 مەملەکەتی شەیتان کتێبی سێیەم زنجیرەی ٧٠
ماکوان کەریم
چوون بەرەو بیلدەربێرگ و دۆزینەوەی ڕافی
لە ڕێگادا توشی ئەعور بووم باسی ئەوەی بۆ کردم کە هاتووە بۆ لام ساڵی نوێ واتا ٢٠١٨ بانگێشتکراوم بۆ کۆنگرەی (بیلدەر بێرگ گروپ) (bilder berg Group).
ماکوان: ئەمە چییە؟
ئەعور: بەڕاست نازانی چیە؟
ماکوان: ئەگەر بمزانیایە پرسیارم لێنە دەکردی.
ئەعور: ئەمە ئەو گوروپیە کە ویرسان دەیەوێ تۆی تێدا دروست بکات، کە تەنها بۆ پیاوە گەورەکانی خاوەن دەسەڵات و سیاسەت و ئابوری و نفوزە.
ماکوان: "بە قاقای پێکەنینەوە" دەی من بۆ بچم بۆ ئەو جێگایە نە دەسەڵاتم هەیەو نە سیاسەت دەکەم و نە کەسێکی زۆر دەوڵەمەندو سەرمایەدارم ، نە خاوەن نفوزیشم . بڕۆ عەرەبانەکەت ڕاکێشەو و بە ویرسانیش بڵێ فێڵەکەی زۆر سادەیە.
ئەعور: ماکوان گەورەترین بەخت ڕووی تیکردوویت، نازانم بۆ وا دەکەیت و کێشەکەش لەوەدایە هەتا تۆ سەرکێشی بکەیت ئەوان سەرکێش تر دەبن، جا بۆ وا دەکەیت خۆشت و ئێمەش ماندوو مەکە!
ماکوان: خۆ تۆ بە عەرەبیەکی عێراقی قسەت دەکرد ئەم کوردیە جوانە لەکوێیەوە فێر بوویت (خەریك بوو وەڵام بداتەوە) نەمهێشت، پەلە مەکە وەڵام مەدەرەوە قسەکانم تەوا نەکردوە، نە تۆ نە باوکی تۆ نە ئیبلیسی باوکە گەورەتان نە ویرسانە تڕە ناتوانێت هیچ بەرانبەر بە من بکات، من کە تەرەفی خوابم چۆن دێمە لای ئێوە کە تەرەفی شەیتانن!
ئەعور: چەند زمانێك دەزانم، بەڵام هیوام وایە بتوانیت لەو گروپە کار بکەیت لە هۆڵەندا چاوەڕێت دەکەین لە هوتێلێك مانگی ٥ ساڵی نوێ . خۆشم پێشوازیت لێدەکەم وە ئەوەی تۆ حەزی لێبکەیت و بەخەیاڵتا نەیەت بۆت دەکرێت بەهاتنت بۆ ناو ئەو گروپە.
ماکوان: نایەم و نامەوێت و ئەتوانیت بڕۆی ملت بشکێنی، دەنا دانەبەزیت ئێستا خۆم و سەیارەو تۆش ئەدەم بە شتێکدا تا هەردوو چاوت بێتە دەرەوە، لای خۆمەوە هەموو دەرگاو پەنجەرەم قوفوڵ کردبوو نە دەیتوانی جامی سەیارەکە بکاتەوە بڕوات نە دەتوانی دەرگاش بکاتەوە. بە بیرمدا هات چەقۆیەكم لا بوو لەی دەرگای سەیارەکەم دام نابوو ئۆتۆماتیك دەکراوە چەقۆکە بیرم لەوە کردەوە دەستی بدەمێ و دەری بهێنم و ڕێك بیکەم بە سەر دڵیدا. کە بیری چەقۆکەم کەوتەوە "بە پێکەنینەوە"، هوتێلەکە خۆشە ئەگەر ڕازی بم ئەعور؟
ئەعور: هوتێلەکە لە نزیك شارێکە لە ئاڕنیم و هەر ناوی بیلدەربێرگە، فاخرترین و باشترین هوتێلی دونیایە!
هەر دەنگی چەقۆکە هاتە دەرەوە لە دەستی چەپم دامە دەستی ڕاستم و بەدەستی چەپم سوکانەکەم گرت، وویستم بە قایم بیەم لەسەر دڵی. دەستم بۆ داهێنایەوە کوشنەکەی کون کردو ئەعور نەما لەسەر جادەی سەریع بووم خوای گەورە ڕەحمی پێکردم دەنا خەریك بوو لەو مەسافەیەدا خۆم بدەم بەسەیارەی تردا، نەما لە بەر چاوم بەڵام چەند دەقەیەك تەماشام کرد لە کوشنەکەی دواوە دانیشتوە و پێدەکەنیت پێم. زۆر پەس بووم ترسام پەلامارم بدات ناچار سەیارەم هێواش کردەوە و لامدا بۆ ئەوەی بە توڕەیەوە سەیارە لینەخوڕم کە لامدا دەرگام کردەوە وەك گیزەی مێش ئاگام لێبوو دەرچوو.
تەلەفونم کرد بۆ کوڕێکی هاوڕێم لە هۆڵەندا کەماوەی ٣٠ ساڵ بوو لەو وڵاتە دەژیاو پیشەی پزیشکی بوو، ووتم هەواڵی هوتێلێکم بۆ بپرسە لە نزیك ئارنێم بزانە شتی واهەیە، ئەگەر هەبوو بزانە شەوی بەچەندە لەوانەیە دوو شەو بچمە ئەو هوتێلە.
بەردەوام بووم لە لێخوڕین بەرەوە مالمۆ کە یەکێکە لە شارە گەورەکانی سوید لەوێوە سواری کەشتی ببم ڕاستەخۆ بۆ کیل کە شارێکی ئەڵمانیە.
هاوڕێکەم تەلەفونی بۆ کردمەوە داوام لێکرد دای بخات وە نزیکە ١٠ خولەکی تر لە ناو کەشتیکەوە قسە دەکەین لەسەرەدا وەستاوم بۆ ناو کەشتی. دوای ئەوە تەلەفونم بۆ کردەوە ماوەی ٩ کاتژمێری پێدەچوو تا دەگەیشتە کیل لە ئەڵمانیاو چوومە ژووری خۆم لە ناو کەشتیەکەدا و بە هێمنی و ئارامی دەستم کرد بە قسە کردن لەگەڵ فریادی هاوڕێم و ئەویش بۆی باسکردم.
فریاد: کاکە بەڵێ ڕاستە هوتێلێك هەیە لە نزیك ئاڕنێم ناوی بیلدەربێرگە شەوێك مانەوە تێیدا بای ١٠٠٠ ئێورۆیە ، مەرجی مانەوە دەڵێت دەبێت خاوەنی پێگەی سیاسی بێت یان بزنس مانبێت، یاخود کەسێکی ناسراوی دیپلۆماتیك بیت، هەرزانترین ژوریش بەو پارەیەیە بگرە ژوری تێدایە بۆیەك شەو دەچێتە ٦٠٠٠ ئێورۆ!
ماکوان: بەجدیتە یان ڕادەبوێری، شتی وا چۆن دەبێت؟
فریاد: نا بەڕاستمە، جا تۆ بۆ نایت بۆ لای من بۆ دەچیتە هوتێل؟
ماکوان: من دەچمە ئەڵمانیا، کەسێك وویستی لەوێ بیبینم بۆیە هەواڵم پرسی.
فریاد: ئێ کاکە تۆ خۆت دەزانی هەموو هۆڵەندا بە ٥ سەعات دەگەڕێیت وەرە لای من بۆ داناخ بەیەکەوە دەڕۆین دوای.
ماکوان: بزانم چۆن دەبێت.
فریاد: بۆ زانیاریت ئەو جێگایە شوێنێکی وا ئاسان نیە، لەسەریم خوێندەوە زیاد لە ١٠٠٠ پۆلیس پاسەوانی دەکات.
ماکوان: شتی وا چۆن دەبێت، ئەی مەگەر هوتێل نیە؟
فریاد: ماوەی ٣٠ ساڵە لەم وڵاتەدام یەکەم جارە ناوی ببیستم و کە چوومە ناو پێگەی هوتیلەکە زۆر ترسناك هاتە بەرچاوم، ماکوان تکایە سەرکێشی مەکە ئەمە جاران نیە خۆت کەیت بە هەموو جێگایەکداو نەترسی ئەو شوێنە جێگایەکی ئاسای نیە دڵیشم لەخۆوە بە تۆ باش ناڵێت هەرچیت پێویستە هاوکاریت دەکەم واز لەوجێگایە بێنە، باشە؟
ماکوان: باشە بەس پێم بڵێ ئەو جێگایە چیە یا ن زیاتری لەسەر بخوێنەرەوە بابزانین چیە، چونکە با منیش هەڵ نەخڵەتێنن کەسابەو کارێکی ئاساییە، لەوانەی پارەکەم بخۆن! بۆیە ئەو ئەو درۆ سپیەم کرد هۆکارەکەی ئەوە بوو. فریاد منی زۆر خۆشدەویست و پێشتر لەسلێمانی منداڵی یەك گەڕەك بووین و لە قوتابخانەی ناوەندیش بەیەکەوەبووین، لەگەڵ فریاد قسەکانمان تەواو کرد، لە دوای پشویەکی باش حەمامم کردو خۆم گۆڕی بۆ ئەوەی بچم بۆ ناو بازاڕی کەشتیەکە و لەناو دوکان و چێشتخانەو جێگاکانی پیاسەیەك بکەم و نانێك بخۆم تا هەندێك ماندوو دەبم و بە ئارامی دەخەوم تا بەیانی کاتژمێر ١٠ دەگاتە کیل.
لە ناو بازاڕی کەشتیەکەدا دەگەڕام کچێکم بینی زۆر جوان بوو ، لەیەکێك لەو کچانە دەچوو کە کاتی خۆی لە شاری سلێمانی دڵمان بەیەکەوە بوو، بەڵام هاتبوو بۆ ئەوروپا و لەوێوە من وا ئاگادار کراوبوومەوە کە ژیانی لەدەست داوە.
بەدوای کەوتم بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، هەر دەموویست پێشی بکەوم بۆ ئەوەی بزانم ئەو کچەیە کە یەکمان دەناسی.
چونکە باوکی پێشمەرگە بووە لەگەڵ باوکمدا کاتی خۆی وویستم خۆم بکوژم ، باوکی نەیهێشت و لەدوای ئەوەی کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا هیچ هەواڵێکم لێی نەبوو، لە ساڵی ١٩٩٦ نەم بینیوە ئەوا ئێستا ساڵی ٢٠١٧یە واتا ٢١ ساڵە ئەو خۆسەویستەمم نەدیوە، تاکە شتێکیش کە لە نێوانماندا مابێت تەنها شیعرێکە بەناوی سروەیە ئەو کچەش ناوی پەروانە بوو.
ئیتر من خەیاڵم لێ هەڵگیرا و ئاگام لەخۆم نەما، شوێنی ئەو کەوتم لە یەکێك لە دوکانە تاکست فریەکان (Tax free) لە بەرچاوم وون بوو، بەڵام من ئۆقەرم لێهەڵگیرا بوو و زۆرم برسی بوو لە تاواندا برسێتیم لەبیر چوەوە و بەناو خەڵکەکەدا وەکو شێت دەگەڕام لەبەر چاوم نەما. یادی جاران و کۆنە هەواری جارانم هاتەوە بیر، بەڵام ئومێدم نەما لەدوای گەڕانێکی زۆر بەرەو ڕێستورانتێك چووم داوای (ڤێجیتار پەنینیم ) کرد چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد بۆم دروست بکەن، لەو ساتەدا هەمان کچ بە بەردەمدا رەد بوو!
هاوارم کرد پەروانە، پەروانە خۆتی؟
ئاواڕی دایەوە و ووتی بەڵێ من پەروانەم!
دەست بەجێ لەخۆشیدا چووم بۆ لای و ووتم نامناسیتەوە؟ من ماکوانم!
پەروانە: ببورە، من تۆ ناناسم!
ماکوان: پەروانە! من ماکوانم باوکت کاك ڕێبوارە ، بەرەحمەت بێت کە لەشەڕی ناوخۆ کوژرا؟ نەنکت ناوی ئافتاوە ؟ من ئەو کوڕەم کە هەمووجاریك جلو بەرگت بۆ دەناردمەوە لە ئەڵمانیاوە.
ئەوەندە بەدەنگی بەرز و موشتاقیەوە قسەم دەکرد هەرچی لە ڕێستوارنتەداکەدا بوو تەماشایان دەکردین.
پەروانە: کاکە ببورە من ناتناسم تۆ هەڵەیت، بەڵام تۆ چۆن من دەناسیت؟
ماکوان: وەرە دانیشە با بۆت باس بکەم، من کوڕی شەهید عەبدول کەریم پێنجوێنیم.
پەروانە: تۆ خەسرەوی؟
ماکوان: بەڵێ، بەڵێ، من خەسرەوم
پەروانە: ئەی بۆ دەڵێت ماکوانم ؟
ماکوان: ببورە لە خۆشی تۆ ناوەکەی خۆمم بیر چووە، ڕاستە من خەسرەوم
پەروانە: کە خۆشحاڵم تۆم بینیەوە، خەسرەو ئێستا زۆر لە جاران قۆزترو جوانتر بوویت.
ماکوان: تۆش لە هەمووکاتەکان جوانتری، ئەو کاتانەی من چاوەڕێم دەکردی بۆ هیچ هەواڵێکت بۆ نەدەناردم؟
پەروانە : لە دوای مردنی باوکم توشی نەخۆشی دەروونی بووم، دایکم هات بۆلام و ئیتر لەوکاتەوە چومەتەوە لای دایکم و ماوەی چەند ساڵێک لە ژێر چاودێری پزیشکی دەرونیدا بووم کە ووردە ووردە باش بووم ساڵی ٢٠٠٠ بوو ، هەواڵم ناردەوە بۆ سلێمانی بە کوڕێکی ناسراوماندا چوو بوو بۆ لای دایکت، کەچی ووتبووی کە هاتووە بۆ ئەوروپا ئێستا لەوێ ژیان دەکات. ژمارەی تۆی دابوو پێی بەڵام ژمارەکە هەڵەنوسرابوو کە بۆ منیان نارد دووجار تەلەفونم بۆ کردی هەڵەبوو.
ماکوان: پەروانە زۆر خۆشحاڵ بووم بە دۆزینەوەت، ئەی چی دەکەیت لێرە؟
پەروانە: ئەفسەری دەریایی و کاری من چاودێری کاری (GPS) مانگی دەستکردە دەریایەکانە. ئەمڕۆ کارەکەم تەواو بوو تا ١٥ ڕۆژی تر پشوم هەیە ، واتا دوو هەفتە کار دەکەین و دووهەفتەش پشوو.
ماکوان: کە خۆشحاڵم واتا ئیشت نەما، دەچیتەوە بۆ ماڵەوە؟
پەروانە: "بە پێکەنینەوە" بۆ خۆشحاڵ بوویت!
تۆزیك تەریق بوومەوە و ڕەنگم سور هەڵگەڕا.
پەروانە: ئەزانی نەگۆڕاویت وەکو هەڵسوکەوت هەر خەسرەوەکەی جارانی؟
ماکوان: "بە پێکەنینەوە" ناوم گۆڕیوە مانای وانیە خۆم گۆڕابێتم.
ئەوە شەوە حەزم نەدەکرد بڕوات خواردنیان بۆ هێنام ووتم: بخۆ لەگەڵم یان بۆت داوا بکەم.
پەروانە: نا لەوەی تۆ دەخۆم بە زەردەخەنەوە تەماشای دەکردم.
ماکوان: منیش هەموو گیانم پێدەکەنی وام دەزانی ساڵی ١٩٩٥، لەخوای گەورەم دەویست کات نەڕوات.
پەروانە: لە کام ژووریت ؟
ماکوان: قاتی دوو ژووری ٢٠٨
پەروانە: من لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی کچم بەیەکەوەین، دەچم ئیزن لەوان دەخوازم دێمەوە بەیەکەوە دەبین!
ماکوان: خۆشحاڵ دەبم! ئەو ڕۆشت، منیش هەستێکی زۆر عەجیبم بۆ دروستت بوو بوو وا هەستم دەکرد لە فلیمی تایتانیکدام ئەوندە خۆشحاڵ بووم نەمدەزانی چی بکەم.
ماوەیەکی پێچوو پەروانە گەڕایەوە بۆ لام.
پەروانە: "بە پێکەنینەوە" بڕۆین بۆ کوێ؟
ماکوان: بچینە دەرەوە تەماشای دەریا بکەین؟
پەروانە: سەرمات نابێت؟
ماکوان: "بە پێکەنینەوە" نا، خۆرەتاوە هەست دەکەم دنیا زۆر گەرمو جوانە و هەموو چواردەورم پەروانەیە!
پەروانە: کەواتە با بڕۆین.
ماکوان: وەکو فیلمی تایتانیك بێ ئەوەی من هیچ هەست بە خۆم بکەم دەستم خستە ناودەستی و بەیەکەوە بەناو بازاڕی کەشتیەکەدا دەرچووین، بەدەم قسەکردنی جاران و سلێمانی و ئەوکاتانەی کە بەیەکەوە دەچووین بۆ بازاڕی خەفاف و ئۆرزی و... هتد
پەروانە: هەست دەکەم زۆر خۆشحاڵی؟
ماکوان: ئەی تۆ خۆشحاڵ نیت؟
پەروانە: زۆر هێندەی ئەم دەریاییە.
ماکوان: کەمە! هێندەی ئاسمان خۆشحاڵم من، ماوەیەك بێدەنگی ڕووی تێکردین نەمدەویست بێدەنگ بم لەگەڵیدا بۆیە پرسیم هیچ شارەزایت هەیە لە گروپی بیلدەربێرگ؟
پەروانە: بەڵێ، واتا حوکومەتی جیهان!
ماکوان: چی؟
پەروانە: ئەی بۆ، واتا حوکومەتی جیهان وە ئەو کۆمەڵە کەسەی کە حوکم ودەسەڵاتی هەموو جیهانیان بەدەستە.
ماکوان: من وامزانی هوتێلێکە و هیچی تر.
پەروانە: تەواوە هوتیلیش هەیە بەوناوە لە هۆڵەندا، یەکەم کۆبونەوەیان لەساڵی ١٩٥٤ زاینی بەستیان لەو هوتێلە لەهۆڵەندا بەناوی ئەو هوتێلەوە ناونراوە!
ماکوان: ئیشیان چیە ئەم گروپە؟
پەروانە: لێرەش واز لە سیاسەت ناهێنی خەسرەو؟
ماکوان: ئەزانی کەدەڵێت خەسرەو هەموو گیانم لەخۆشیدا پێدەکەنێت؟ دەمێکەیە گوێم لەو ناوەم نەبووە، بەڵام دەمویست زانیاری لەسەر ئەم گروپە بزانم. بەدەم قسە کردنەوە بەناو هەموو کەشتیەکەدا دەگەڕاین و دەستمان لە ناو دەستی یەکتردا بوو وامدەزانی لە شەقامی تووی مەلیکی سلێمانیم هیچ ئاگام لە ژیان و کەسایەتی خۆم نەمابوو.
پەروانە: ئەم گروپە زۆربەی بازاڕی جیهانیان بەدەستە لە هەموو کۆمپانیا زەبەلاحەکان تا ساڵەکانی ١٩٧٠ تەنها ئەمریکی و ئەوروپی لەناو ئەم گروپەدا هەبوون، تا ساڵی ١٩٩٩ گروپەکە فراوان بوو لە ئاسیا و ئوسترالیا و ئەفریقا خەڵکی تر هاتنە ناوە وە، بەڵام جێگای گرنگیان نیە، ئەوانەی ئەم گروپە بەڕێگاوە دەبەن دەبێت ئەوروپی و ئەمریکی بن!
ماکوان: ئیشیان چییە؟
پەروانە: هەموو جیهان بەڕێوە دەبەن!
ماکوان: ئەی ستراتیژیان چیە؟
پەروانە: هیچ کەس نازانێت زۆر نهێنیە و تەنانەت هیچ ڕۆژنامەنوسێك بۆی نیە نزیکیان بێتەوەو لە کاتی کۆبونەوەی ساڵانەیان بە هەزارەها پۆلیس پەسەوانیان دەکات و بە چەند مانگ پێش وەخت لەهەرجێگایەكدا کۆببنەوە ئەو جێگایە بەهەموو شێوەیەك دەبێتە شوێنێکی سەربازی و وەکو ناوچەی ٥١ی ئەمریکی.
ماکوان : ناوچەی ٥١ ئەمریکی چیە؟
پەروانە: (AREA 51) چۆن نازانیت؟ ئەوە جێگایەیەکی قەدەغەیە هیچ کەس ناتوانێت بچێتە ئەوێ، چونکە شوێنێکی سەربازی نهێنیە.
ماکوان: بەڵێ، بەڵی، بیرم کەوتەوە دەزانم باسی چی دەکەیت بە حساب دەڵێن ئەوە جێگای ئەو مەخلوقانەیە هاتونەتە سەر زەوی ئەمریکا شەڕی لەگەڵ کردوون.
پەروانە: ڕاستە، بەڵام پێم وابێت ئەوە درۆیە تەنها کاری سەربازی ئەمریکی تێدا دەکرێت. ئەم گروپە تەنانەت ئەوەشی لە ناویدایە ئەگەر نهینیەك ئاشکرا بکات ئەوا بچوکترین سزا ئەوەیە کەسەکە بەشداری ناکاتەوە، تا دەگاتە ئەوەی هەموو سەروەتەکەی لێدەسێننەوە و دەیکوژن.
لەم قسانەدا بووم لەگەڵ پەروانەدا تەلەفونێکم بۆ هات لە کەشتیەکەدا هەرچەندە شەبەکەم زۆر لاواز بوو زانیم سامانە لە ئەڵمانیاوە، بۆیە دوامکرد کە بەنامە ئاگادارم بکاتەوە. بۆی نوسیم کە ڕافی دۆزراوتەوە، زۆر دڵخۆش بووم چونکە مادام ڕافی دۆزرابێتەوە واتا ئاڵتونەکانیش سەلامەتە.
پەروانە: بچینە دیسکۆکە ئێستا کراوتەوە؟
ماکوان: باشە بابڕۆین!
بەدەم ڕێگاوە بەرەو دیسکۆی ناو کەشتیەکە بەبێ ئەوەی ئاگام لە خۆم بێت بە هەموو شتیك ڕازی کرابووم، دەستم لەناو دەستی ئافرەتێکی نامەحەرەم بوو، بەرەو دیسکۆی ناو کەشتیەکە دەڕۆشتین، وەکو هەورە بروسکەیەك بەگیانمدا هات و شتیك چپاندی بەگوێمدا ووتیان: تۆخەسرەو نیت ماکوانی، تۆ خواناسی دەست دەربهێنە لەدەستی ئەو ئافرەتە بۆ کوێ دەچیتە ژوورەوە، ئەوە جێگای تۆ نیە!
بەپەلە دەستم لەدەستی پەروانە کردەوە، وەکو چۆن بەترسەوە تەماشای کەسێك بکەیت بەوشێوەیە تەماشای پەروانەم دەکرد هیچ ئاگام لە خۆم نەمابوو!
پەروانە: بۆ وا تێكچوویت، خۆ هیچ نەبووە؟!
ماکوان: من نایەمە دیسکۆ!
پەروانە: بۆ؟
ماکوان: من نایەمە ئەو شوێنانە پەروانە.
پەروانە: باشە بڕۆ دەچین بۆ ژورەکەی خۆت.
ماکوان: هەردوکمان بچین بۆ ژوورەکەی من؟!
پەروانە: خۆت دەزانی! بچینە دیسکۆ یان ژورەکەی خۆت کوێت پێخۆشە بۆ ئەو جێگایە دەچین، بڕیار بدە دەستی منی خستەوە ناو دەستی.
ماکوان: نەهەناسەم بۆ ئەدرا نەقسەم بۆ دەکرا وە نەشم دەزانی چی بکەم. ئەمە بڕیارێکە چارەنوسی من دیاری دەکات بە هەردوو جەمسەرەکەیەوە.
بۆیە چاوەڕێمان بکەن بۆ بەشی داهاتوو.
بهروار: 01/12/2019
بینین: 1964
|