توێژینه‌وه‌
  زنجیرەی ئایین و بیروباوەرەکان
هامنۆ هەورامی

بەشی چواردەهەم /
دوازدەهەم/ فەیلەسوفێك یاخود پەیامبەرێك:


زەردەشتیەت لە بنەڕتدا باوەڕێکی پەروەردەیی و ڕەوشتی بووە، زۆرێك لەو شەریعەتەی کە دراوەتە پاڵی لە بنەڕەتدا یاخود لە ئایینەکانی دیکەی وەرگرتووە، یاخود دەگەڕێتەوە بۆ پیاوە ئایینی و ڕۆحانییەکانیان کە کردویانەتە ماڵ بەسەر ئەم باوەڕەوە.
هەر بەم هۆیەش بووە کە زەردەشت زۆرجار وەک فەیلەسوفێك باسبکرێت، پەیامەکەشی وەک فەلسەفەیەك نیشان بدرێت.
بەدەر لەمەش ئەوە دەربڕدراوە کە دەشێت ئەم کەسەیەتییە پەیامبەرێکی خوایی بێت، بەڵام پەیامبەریەتییەکەی (النبي)-ییە نەک پەیامبەریەتییەکی (الرسول)-انە، بە واتایەکی دیکە وەک چۆن عیسای پەیامبەر سڵاوی خوای لێبێت ئینجیلی پێ بەخشراوە کە ئینجیل لە بنەڕتدا پەیامەکی شەریعەتی نییە، بەڵکو پەیامێکی پەروەردەیی و ڕۆحانی بووە، وە پەیامبەرانی دیکەی یەهودیش زۆرینەیان نەبی بوون و بە هەمان جۆری عیسا لەسەر پەیامی موسا ڕۆییشتوون، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا گەر زەردەشت نەبی بێت ئایا نەبی چ پەیامێك بووە؟
بێگوومان وەڵامەکە لێمانەوە نزیکە و پێدەچێت زۆر ئاسانیش بێت، با بزانین چۆن!

مانۆستا عەبدوللا قەرەداغی لە پەرتوکی کورد لە سەرچاوە مێژووییەکاندا دەڵێت:
زەردەشت بەناوی پێغەمبەری ڕاستکەرەوەی بڕیار و یاساکانی ویدائی پەیدابوو، ئەوەبوو لەسەر مەزهەبی کۆنی ئاری
ئایینی دروستکرد و پاشان بەناوی ئەو ئایینەوە زەردەشت مەزد یەسنای خوێندپتەوە و ناسراوە.
ئێمە لێرەدا دەتوانین دوو سوود لەم وتەیە وەربگرین:
۱. ئەم گوتەیە پاڵپشتە بۆ ئەوەی زەردەشت لە نزیکی هندستان لەدایک بووا وەکو لە بەشەکانی پێشوودا دەرمان بڕی بەڵگە و ڕاوبۆچوونەکان زۆرینەی لەسەر ئەوەن کە زەردەشت لە رخج (ئاراچۆسیا) لەدایک بووە کە ئەو ناوچەیە لەو سەردەمەدا بەیەک گەیەنەری سند و پەنجابی هندستان بوون بە ناوچەکانی دیکەی ئێران، کەبەەشێکی زۆری نێو ئاڤێستا نزیکن لە نێوی بەشە پیرۆزەکانی پەرتوکەکانی هندۆسی، وەکو:
خودی ناوی ئاڤێستا نزیکە لە ناوی (ڤێد و یاجۆر ڤەێد و ئەسراڤا ڤێد)-ەوە، هەروەها ناوی ڤەنڤیداد نزیکە لە ناوی (ڕێگ ڤێد)-ەوە، یەسنا و یەشتەکان نزیکن لە ناوی (یاجۆر ڤێد)-ەوە.
۲. ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کە زمانەکانی ئاڤیستاکی و سانسکریتی کە زمانی پیرۆزی ڤێداکانە نزیکن لەیەکەوە، هەروەها ارتور کریستەنسنیش ئەو بروایەی هەیە کە زەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی ئێران گاتاکانی داڕشتووە و زمانی گاتاکانیش زمانی ڕپژهەڵاتی ئێرانە.

زمانناس و مێژوونووسی دیاری کورد مامۆستا (محمد ئەمین هەورامانی) لەم بارەیەوە گوتویەتی:
بەپێی ئەو بەراوردەی کە لە سەدەکانی حەڤدەیەمەوە تا ئەمڕۆ زمانناسان کردویانە و باوەڕیان پێی هەیە زمانی ئاڤێستا بە واتا فراوانەکەی، شانبەشانی زمانی سانسکریتی یەکێکە لە زمانە هەرە کۆن و دێرینەکانی (ئاریایی و ئێرانیی).
بە دووەم زمانی کۆنی (هیندۆ – ئێرانی) سەرژمێر دەکرێ، پتر لەمەش یەکێکە لەو زمانە دێرینانەی لە کۆنەوە تۆمارکراون.

کەواتە هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن ڤێداکان پەیامی شەریعەت بوون و زەردەشتیش بە هەمان جۆری رابەرە دێرینەکانی دیکەی هند نەبییەکی ئەم شەریعەتە بووە و بۆ رێنمایی ناوچەکەی نێردراوە بە هەمان شەریعەتی پێشوو بەڵام بە چەند وتە و ئامۆژگاریەکی نوێوە.

به‌روار: 07/11/2019
بینین: 498
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت