێداون شوێنی بکەون و گوێڕایەڵی بن و لێی لا نەدەن کە بە ناوی ئەوەوە واتە خوداوە دەدوێت (وەکو چۆن لە دەستپێکی گشت سورەتێك و گشت کردارەکانیدا بەناوی خوا و بسم الله دەستی پێکردووە).
به‌روار: 11/10/2019
بینین: 1548